وه‌زیری په‌رورده په‌یامێك ئاراسته‌ی مامۆستایان ده‌كات
ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی وه‌زیری په‌روه‌ده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه
مامۆستایانی خۆشه‌ویست
دایك و باوك و قوتابیانی به‌ڕێز
دڵخۆشم به شكاندنی بایكۆت و مانگرتنه‌كه‌تان و سوپاستان ده‌كه‌م كه وه‌ك توێژێكی كارا و هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له پرسه سیاسییه‌كاندا ڕۆڵتان هه‌یه و نمونه‌یه‌كی جوانی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نینه له پرسه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستاندا. جگه له‌مه‌یش و به‌ده‌ر له توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه، ئێمه مامۆستایان و ئاڵاهه‌ڵگرانی كه‌رتی په‌روه‌رده، ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی دیكه‌مان له ئه‌ستۆیه كه ئه‌ویش شه‌كاوه هێشتنه‌وه‌ی به‌یداغی هۆشیاری و زانیاری و خوێنده‌وارییه له وڵات‌دا و هه‌ر له سۆنگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ و مۆدێڕنه‌وه‌یه كه پێویسته نه‌وه و قوتابی و خوێندكارانمان له‌سه‌ر هه‌ردوو بنه‌مای په‌روه‌رده‌كردنی زانستی و هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تیانه پێ بگه‌یه‌نین تا له داهاتوودا ده‌ستیان هه‌بێت له مۆدێڕنیزهكردنی وڵات و په‌ڕینه‌وه له قۆناغی نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه بۆ قۆناغێكی نوێتر له حوكمڕانی و ژیاری كه به داخه‌وه جیهانی سێیه‌م لێی بێبه‌ری بووه و دوو ده‌یه‌یه كورد خه‌ریكی جێگرتن و پراكتیك كردنیه‌تی.
دڵخۆشم به‌وه‌ی مامۆستاكانمان هێنده هۆشیارن كه ده‌ستیان له بینای سیاسی وڵات هه‌یه و له كاتی خۆیدا ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌رده‌بڕن و له هه‌مان كاتیش‌دا و به پێی زه‌رووره‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه، ده‌ست به ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تی خۆیان و گوتنه‌وه‌ی وانه و پێگه‌یاندنی قوتابی و خوێندكاره‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه. پاش ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و تێگه‌یشتن له كڕۆكی كێشه دروستبووه سیاسیی و قه‌یرانه ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دووباره به‌ر له توێژ و چینه‌كانی دیكه، ئه‌وه مامۆستایانن كه به‌رپرسیارانه و بۆ تێكنه‌چوونی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و لهنگنهكردنی ڕێڕه‌وی زانست و هۆشیاری، مان و بایكۆته‌كه‌یان ده‌شكێن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه قوتابخانه‌كانیان و ده‌بنه‌وه به هه‌مان مامۆستا و باوانی ئه‌و منداڵه چاوگه‌شانه‌ی كه باوكه‌كانیان له به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژی دڕنده‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستی سینگیان كردووه‌ته قه‌ڵغانی پاراستنی كوردستانی ئازیز و منداڵه‌كانیان لێره به ئێمه سپاردووه. ئێمه‌یش وه‌ك وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، وه‌ك چۆن پێشتر داواكار و پاڵپشتی خواسته ڕه‌واكانی مامۆستایان و قوتابیانمان بووینه، ئێستایش به شاهیدی هه‌موو لایه‌ك، پێشمه‌رگه‌ئاسا به دوای مافی مامۆستایانه‌وه ده‌بین و شه‌و و ڕۆژ و خه‌مخۆرانه له پێناو نه‌فه‌وتانی ماف و به‌جێهێنانی خواسته ڕهوكانیان تێده‌كۆشین و له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بین.
د. پشتیوان سادق
وه‌زیری په‌روه‌رده
سێشه‌ممه ـ ڕێكه‌وتی ٢٠١٥/١٠/٢٠
