9 چەکداری دیکەی داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد
سەیفوڵڵا شەمسەددین، ملازمی یەکەم لە هێزی سێی بەتالیۆنی دووی سووپای بارزان راگەیاند : کاژێر شەشی بەرەبەیانی دووشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم نۆ چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی" ئەو چەکدارانە بە جلی مەدەنییەوە لە رووباردا پەڕیونەتەوە و توانیویانە خۆیان بگەیەننە سەنگەرەکانی پێشمەرگە".
بە گوتەی ئەو ئەفسەرەی هێزی پێشمەرگە، ئەو نۆ چەکدارەی داعش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دواتر دۆسییەکەیان رەوانەی دادگا و وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت.
رۆژی هەینی رابردوو لەکاتێکدا دوو چەکداری دیکەی داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ- مەخموور بە رووداوی راگەیاند "ئێستا زۆر کەس لەنێو چەکدارانی داعش باوەڕیان بەو گرووپە نەماوە"، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد " پێمان وایە ئەوان لەو سنوورە لاوازبوونە و ئومێدیان نەماوە بۆیە بەتایبەتی لەو مانگەدا جگە لەوان ژمارەیەکی زۆر کەس خۆیان رادەست کردووە".
رووداو
