د. دیندار زێباری لە وەڵامی ڕێكخراوی 'ئهمنستی' و 'هیومنڕایتسوۆچ'ـدا: چۆن دەبێ خۆپێشاندان بکرێتە پاساوی ئاژاوەنانەوە و رهوایهتی پێبدرێ!
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە ئەنجامی قەیرانی دارایی و نەناردنی بوودجە لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە هەرێمی کوردستان ڕووبەرووی قەیرانێکی ئابووری سەخت بووە؛ ئەو بارودۆخە سەختە و شەڕی سەپێنراوی تیرۆریستان داعش حکوومەتی هەرێم نەیتوانی بەشێوەیەکی ئاسایی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات بەڵام هەوڵی بەردەوام دەدا بۆ دابینکردنی بەپێی توانا.
زێباری وەڵامی ڕێکخراوی ئەمنستیئەنتەرناشناڵ و هیومنڕاتیسوۆچ دەداتەوە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان و تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستان بە بوونی هێزی چەکداری سەر بە حزبەکان؛ گوتی: "ڕۆژی 21/10/2015 بە ناوی (هەرێمی کوردستان: هێزەکانی سەر بە پارتە سیاسییەکان تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن) هیومنڕایتسوۆچ بڵاو کردەوە دیارە ئەمە یەکەم جار نییە ڕێکخراوی هیومنڕایتسوۆچ دژایەتی خۆی بۆ دەسەڵاتی کوردی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکان دەردەبڕێت بۆیە ئێمە گومانمان لە بێلایەنیی ئەم ڕێکخراوە هەیە، چونکە ڕاپۆرتەکانی پێشووتریشیاندا بە نەفەسێکی تائیفی و لایەنگیری بۆ نەیارانی هەرێمی کوردستان نووسرابوونەوە!"
لەم ڕاپۆرتەیشدا باس لە بوونی هێزی چەکداری سەر بە حزبەکان دەکات کە ئەمەش دوورە لە ڕاستی چونکە هێزەکانی پاراستنی کوردستان لە پۆلیس و ئاساییش و دژەتیرۆر و پێشمەرگە پێک دێت ئەمانیش هێزی نیزامی و ڕێکخراوی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانن.
ئیمە لە حکوومەتی هەرێم پشتگیری لە داوا ڕەواکانی هاووڵاتیان دەکەین بۆ داواکردنی مافەکانیان لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هاووڵاتیان دەکەین بەتایبەتی خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزەکان کە ئەمەش بەپێی یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 2010 دەبێت. بەڵام ئەم خۆپیشاندانانەی لە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجام دران لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی ڕێرەوەکانی گۆڕا و لە پەنای خۆپیشاندانەوە هێرش کرایە سەر بینایەی گشتی و تایبەتی و سووتاندنیان .
زێباری دەربارەی داخستنی نووسینگەی هەردوو کەناڵی (KNN)و (NRT) لە هەولێر دووپاتی کردەوە بەپێی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکان نووسینگەکانی(KNN) و (NRT) لە هەولێر داخراون بە هۆی پێشێلکردنی یاسای ڕۆژنامەوانی و ڕێنماییەکانی فریکیونسی پەخشکردن چونکە پەیامنێرانیان بەبێ لۆگۆی تایبەت بەم دوو کەناڵە چوونەتە ناو خەڵک و چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە لەگەڵ خەڵکی هەولێر بە مەبەستی درووستکردنی پشێوی و شڵەژاندانی خەڵک و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری شار و بەپێی یاسایی نەهێشتنی تیرۆر هاندانی خەڵک و نانەوەی پشێوێ ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدرانە ئەمە لە کاتێکدا کە تیرۆریستان چەند کیلۆمەترێک لەشاری هەولێرەوە دوورن و دەستخۆشییان لە پشێوی نانەوە و تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستان کردووە و گێرەشێوێنانی بە موجاهید ناوزەد کردووە.
