دەستێوەردانی رووسیا لە ناوچەكە بۆ هاوسەنگیی هێز و مانەوەی رژێمی سووریایە

دەستێوەردانی رووسیا لە ناوچەكە بۆ هاوسەنگیی هێز و مانەوەی رژێمی سووریایە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دكتۆر محەمەد نورەدین شارەزا لە كاروباری توركیا گوتی: رووسیا دەوڵەتێكی ئاسایی نییە، بەڵكو دووەم دەوڵەتە دوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بۆیە دەتوانێ كە هەموو ئەگەرو بڕیارێكی تاكلایەنانەی ئەمریكا تایبەت بە چارەنووسی پرسی هەر میللەت، یان دەوڵەتێك بوەستێنێ لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت، رەنگە رووسیا نەتوانێ را و بڕیاری خۆی بە تەنیا و یەكلایەنە بسەپێنێ، بەڵام ئەو دەوڵەتە سەبارەت بە قەیرانی سووریا دوای كۆتایی شەڕی سارد و بەتایبەتیش دوای كێشەی ئۆكرانیاو قەڕم توانی لەو سنوورەی دەربچێت، جا لەبەر ئەوەی قەیرانی سووريا پێی ناوەتە پێنجەم ساڵەوەو بە شێوەیەكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زیاتر لە 100 دەوڵەت بەشداریی شەڕی تێدا دەكات، لەبەر ئەوە پێویستە دەستێوەردان و ئامادەبوونی رووسیا لەو پرسەدا زۆر بەهەستیاریی و وریایی بێت، نەبادا دووچاری شكست بێت، هەم لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی و هەمیش لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا، دەستێوەردان و هێرشی سەربازیی رووسیا لە سووريا رووی نەدەدا ئەگەر یەكەم شت بە ئارەزووی خۆی دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە سوورياو ئێران نەبوایە، دیارە ئەمەش لەپێناو راگرتن و راستكردنەوەی هاوسەنگیی هێزە لە ناوچەكەدا.



محەمەد نورەدین هەروەها گوتی: دابەشكردنی ناوچەكە، بۆچوون و رای رووسیا نەبووەو بەهیچ شێوەیەك پێی قایل نەبووە، بیرۆكەی دابەشكردنی ناوچەكە لە بنەڕەتدا لە ئەمریكاو ئیسڕائیلەوە سەری هەڵداوە، ئەمەش بە مەبەستی زیاتر دەست بەسەرداگرتنی ناوچەكە بە تایبەتیش ئەو شوێنانەی ستراتیژین و بیرە نەوتی زۆریان تێدایە، هاوكات بۆ پشیوی نانەوەو لاوازكردنی وڵاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیسانەوە بۆ پارێزگاریكردن لە بوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل و ئەو دەوڵەتە بچووكانەی كە رەنگە لە داهاتوودا لە سوورياو عێراق و تەنانەت لە یەمەنیش دابمەزرێن، ئەمەش لەسەر بنەمای ئایین یان ئایینزایی یان ئیتنی بێت كە راستەوخۆ خزمەتی پاساوی شەرعیدان بكات بە دەوڵەتی ئیسڕائیل، بۆیە دەستێوەردانی رووسیا بۆ ئەوەیە رێگە لەو دابەشبوونە بگرێت بەتایبەتیش كە مەسیحییەت لە ناوچەكە بەرەو لاوازیی دەچێت چ لەلایەن داعشەوە بێت یان هێزو لایەنی دیكەوە كە دەیانەوێ رژێمی سووريا بڕووخێنن.

شايانى باسه نورەدین هەروەها گوتی: ناكۆكییەكی جەوهەری هەیە لە نێوان توركیاو ئێران سەبارەت بە سووريا و عێراق و زۆر كێشەی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیا هەر لە سەرەتاوە نیگەران بوو لە دەستێوەردانی رووسیا لە سووريا، چونكە توركیا پێنج دروشمی بەرزكردبۆوە بەر لە هاتنی رووسیا و هیوای دەخواست لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنە سەربازییەكان لەو چەند مانگەی دواییدا، لەوانە رووخانی ئەدلب و حەلەب و لازقیەو ئەو شوێنانەی نزیكن لە بەشار ئەسەدەوە، واتا ئومێدی ئەوەی دەخواست كە رژێمی سووريا هەرەس بهێنێت، بەڵام ئێستا ئەو ئامانجەی بۆ نەهاتەدی، بۆیە ئەگەر بیەوێت ئەسەد بڕووخێنێ پێویستە یەكەم جار فلادیمێر پۆتین بڕووخێنێ! هەروەها دروستبوونی ناوچەی ئارام بەبێ بوونی رووسیا نیمچە ئەستەمە بێتە ئاراوە، هەروەها ناوچەی دژە فڕین تا ئێستا جێبەجێ نەكراوەو رووسیاش ئەو هەنگاوەی نەناوە، دواخاڵیش ئەوەیە كە توركیا گرەو دەكات لەسەر لێدانی توانا سەربازییەكانی كورد لە سووريا، لە میانی شەڕ دژی پەكەكە كە پاڵپشتی یەكینەكانی پاراستنی گەلە لە سووريا، بۆیە لەمەدا بۆمان دەردەكەوێت كە توركیا دژی دەستێوەردانی رووسیایە لە سووريا.


لە كۆتایی قسەكانیدا نورەدین هەروەها گوتی: ململانێ و دووبەرەكیی نێوان شیعەو سوننە لە ناوچەكەدا بوونیان هەیە، بەتایبەتیش لە عێراق و سوورياو یەمەن، تەنانەت لە لوبنانیش هەرچەندە رەوشەكە لەو وڵاتە هێشتا بەم شێوەیە نەتەقیوەتەوە، بەڵام بەو شێوەیە نییە كە لە یەمەن بلۆكێكی سوننە هەبێت بە تەواوی بەربەرەكانی شیعە بكات بۆ نموونە حوسییەكان، هەروەها لە میسر كە نزیكە لە سعودیە بە تەواوی ناتوانن ركابەریی هەژموون و دەسەڵاتی شیعە بكەن لە ئێران، توركیا و سعودیە كە پەیوەندییان باشە ئایا مانای وایە بلۆكێكی سوونی هەبێت بۆ ركابەریی ئێران؟ نەخێر. بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بكەین كە ریشەكێش كردنی پڕۆژەی توركیا لە میسر و رووخانی ئیخوان موسلمین لەلایەن سعودیەوە بوو، بۆیە جیاوازییەكی گەورە هەیە لە نێوان ( وەهابییەت)ی سعودی و حزبی داد و گەشەپێدانی توركی نەك بزووتنەوە ئیسلامییەكانی دیكەی توركیا، بەڵێ ململانێ هەیە لە نێوان شیعەو سووننە، هاوكات لەناو خودی بلۆكی سووننەشدا جیاوازی و ناكۆكی هەیە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1047)
Top