مامۆستایانی زانكۆ و لایەنە سیاسییەكان : دوور خستنەوەی تاقمەكـەی نـــەوشیروان حكوومەتی هـەرێم بەرەو ئـارامــی و سەقامگیری دەبات

مامۆستایانی زانكۆ و لایەنە سیاسییەكان : دوور خستنەوەی تاقمەكـەی نـــەوشیروان حكوومەتی هـەرێم بەرەو ئـارامــی و سەقامگیری دەبات
مامۆستایانی زانكۆ و لایەنە سیاسییەكان، وتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی رەوشی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنن و بە هەنگاوێكی باش دەزانن بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و پێیانوایە؛ پەیامەكە بە تەواوەتی دۆخەكە ئاسایی دەكاتەوە. هەروەها روونیشیدەكەنەوە، دوور خستنەوەی تاقمەكەی نەوشیروان حكوومەتی هەرێم بەرەو ئارامی و سەقامگیری دەبات.
مینا سامی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "هەولێر"ـی راگەیاند؛ پەیامەكە و ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردی بەرامبەر بە تاقمه‌كەی نەوشیروان پێویستی قۆناغەكە بوو و قۆناغەكە وای دەخواست سەرۆكی حكوومەت شتێكی وا بكات، بۆ ئەوەی بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە، نەك ئەوەی لە سلێمانی روویدا لە شوێنەكانی دیكەیش روو بدات، چونكە ئەو تاقمە دەیانویست ئەوەی لە سلێمانی كردیان لە هەولێر و دهۆكیش بیكەن، بەڵام خۆشبەختانە سەرۆكی حكوومەت ڕێگەی پێ نەدان و بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ كرا و ئەوەیان بۆ نەچووە سەر، چونكە لە هیچ فەرهەنگێك نەهاتووە بەیانی حكوومەت بی و ئێوارانیش ئۆپۆزسیۆن بی، بۆیە دەبێت تاقمەكەی نەوشیروان خۆی یەكلا بكاتەوە یان لە ناو حكوومەت دەبێت یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم بتوانێت بەباشی كارەكانی خۆی بكات و هەرێمی كوردستان لەو قەیرانانە رزگار بكات، نەك تاقمەكەی نەوشیروان قەیرانەكان زیاتر بكات و ئالۆزی و ئاژاوە بنێتەوە.
گوتیشی: ئەگەر تەماشای مێژووی گەلی كورد بكەین لە زۆر قۆناغدا كورد ڕووبەڕووی زۆر شتی لەوە گەورەتر بووەتەوە، بەڵام توانیوە خۆڕاگر بێت و دەست لە مافە ڕەواكانی خۆی هەڵنەگرێت، ئێستایش خۆڕاگیری تاكە هێزە بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە مانەوەی خۆمان بكەین لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتیش زۆر تەئكید لەسەر ئەوە كرایەوە.
مینا، زیاتر دەڵێ: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆمەلێك گۆڕانگاری نوێ بەڕێوەیە، دەبێت هەموو لایەنەكان هاوكار بن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانە گەلی كورد بە ئامانجەكانی خۆی بگات، تاقمەكەی نەوشیروان ئەمڕۆ لە چوارچێوەی قەوارەیەكی زۆر تەسكدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوەیش جێگەی داخە كە لایەنگرانی خۆ هاندەدات بارەگا بسووتێنن و هاووڵاتیان بكوژن، هەر لەبەر ئەمەیش بە بینینی من پەیامی سەرۆكی حكوومەت و ئەو هەنگاوەی بەرێزیان بۆ دوورخستنەوەی تاقمەكەی نەوشیروان لە حكوومەتدا، حكوومەتی هەرێم بەرەو ئارامی و سەقامگیری دەبات، لەگەڵ ئەوەی داواكارم لە سەرۆكی حكوومەت، وێرای ئەوەی كە سوپاسی فەرمانبەرانی كرد بۆ خۆڕاگریان لەو قەیرانە داراییە، كارێك بكات لە كات و ساتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران دابەش بكرێت.
عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان بۆ "هەولێر" گوتی: وەك یەكێتی زانایانی ئاینی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەرز دەنرخێنین، تیشكی خستە سەر كێشە و گرفتەكانی ئەم دوایە و هەروەها باسیشی لەوە كرد كە بە زووترین كات ئەو كێش و گرفتانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە چارەسەر دەكرێن و كار لەسەر حكوومەتێكی نوێ دەكات.
هەروەها ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینیشی بەرزنرخاند، كە هەموو كات مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی هێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان بینیوە، هەر كاتێك گرژی و ئالۆزی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كۆمەڵگا دروست بووبێت، مامۆستایانی ئایینی هەوڵیان داوە بارودۆخەكە هێور بكەنەوە و كێشە و گرفتەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، دیارە پەیامی مامۆستایانی ئایینی جێگەی بایەخی سەرۆكی حكوومەت بووە، بۆیە زۆر بە ڕاشكاوانە ڕۆلی مامۆستایانی ئایینی بەرزنرخاند، ئێمە وەك زانایانی ئایینی هیوادارین هەرچی زووە قۆناغە عەمەلییەكانی ئەو بارودۆخە جێبه‌جێبکرێن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەو بارودۆخەی تێ كەوتوونە رزگار ببن.
عەبدوڵڵا، ئەوەشی گوت: پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت، پەیامێكی زۆر باش بوو، دەبێت هەموو لایەنەكان خوێندنەوە بۆ پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت بكەن، چونكە سووتاندنی بارەگا و كوشتنی هاووڵاتیان كارێكی ناڕەوایە و دەبێت ئەو لایەنانەی بەو كارە هەستاون سزا بدرێن و بە سزای خۆیان بگەن، چونكە ئەوە خۆپیشاندان نەبوو، ئەوە گێرەشێون بوو، ئەگەرنا وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێم رایگەیاند؛ ڕادەربڕین لە ڕێی خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە، مافی بنەڕەتی هاووڵاتییە و بەشێكی گرنگی دیموكراسیی هەرێمی كوردستانە.
جەودەت نەجات، لە لیستی رۆشنبیریی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "هەولێر" دەڵێت: وتاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی زۆر كراوە بوو، نامەیەكی زۆر ئاشكرا بوو بۆ هەموو لایەنەكان، لەگەڵ ئەوەیش دوو جەمسەری هەبوو، چ بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت وڵات پێش بكەوێت، چ بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وڵات بەرەو ئاقارێكی نادیار ببەن، پاش گوێ گرتنی ئێمە لە وتارەكە بۆمان دەركەوت كە نیەتی حكوومەتی هەرێم، بەتایبەتی سەرۆكی حكوومەت نیەتێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە مافە ڕەواكانی خۆیان بگەن، هەروەها پەیامەكە ئاگادار كەرەوەیە بۆ ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت بە فیتی دەرەكی وڵات بەرەو دواوە بن، بۆیە نامەیەكی زۆر باش بوو بۆ ئەو لایەنانەی كە تا ئێستا ئایندەی وڵاتیان لە پێش چاو ڕوون نەبووەتەوە.
جەودەت نەجات، ئەوەشی گوت: كە سەرۆكی حكوومەت باسی لەوە كرد كە لایەنێك دەیویست گەل دابەش بكات، بۆیە خۆی لە خۆیدا ئەوە خاڵێكی زۆر ئیجابی بوو، چونكە ئەوە پەیامێك بوو بۆ ئەو لایەنەی كە دەیویست وڵات دابەش بكات، بێگومان ئەو ڕەوشەی دروستبووە دەستێكی دەرەكی لە پشتەوەیە بۆ ئەوەی وڵات دابەش بكات و دووبارە دوو ئیدارەی دروست بكەنەوە، بۆیە دەڵێم، ئەو سیاسەتەی ئەو تاقمە پێ هەستاوە بە هاندانی هەرزەكار و گەنجان سیاسەتێكی فاشلە و لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات ناگونجێت، هەر لەبەر ئەمەیش حكوومەتی هەرێم ڕێگە بەوانە نادات كە ئەوان ئەو كارە بكەن و كوردستان بەرەو دواوە بگەڕێنەوە و، ئەو دەستكەوتانەی بە دەست هاتوونە لەناو ببەن.
