"یاسا دەبێ‌ لە ئێن‌‌ئاڕتی و کەی‌ئێن‌‌ئێن‌ بپێچێتەوە و، سزایان بدات"

دیارە ئۆفیسی كه‌ناڵی كه‌ی‌ئێن‌ئێن و‌ ئێن‌‌ئاڕتی له‌ هه‌ولێر نیازی گێره‌شێوێنییان هه‌بوو لە هەولێری پایتەختدا، هەر بۆیەیش هەردووانەکەیان داخران؛ جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌ڵێ، ئه‌و دوو كه‌ناڵه‌ پێویسته لێپێچینه‌وه‌یان لێ بكرێ و سزایش بدرێن.

(نازم ھەرکی) جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "گەر لایەنە ئەمنیەکان ھەستیان بەوە کرد دەزگا و میدیایەک کار بۆ تێکدانی ھەرێم ده‌كات‌، پێویستە دەستبەجێ ئەو کەناڵە دابخات و، خه‌ڵكیان لێ بپارێزن؛ بۆیە هەق وا بوو کەناڵی کەی‌ئێن‌‌ئێن‌ و ئێن‌ئاڕتیی زووتر لەوەیش داخرابان، چونکە ئەمانە خەڵکیان ھان داوە و بوونەتە ھۆی هەڵگیرساندنی گرژی و ئاڵۆزی، یەکێک لە ھۆکاری گرژیەکان سلێمانی‌ ئێن‌‌ئاڕتی و کەی‌ئێن‌‌ئێن‌ بوون، چونکە خەڵکیان ھان دەدا ھێرش بکەنە سەربارەگاکان و توندوتیژی بکەن."
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، جگە لە داخستنی ئەو دوو کەناڵە پێویستە لێیان بپێچنەوە و سزای توند بدرێن، چونکە ئەوان ھۆکاری ئەو توندوتیژیانە بوونە، کە خەڵکی بوونە قوربانی و دامەزراوەی گشتی و ئاڵاکان سووتێندران.
(نازم ھەرکی) گوتیشی، نەدەبوو وەزارەتی ڕۆشنبیر بێدەنگ بێت و، دەبا ھەڵوێستی ھەبووایە لە بەرانبەر ئەو کارانەی ئەو دوو کەناڵە و ڕێکاری یاسایی بگرێتە بەر، چونکە ناکرێت میدیا بەو جۆرە مامەڵە بکەن و، گرژی بنێنەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر دەزگا ئەمنیەکان ئەو کارەیان نەکردبایە، ھەوڵیان دەدا بە ھاندانی خەڵکی، هەولێریشی تێوە بگلێنن، بۆیە دەستی دەزگا ئەمنیەکان خۆش بێت، با ھیچ میدیایەکی دیکە ئەو کارە دووبارە نەکاتەوە.
(حاکم ئازاد حەمەدەمین) سەرجڤات (نەقیبی سەندیکا)ی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "با ھەموومان دان بەوەدا بنێین کە تەنگەژەی پیشه‌یبوون و پرۆفیشناڵی ھەیە بۆیە داوامان کردووە کە پێویستە میدیاکان پابەندی ئەوە بن نەبنە مایەی نانەوەی دووبەرەکی و توندوتیژی، بۆیە دەپرسین کوا میدیای ئەھلی؟ کەس ناتوانێ بە خۆی بڵێ میدیای ئەھلی، چونکە ئابووری دەیسەلمێنی کێ ئەھلییە."
(حاکم ئازاد حەمەدەمین) گوتیشی، میدیای ئەھلی نابێت ببێتە لایەنگر، چونکە ئەگەر بووە لایەنگر ئەوکات دەبێتە جێگەی پرسیار بۆ بووە بە لایەنگر؛ ئەگەر لایەنێک بە لایەنگری لایەنێکی دیکەیانی زانی، دیارە میدیاکە نەیتوانیوە بێلایەنییەکەی خۆی ببپارێزێت. جا میدیای ئەھلی و بێلایەن نابێت ئاراستە بکرێت و، دەبێ تەنها زانیاری وەک خۆی بگوازێتەوە."
سەرجڤاتی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گوتیشی، ئەوەی ھەیە ئێستا میدیایەکی ناپرۆفیشناڵە و، ئەزمەی پیشەییبوون ھەیە.
