موحسین سەعدوون: سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، ئەنجامی باشی دەبێت
(موحسین سەعدوون) ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان لە حەفتەی داهاتوودا بۆ بەغدا، بۆ مەبەستی گفتوگۆ لەسەر بوودجەی ساڵی 2016ـی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت، تاوەكو رێككەوتنی لەبارەوە بكەن".
(سەعدوون) باوەڕی وایە كە، سەردانی شاندی هەرێم و كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەغدا، ئەنجامێكی ئەرێنی و سەركەوتووی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە حكوومەتی ناوەند لە ئەمڕۆدا پێویستیان بە ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمە بۆ بوودجەی 2016.
گوتیشی: "ئەگەر كوتلە سیاسییەكانیش ناڕازی بن، ئەوا ناتوانن داخوازییەكان جێبەجێ نەكەن، چونكە پێویستیان بە رێككەوتنە لەگەڵ هەرێم و پێویستیان بە نەوتی هەرێمیشە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "دەبێت شاندی هەرێم لە سەردانەكەیاندا بۆ بەغدا پێداگری بكەن لەسەر پابەندبوونی بەغدا بە ناردنی بوودجەی هەرێم كە لە سەدا 17 و مووچەی پێشمەرگە و مافەكانی دیكەیشە، لە بەرانبەریشدا هەرێمی كوردستان بڕی ئەو نەوتەی دیاری كراوە كە 550 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا، لە رێگەی بەغداوە ڕەوانە بكات".
