قۆناخی دووەمی کابینەی هەشتەم

 قۆناخی دووەمی کابینەی هەشتەم
پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکانی وەزیرەکانی گۆڕان مژاری چەند رۆژی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئێستا بەرنامە دادەڕێژێ کە چۆن ئەو پۆستانە پڕبکرێنەوە.

11ی مانگی تشرینی یەکەم بەبڕیارێکی پارتی هەریەک لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی،بازرگانی ،ئەوقاف، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەدەست بزووتنەوەی گۆڕان دەرهێنران.

ئێستا پارتی هەوڵی جددی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەدات، تاوەکو رازی ببێت هەندێک لەو پۆستانە هیچ نەبێ بە وەکالەت وەربگرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوای روونکردنەوە لە پارتی دەکات لەسەر ئەوەی ئەوان بۆ دەرکران و یەکێتی دەڵێ قسەی سەرەتاییان ئەوەیە ئەو پۆستانە وەرنەگرن، بەڵام پێناچێ ئەمە قسەی کۆتای یەکێتی بێت.

بزووتنەوەی گۆڕان لە غیابی نەوشیروان مستەفا، کەسی یەکەمی ئەو حیزبە کە ئێستا بە هۆی نەخۆشییەوە لەدەرەوەی وڵاتە و پێناچی وا بەزووی بگەڕێتەوە سوورن لەسەر مانەوەیان لە حکومەت. پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش دەڵێ لە داواکانی خۆمان نایەینە خوار و هەڕەشە لە یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو دەکات پۆستەکانیان وەربگرن.

چەند رۆژی داهاتوو بۆ پارتی سەخت دەبێ کە چۆن پۆستەکانی گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان پڕبکرێنەوە، بەتایبەت پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە پارتی سوێندی خواردووە، چی دیکە ناکرێ ئەو پۆستە لە دەست یوسف محەممەددا بێت.





رووداو
Top