جەختیشی کردەوە، با ڕاشکاوانە بڵێم داھاتی میدیا ئەو دەزگایە دیاری دەکات کە کێ سەربەخۆیە و کێ بێلایەنە و، ھەموویشمان دەزانین پارەی میدیاکان لە کوێوە دێت و، ئەوانەی بانگەوازی سەربەخۆبوون دەکەن، ژمارەی زۆر ڕاست و دروستمان لایە لەبارەی ڕەوشی ئێستا دەزانین ھیچ ڕیکلامێک نەماوە و، سەرچاوەی دارایی دیارە، بۆیە یان حزبین یاخود نا.
(حاکم ئازاد حەمەدەمین) ڕوونیشی کردەوە، میدیای حزبی زۆر بێکێشەترن لە میدیاکانی دیکە، چونکە سەرچاوەی داھاتیان دیارە، بەڵام ئەوانەی بانگەشی بێلایەنی دەکەن زۆر کێشەن و، لەمەولا دەبێ قسەی زیاتریان لێ بکرێت.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماژەشیدا، ئازادی میدیا وبیلایەنی واقعی حاڵ دەیسەلمێنێت نەک بە دروشم.
(سالار عوسمان) بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرسی میدیا زۆر گرینگە بە تایبەت ئەوپرسەی پێی دەوترێت میدیا و یاسا؛ بە داخەوە لە کوردستان ئەو پرسە گرنگە، بەڵام باش ڕێک نەخراوە لە ئاستی یاسادانان و، حوکمڕانی وەکو وەزارەتی ناوخۆ وسەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش، بۆیە سنوورێک نییە بۆ کاری میدیا، ئەمەش بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری دەگەڕێتەوە کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، ئەویش ئازادی ڕادەبڕینە کە لەوێ ڕەھایی ئازادی میدیا و بیرورا کە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی ناگونجێ.
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، بەپێی ئەو یاسایە ئەگەر یەکێک ئەوپەڕی سووکایەتی و ناوزڕاندن بکات سزاکەی تەنها پێژماردنە و، ئەمەش کە کێبرکێی سیاسی دەکەن نابێتە ڕێگر بۆیان، چونکە زۆر نموونە ھەیە سزا دراون لەسەر سووکایەتیکردن بە مێژوو و، کەسایەتییەکان، بۆیە پێویستە ئەمە ڕێک بخرێتەوە، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و ڕۆشنبیری و داد و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان."
(سالار عوسمان) گوتیشی، لە ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کاری میدیایی دەکرێت بەدەرە لە ھەموو پرنسیپێک و ئەخلاقی کاری ڕاگەیاندن و پاراستنی مافی مرۆڤ، بۆ نموونە مایکی ئازاد لە ھەر وڵاتێک قیاساتی خۆی ھەیە، بۆیە ناتوانی ھەموو کاتێک مایکی ئازاد لە شەقامێکی فراوان دابنێی و، خەڵک بە ئازادی قسە بکەن، چونکە سانسۆر ھەیە لەپێناو ئاساییشی نەتەوە و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەھاکانی کۆمەڵگایە، جگە لەوەش لە ھەرێمی کوردستان لە پەنای بیروڕای ئازاد دژایەتی حیزبەکان دەکرێت کەئەمە بریتی نیە لە بیروڕای ئازادی ھێندەی شەڕێکی سیاسی لە بەرامبەر حزبێکدا، چونکە لە ھیچ وڵاتێکدا نییە منداڵ لە بەرامبەر مایک قسە لەسەر پرۆسەی نەوت بکات!
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھێمای بەوەش کرد، ھەرێمی کوردستان لە جەنگدایە و لە سەردەمی جەنگدا پێویستە دەزگاکانی یاسادانان و، حکومی زۆر بەوردی ھەموو بواری میدیا و یاسا چاوی پێدا بخشێنەوە و، بە ڕاستی ڕێنمایی نوێ دەربکەن و، ڕێگە لەو میدیایە بگیرێ کە لە پەنای نیعمەتی ئازادی دەردی ناکۆکی سیاسی و، دووبەرەکی بڵاو دەکەنەوە و، یەکڕیزی تێک دەدەن.
جێی ئاماژه‌یە د. دیندار زێباری هۆكاری داخستنی ئۆفیسەکەی هەولێری كه‌ناڵی‌ 'ئێن‌‌ئاڕتی' و 'كه‌ی‌ئێن‌‌ئێن'ـی ئاشكرا كرد كه‌ دوو كه‌ناڵه‌كه‌ به‌ مایكێكی بێ‌لۆگۆی خۆیان خه‌ڵكانێكیان له ‌هه‌ولێر هان دابوو تا بشێوه‌ی و ئاژاوه بنێنه‌وه‌.
Top