عێراق هەوڵی رێگری کردنیان لە هاتنی فەرماندە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ هەولێر کردووە

عێراق هەوڵی رێگری کردنیان لە هاتنی فەرماندە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ هەولێر کردووە
دەسەڵاتدارانی عێراقی هەوڵیان داوە رێگەی فڕۆکەکەی جۆزێف دانفۆرد، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا، کە دەیەویست بێتە هەولێر بگۆڕن، ئەوەش وەک نیشانەیەکی دیکە لە گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا ئەژمار دەکرێت.

ماڵپەڕی میلیتاری ئەمریکی بڵاوی کردەوە، کە ئەو فڕۆکەیەی دانفۆرد و شاندە هاوڕێییەکی هەڵگرتبوو، فڕۆکەیەکی جۆری (C-17)ی سەربازی بووە، لە رێگەی هاتنی بۆ هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە بەر لە هەولێر، سەردانی ئیسرائیل و ئوردەنی کردبوو، داوای لێدەکرێت بەرلەوەی بەرەو هەولێر بڕوات، لە بەغدا بنیشێتەوە.

دوای نیو سەعات لە گفتوگۆکردن و هاتن و چوون، بەسەر ئاسمانی عێراق، دواجار دەسەڵاتدارانی تایبەتمەندی عێراقی رێگەیان داوە، فڕۆکەکەی سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا توانی لە هەولێر بنیشێتەوە و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دواین رووداو و پێشهاتەکان بکات.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەنێویشیاندا ئاشتۆن کارتەری، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە کاتی سەردانیان بۆ عێراق، سەرەتا لە بەغدا نیشتوونەتەوەم دواتر روویان لە کوردستان کردووە، ئەوەش وەک نیشانەیەک بۆ پشتیوانی ئەمریکا بووە لە یەکپارچەی عێراق، بەڵام ئەم گەشتەی دانفۆرد جیاوازبووە، لە بارەی رێگری کردن لە فڕۆکەکەی فەرماندە ئەمریکییەکە، پیتەر کۆک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت ”زۆرم لەبارەی رێڕەوی ئەو گەشتە نەخوێندۆتەوە و ئاگاداری نیم“.

لە پرێس کۆنفرانسێکی پێنتاگۆن، کۆک ئاماژەی بە هەبوونی کێشە لە گەشتەکەی دانفۆرد کرد، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستە ڕوو تەنیا گوتی ”بەهەرحاڵ ئەگەر کێشەش هەبووبێت چارەسەرکراون“.

چەند کەسێکی هاوگەشتی دانفۆردیش بە رۆژنامەنووسانیان راگەیاندووە، کە بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکەی دانفۆرد، فڕۆکەیەکی بارهەڵگربووە، سەرەتا بەغدا رازی نەبووە کە راستەوخۆ بچێتە هەولیر و لەوێ بنیشێتەوە.

بەرپرسانی باڵای کورد، بەردەوام گلەیی ئەوە دەکەن، کە ئەو هاوکارییە سەربازییانەی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێشکەشی پێشمەرگە دەکرێت، ناگەنە دەست پێشمەرگە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە هاوکارییەکان بۆ حکومەتی ناوەندی رەوانە دەکرێن و لەوێوە بەسەر هێزە عێراقییەکان دابەش دەکرێن.

لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا، لە ژەنەراڵ مارتین دیمبیسی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەوە یەکەمین گەشتی دانفۆرد بوو بۆ عێراق. دوای سەردانی هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، بەرەو بەغدا بەڕێککەوت و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کۆبووەوە.

بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە 20ـی 10ـی 2015 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ماتیاس میتمەن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندە و بەرپرسی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا ستاییشی ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و سوپاسی ئاستی باشی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان سوپای ئەمەریكا و پێشمەرگەی كرد و پێزانینیشی هەبوو بۆ سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕەكانی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بە هێزی سەرەكیی شكاندنی داعش و سەقامگیریی ناوچەكە دەزانێت و شكاندنی ئەفسانەی داعشیش لەسەر دەستی پێشمەرگە متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر ئەو هێزانە زیاتر كرد كە شەڕی تیرۆریستان دەكەن. سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا ئەوەیشی باس كرد كە هاتووە لە نزیكەوە ئاگاداری بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی بێت لەبارەی شەڕی داعش ئاستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە و دووپاتیشی كردەوە كە وڵاتەكەی پابەندە بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ڕیشەكێشكردنی داعش لە ناوچەكە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد و پیرۆزبایی ئەركی تازەی لێ كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەت و سوپای ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانن. سەرۆك بارزانی باسی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان كرد و ئەوەی دووپاتكردەوە كە داعش دوژمنی هاوبەشی هەموو لایەكە و شانازیشە بۆ گەلی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی شكاند و شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕێكی پیرۆزە و ئەوەیشی خستەڕوو كە شكاندنی داعش جوهدێكی هەمەلایەنە و هەماهەنگی و هاوكارییەكی دەولی و جدیی دەوێت. هەروەها ئاماژەی بە قوربانیدان و تێچوونی مرۆیی و ئابووریی شەڕی داعش و ئابڵۆقەی ئابووری و باری قورسی ئاوارەكان كرد كە گوشارێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە گرنگیی قۆناغی دوای داعش كرد و بە پێویستی زانی كە گەرەنتییەكی وا بدرێتە پێكهاتەكان كە لە ئاییندەیان دڵنیا بن و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.

هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە و ئامادەكارییەكانی ئازادكردنی موسڵ و پێداویستییە سەربازییەكانی پێشمەرگە و هەروەها بارودۆخی سووریا و ئۆپڕاسیۆنە ئاسمانییەكانی ڕووسیا لە خاكی سووریا ئەو تەوەرانە بوونە كە لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕای لەباریەوە ئاڵوگۆڕ كرا.

لەو كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەت و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری پێشمەرگە ئامادە بوون.










باسنیوز
Top