ئێمینكی: دیاردەی كۆچ دەبێ سنووردار بكرێ

ئێمینكی: دیاردەی كۆچ دەبێ سنووردار بكرێ
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له ‌دیداریدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا ڕایگه‌یاند: پێویستە وڵاتان بۆ ڕێگری لە دیاردەی کۆچ لەناو هەرێمی کوردستان کەمپ و شوێنی حەوانەوە دابین بکەن و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ژیانی ڕۆژانەیان بکەن بەوەش ئاوارەیەکی زۆر خزمەت دەکرێن و دیاردەی کۆچیش سنووردار دەکرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١/١٠/٢٠١٥ د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینگەی خۆی لە پەرلەمان پێشوازی له‌ جۆزێف ستێفانۆس ۆردوێند دۆستی گەلی کوردستان و ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا کرد
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان سەر بە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان ئامادەی بوون.
جۆزێف ستێفانۆس ۆردوێند دۆستی گەلی کوردستان و، ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا سوپاسگوزاری خۆیانی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ ئەو پێشوازیەو تیشکی خستە سەر هەوڵەکانیان لەپێناو دابینکردنی پێداویستی زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگە و ئاوارەکان و ئەوەی خستە ڕوو لەم سەردانەیان هەست دەکەن بەرەو پێش چونێک لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکان هەیە و ئەوەی نەشاردەوە کە لە کاتی هاتنی ئاوارە و لێقەوماوان بۆ هەر وڵاتێک جۆرە شڵەژانێک لە کاری حکوومەتدا دروست دەبێ لەرووی چۆنیەتی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەو ژیانێکی شایستە بۆیە ستایشی ئەداو کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە حەواندنەوەی نزیکەی دووملیۆن ئاوارە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەرکێکی قورسە و مایەی دەستخۆشی و ڕێزلێنانە.
دکتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش بە گەرمی بەخێرهاتنی بەرێزیانی کرد و سوپاسی کردن کە دوای سەردانی شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا توانییان حکوومەتی ئەو وڵاتە ڕازی بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاراتر لە شەڕی دژ بە داعش بەشدار بێ و، هاوکاری زیاتر پێشکەشی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
هاوکات داوای کرد هەوڵ بدرێ ئالیەتی باشتر بدۆزرێتەوە بۆ زیاتر پەرەپێدان بەو هاوکاریانە و پێشنیاری ئەوەی کرد پێویستە وڵاتان بۆ ڕێگری لە دیاردەی کۆچ، لە هەرێمی کوردستاندا کەمپ و شوێنی حەوانەوە دابین بکەن و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ژیانی ڕۆژانەیان بکەن بەوەش ئاوارەیەکی زۆر خزمەت دەکرێن و دیاردەی کۆچیش سنووردار دەکرێ.
هەر لە دیدارەکەدا پەرلەمانتارانی ئامادەبوو دید و بۆچوونی خۆیان لەبارەی تەوەری دیدارەکە و باشتر خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگە و ئاوارەکان خستە ڕوو.
لە کۆتاییشدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئارمی پەرلەمانی وەک ڕێزلێنانێک لەکار و خزمەتەکانیان بەرامبەر گەلی کوردستان پێشکەشی پەرلەمانتاری هۆڵەندا کرد.
Top