دوو چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد

 دوو چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد
ئێوارەی رۆژی هەینی لە نزیک مەخموور دوو چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و ئێستاش هەردوو چەکداری داعش لەلایەن هێزەکانی پێسمەرگەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەو دوو چەکدارەی داعش ئێوارەی رۆژی هەینی لە گوندی نەسر هاتبوون و لە گوندی سوڵتان عەبدوڵڵای نزیک مەخموور خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە.

فەرماندەیەکی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت کە هەردوو چەکداری داعش خەڵکی عێراق بوونە.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ- مەخموور لەمبارەیەوە رايگەیاند کە ئێستا زۆر کەس لەنێو چەکدارانی داعش باوەڕیان بەو گرووپە نەماوە. سیروان بارزانی گوتی " کاژێر ١٠ی شەو بوو کە ئەو دوو چەکدارەی داعش خۆیان رادەست کرد و بەپێی رێنماییەکانیش ئەوان دەبێت لە دوورەوە جلوبەرگیان دابنێن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە ئەوان خۆکوژیان لەگەڵدا نییە".

سیروان بارزانی راشیگەیاند "ئەو چەکدارانەی داعش ئێستا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت" لەبارەی هۆکاری خۆڕادەستکردنەکەشیانەوە، سیروان بارزانی گوتی " پێمان وایە ئەوان لەو سنوورە لاوازبوونە و ئومێدیان نەماوە بۆیە بەتایبەتی لەو مانگەدا جگە لەوان ژمارەیەکی زۆر کەس خۆیان رادەست کردووە".








رووداو
Top