بناغهی پێوهندییهكانی نێوان ههرێم و نیوزلهندا دانرا
لەم یەکەم سەردانەیدا وەک یەکەم بەرپرسی حکوومەتی هەرێم بۆ نیوزلەندا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ڕۆژی ١٩/١٠/٢٠١٥ لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی باڵای ئەنجومەنی بازرگانی نیوزلەندا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە کە پێکهاتبوون لە مایکڵ وێب جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و خاتوو دۆبرا شلیکتین ئەندامی لیژنەی جێبەجێکارو خاتوو میشێل بۆگ ڕاوێژکاری جێبەجێکاری ئەو ئەنجومەنە.
لە دیدارەکەدا کە هەڤاڵ سیان نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئوسترالیا و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی پێشکەوتوو لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بەشداربوون؛ بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە پوختەیەکی دەربارەی پێشکەوتنە ئابووریەکان لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، هاوکات تیشکی خستەسەر دەرفەتەکانی کار و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. لەم ڕووەوە داوای لە ئەنجومەنی بازرگانی نیوزلەندا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە کۆمپانیا نیوزلەندییەکان هان بدەن بۆ سوودوەرگرتن لە دەرفەتی کارکردنی کۆمپانیا بیانیەکان لە هەرێم بۆ کار و پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان و هەروەها بۆ ئەوەی بەشدار بن لە بەرزکردنەوەی تواناکانی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێم. هاوکات پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دوپات کردەوە و هیوای خواست کە کۆمانیاکانی نیوزلەندا بەشداری لە پێشکەوتنە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە باسی لە بارودۆخی گشت ناوچەکەی کرد و هەروەها باسی لە کاریگەری قەیرانەکان لەسەر بارودۆخی ئابووری هەرێم کرد، هاوکات جەختی لە بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ بوژانەوە و پەرەپێدانی زیاتری ئابووریی هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەر لە میانەی دیدارەکە چەند بۆچوون و تێڕوانین دەربارەی بواری ئابووری و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوە کراو هەردوو لا جەختیان لە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان و هەروەها بەیەک گەیاندنی ژوورە بازرگانییەکانی هەردوو لا کردەوە.
لهدیدارێكی دیهكهیشیدا فهلاح مستهفا و وەزیری دەرەوەی نیوزلەندا مورەی مەکوێلی كۆبوونهوه و لەدیدارهكهیشدا بناغەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نیوزلەندا دانرا.
