500 ههزار پێكوته بۆ رێگرتن له كۆلێرا دابین دهكرێت
(فارس بریفكانی) سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی دوایین ئامار كە دوێشەو ئامادەكراوە ڕێژەی تووشبووانی نەخۆشی كۆلێرا گەیشتووەتە (1720) نەخۆش لە عێراق، هەمووشیان نەخۆشییەكەیان لەلایەن تەندروستی گشتی ناوەند پەسەند كراوە كە پۆزەتیڤن. جگە لەم نەخۆشانەش لەوانەیە زیاتر لە پەنجا شەستهەزار كەس تووشی سكچوون بوونە و، جارێ پشكنینیان تەواو نەبووە ئەوانیش كۆلێرایانە یاخود نا. ڕێژەی توشبووان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ چارەكردنی ئەم نەخۆشییەو هەموو هەوڵێكمان خستۆتە گەڕ."
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لەسەر بابەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا كۆ بووینەوە، داوامان لەم ڕێكخراوە تەندروستیە كرد كە (500)هەزار پێکوتە (vacsin)ی تایبەت بە نەخۆشی كۆلێرامان بۆ دابین بكەن و ئەوانیش ڕەزامەندییان دەربڕی. ئەم پێكوتانەش زیاتر لە كەمپ و شوێنە ڕەوشخراپەكان دابەش دەكرێت، بۆیە بڕیارمانداوە ڕیژەیەكی یەكجار زۆر لەو پێکوتانە بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكەین، چونكە زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەر تەنها لە شاری دهۆك نیشتەجێن. ئەم ڕێكخراوە تەندرستییە بڕیاری داوە زیاتر لە (10) تیمی گەڕۆکی پزیشكی دروست بكرێت بۆ پارستنی خەڵک لە كۆلێرا، بیگومان لەم تیمانەش ڕێژەی زۆریان بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت."