ئازاد عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی بە "هەولێر"ـی گوت: پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی زۆر باش بوو و لە كات و ساتی خۆیدا بوو و بارودۆخەكە هێوردەكاتەوە، هەموو ئەو لایەنانەی بێ دەنگ كرد كە بەردیان دەگرتە حكوومەت، بەتایبەتی كە گوتی، بە ئاسانی دەست بەرداری یەكڕیزی ناو ماڵی كورد نابین، كە ئەوەیش ئۆمێدێكی دیكەی بەخشیەوە بە لایەنەكان بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بە خۆیاندا بچنەوە و ناو ماڵی كورد ڕێك بخەنەوە، بۆیە هەر ئەوە لە سەرۆكی حكوومەت چاوەڕوان دەكرا، بۆ ئەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و پارێزگای سلێمانی هێور ببێتەوە، ئەگەر تەماشایش بكەین هەر دوای پەیامەكە هەموو لایەنەكان بەخۆیاندا چوونەتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ خۆیان دەكەن، بۆ ئەوەی بزانن لە كام شوێن هەڵە بوونە، بۆ ئەوەی هەڵەكانی خۆیان ڕاست بكەنەوە.
ئازاد، زیاتر دەڵێ: ناكرێت لایەنێك لە حكوومەت بێت و لە لایەكەی دیكەیش داری بن پێی خۆ ببڕێت، چونكە هەر لایەنێك ئەو دارەی لەسەرە ببڕێت دەكەوێتە خوارەوە، بۆیە كردنە دەرەوەی تاقمەكەی نەوشیروان لە حكوومەت كارێكی زۆر باش بوو و لە داهاتوودا بە قازانجی هاووڵاتیان دەشكێتەوە، چونكە لەوەتەی ئەوان لەناو حكوومەت بوون جگە لە شەڕ وئاژاوە و زیادكردنی قەیرانەكان هیچی دیكەیان نەكردووە.
د. یاسین مەحموود، مامۆستای زانكۆ، بە "هەولێر"ـی گوت: پەیامی سەرۆكی حكوومەت، پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و دادپەروەری بوو، چونكە ئەو لایەنانەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن باسیان لەوە دەكرد ئەگەر دەسەڵات بگرینە دەست كابانی ماڵیش مووچەیان بۆ دەبڕینەوە، ئەوە جگە لە پڕوپاگەندە هیچی دیكە نەبوو، كە دەیانویست خەڵك بەو پڕوپاگەندانە بە ڕێدا ببەن، بەڵام خەڵكی هەرێمی كوردستان وشیارە و تێگەیشتووە بەوەی كە ئەوان تەنیا بۆ حەز و ئارەزوو و بۆ مەڕامی خۆیان ئەو كارەیان كردووە، ئەوەی چەند رۆژی رابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بینیمان بەڵگەیە كە ئەوان جگە لە تێكدان و سووتاندنی بارەگا و كوشتنی كادیرانی پارتی و هاووڵاتیانی سڤیل هیچی دیكەیان پێ ناكرێت.
گوتیشی: ئەو گوتەی سەرۆكی حكوومەت زۆر سەرنجی منی ڕاكێشا بەوەی كە رایگەیاند، ئێستا كاتی خۆیەتی هەڵسەنگاندن بۆ وڵاتەكەمان بكەین، بەڕاستی وایە دەبێت رەش و سپی لێكجیابكرێتەوە، هاووڵاتیان بزانن كێ خزمەتی وڵات دەكات و لەگەڵ مافەڕەوكانی ئەوان دایە و كێ دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات دەوەستێتەوە، بە تەئكید ئەمەیش زۆر ڕاستە ئەم دۆخەی هەیە كاتیە و لە ماوەیەكی زوو لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ئەو دۆخەیش نامێنێت، بۆیە دەبێت هاووڵاتیان سەبر و تەحەموڵیان هەبێت و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و ئەو لایەنانەی دەیانەوێت وڵات بەرەو پێشەوە ببەن هاوكار بن.
Top