ئاری هەرسین: ئەو قسانەی دەیانگوت هیچ بنەمایەکی نەبوو، هیچ پێشمەرگەیەك دەرنەكراوە لەبەر گۆڕانبوون

ئاری هەرسین: ئەو قسانەی دەیانگوت هیچ بنەمایەکی نەبوو، هیچ پێشمەرگەیەك دەرنەكراوە لەبەر گۆڕانبوون
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ڕەتی دەكاتەوە كە هیچ پێشمەرگەیەك لەسەر گۆڕانبوون دەركرابێت یان سزا درابێت و، دەڵێ ئێمە سەردانی هەموو شوێنێکمان كرد و، هیچ شتێكی وا لەئارادا نەبوو, ئەم پێشمەرگانەشی لەوێ ڕۆشتبوون تەنها وەكو ئەركێكی ئەخلاقی بۆ (مستەفای سەید قادر) ئەوان چوونەتە ماڵەوە, هیچێكیشیان غیاب نەدراون و مووچەكەیشیان نەبڕاوە.

(ئاری هەرسین) سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "منی پارتی و بەهار عەبدولڕەحمانی یەكگرتوو و، مەحموودی حاجی عومەر كە گۆڕانە لە لیژنەی كاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان بەیەكەوە سەردانی ئەو شوێنانەمان كرد كە وایان بڵاو كردبوویەوە گوایە پێشمەرگەیان لێ دەركراوە بە هۆی گۆڕانبوون و ئینتما حزبییەكەیانەوە, كە ئەمەش قابیلی قبووڵكردن نەبوو. ئێمە چووینە ئەوێ و لەگەڵ بەرپرسی لیوا و ئەفسەران و پێشمەرگەكان لێكۆڵێنەوە و بەدواداچوونمان كرد، بە هیچ شێوەیەك ئەوەی لە میدیاكان دەوترا ئەسڵ و ئەساسی نەبوو. هیچ پێشمەرگەیەك نە سزا دراوە نەیش دەرکراوە. لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەش بەدواداچونمان كرد. مەكتەبی (سەرۆك بارزانی)ـیشمان لەو بابەتە ئاگادار كردەوە، چونكە سەرۆك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە و بە هیچ شێوەیەك لە هیچ كەس و لایەنێك قبووڵی نەكردووە و ناكات كەسێك سزای سیاسی بدرێت، بە تایبەتیش لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا."

سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "ڕاپۆرتی خۆمان لەوبارەیەوە نووسیوەتەوە و بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانمان داوە، من دووپاتی دەكەمەوە كە دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت كە سەرجەم ئەم قسانەی دەیانگوت ناڕاستی و بێبنەما بوو."
دووپاتیشی كردەوە كە "ئەم پێشمەرگانەشی لەوێ ڕۆشتبوون تەنها وەكو ئەركێكی ئەخلاقی بۆ (مستەفای سەید قادر) چوونەتە ماڵەوە، هیچێكیشیان پێوار (غیاب) نەدراون و، مووچەكەیشیان نەبڕاوە و نایشبڕدرێت."
Top