ئەمەش ڕەنگە کاریگەریی دەروونی لەسەر کەسوکاری پێشمەرگە و شەهیدەکان هەبێت کە لە بەرامبەریان وەستاون بە درێژایی زیاتر لە (1000) کیلۆمەتر و تا ئێستا زیاتر لە (1300) پێشمەرگە گیانی خۆیان کردۆتە قەربانی خاکی کوردستان و لە شەڕی تیرۆردا شەهید بوون و (8000) پێشمەرگەش بریندار بوون.
زێباری زیاتر وتی: "دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ڕێوشوێنێکی ئیحتیرازی نووسینگەی ئەم دوو کەناڵەی لە هەولێر بەشێوەیەکی کاتی داخستووە و هیچ یەکێک لە ستافەکانیان دەستگیر نەکراوە تەنانەت ژیانیشیان پاراستوون، چونکە ئەگەر نووسینگەکانیان دانەخرابایە ڕەنگە دەزگا ئەمنییەکان کۆنترۆڵی پاراستنی ستافەکانیان لە هێرشی خەڵک لەدەست دابایە و ژیانیان بکەوتایەتە مەترسییەوە و بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو ڕووداوانەی لە سلێمانی ڕووی دا چونکە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر و نوێنەرایەتی وڵاتان و کونسوڵگەرییەکانیان و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراو و ئاژانسەکانی تر بارەگایان لە هەولێرە لە هەمان کاتدا دەیان کۆمپانیای وەبەرهێنانی بیانی لە هەولێر هەن.
زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا (98) خۆپیشاندانی جۆراوجۆری ئاشتیانە لە هەولێر بە مۆڵەتی فەرمی و بێمۆڵەتیش ئەنجام دراون و زۆر لە خۆپیشاندانەکانیش پەیوەندییان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان گیانی خۆپیشاندەرانی پاراستووە.
سەرۆکی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ڕایگەیاند کە: بەپێی ئامارەکانی دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (2) کەس لە کەلار و (3) کەس لە قەڵادزێ لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان شەهیدبوون و (50) تریش بریندار بوون کە برینی زۆربەیان بەهۆی بەرد بووە. لەلایەکی دیکەوە دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە (183) کەسیش دەستگیر کراون بە فەرمانی دادگا پەیوەندیدارەکان کە تەمەنیان لە خوارووی تەمەنی یاسایی بوون کە داوای مووچەیان کردووە؛ لە کاتێکدا بوون بە فەرمانبەر بەپێی یاساکانی هەرێم پێویستە تەمەنیان لە سەرووی (18) ساڵانەوە بێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەموویان ئازاد کراون لە ئاساییشی سلێمانی بە کەفالەت یان بەڵێننامە."
لە لایەکی دیکەوە زێباری ئەوەشی خستە ڕوو کە تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر وەک ئەرکی خۆیان پارێزگارییان لە بارەگا و بنکەی هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە، هەروەها هیچ فەرمانبەرێکی حکوومی لەسەر هەر لیستێک لە سەر کاری خۆی لانەدراوە و بەردەوامن لە سەر کاری خۆیان. بەڵام بۆ پاراستنی سەلامەتی و ژیانی ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار داوایان لێکراوە بە شێوەیەکی کاتی سەردانی شاری هەولێر نەکەن تاکو بارودۆخە ئاسایی دەبێتەوە، بۆ پاراستنییان لە نارەزایی و توڕەیی ئەم خەڵکە وا بەباش زانراوە کە لە هەولێر نەبن.
لە کۆتاییدا د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر هێرشکردنە سەر شوێنی گشتی و تایبەتی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە و تێکدانی سەقامگیریی وڵات و هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی بەتایبەتی کە ئێستا هەرێم لە شەڕێکی قورس و لەژێر هەڕەشەی تیرۆریستانی داعشدایە بۆیە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی 1969ی هەموارکراو لە ماددەکانی (220، 221، 222) و یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان ژمارە (11)ی ساڵی 2010ی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئاژاوەگێڕان دەکرێت کە سزایان بەندکردن و غەرامەیە.
