ئاشتن کارتەر: ئەمریکییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەیان ئەنجامدا
کارتەر رایگەیاند هێزە ئەمریکییەکان توانیوانە بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانە ئەنجام بدەن و ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
ئەو گوتیشی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکەم سەربازی ئەمریکی لە شەڕی دژ بە داعش لە عێراق گیانی لەدەست دا و، ئەو ناوی ماستەر جۆشوا ویلەرە و تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە، لە فۆرت براگ لە باکووری کارۆلینا چووەتە ناو هێزەکانی ئەمریکا و دواتر لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی وڵاتەکەی کوژرا و بڕیارە ئەمڕۆ تەرمەکەی بگەڕێندریتەوە وڵاتی خۆی و بدرێتەوە دەست بنەماڵەکەی".
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند ویلەر بەهۆی برینێک لە قۆڵیدا گیانی لەدەست داوە، ئەو یەکەم ئەمریکییە کە لە شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش گیانی لەدەست بدات.
ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا هەروەها دەڵێ " من ئەو بڕیارەم دا بۆ ئەوەی هاوکاری هاوپەیمانە کوردەکانمان بکەم ، پاش ئەوەی زانیاری تایبەتمان بەدەست گەیشت کە لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە کۆمەڵکوژییەکدا هەموو بارمتەکان بکوژن".
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "بە ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی ئەمریکا و ناردنی فڕۆکە بۆ هەڵگرتنی زینداییەکان، هاوکات لەگەڵ هاوکاریەکانی هێزەکانی پێشمەرگە توانیمان دەیان کەس رزگاربکەین و کۆمەڵێک زانیاری هەواڵگری تەواومان لە بارمتە دەستگیرکراوەکانەوە دەست بکەوێت. ئەوان رایانگەیاند چاوەڕوان بوون ئەو رۆژە پاش نوێژی بەیانی لەسێدارەیان بدەن ئەمە لە کاتێکدایە کە گۆڕیشیان بۆ ئامادەکرابوو".
رۆژی پێنجشەممە 22 ی تشرینی یەكەمی 2015، هێزێكی تایبەتی ئەمریكا پشتیوانی ئۆپەراسیۆنێكی پێشمەرگەیان كرد بۆ رزگاركردنی ژمارەیەك بارمتە لە بەندیخانەیەكی داعش لە نزیك حەویجە کە دواتر رێکخراوی داعش لەرێگەی پێگەکانی خۆیانەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دانی بەوەدا نا کە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە زیانی زۆریان لێکەوتووە و شکستیان هێناوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند"ئۆپەراسیۆنەكە سەركەوتووانە ئامانجەكەی پێكاوە و 69 گیراو رزگاركراون، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووە كە هیچیان كورد نین. لەو ئۆپەراسیۆنەدا 20 چەكداری داعش كوژراون، 6 چەكداریشیان بەدیل گیراون، سەربازێكی هاوپەیمانانیش كە ئەركی پاڵپشتی بووە، كورژراوە و 3 پێشمەرگەی هێزی دژەتیرۆریش برینداربوونە".
رووداو
