سیاسەتمەدارێکی کورد: چۆن ده‌بێ له‌ حكوومه‌تدا به‌شت هەبێ و دژایه‌تیشی بكه‌یت!

سیاسەتمەدارێکی کورد: چۆن ده‌بێ له‌ حكوومه‌تدا به‌شت هەبێ و دژایه‌تیشی بكه‌یت!
سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ ناکرێت ھەندێک لایەن لە حکوومەتدا بن و دژایەتیشی بکەن و بەگەندەڵ و فاشیل وەسفی بکەن، جا ئەگەر وایە لەو حکوومەتەدا نەبن باشترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە بمینێی وەکو لایەنەکانی دیکە بەرپرسیار دەبێ.
سیاسەتمەداری کورد (د. مەحمود عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێکھێنانی حکوومەتی بنکەفراوان ھەر لە سەرەتاوە ھەڵە بوو، چونکە بیروڕایان جیاواز بوو، جار جار دژی یەک بوون، بۆیە هەق بوو ئەوانەی کە ھەماھەنگن و بیروڕایان لەیەکەوە نزیکە، پێکەوە حکوومەت دروست بکەن و، ئەوانەی دیکە ئۆپۆزسیۆن بن، چونکە ھەموو پەرلەمانێک ئۆپۆزسیۆنی تێدایە، بۆیە ئەوەی ھەبووە حکوومەتی بنکەفراوان نەبووە و کێشەفراوان بووە."
ئەو سیاسەتمەداری کورد دەیشڵێ، پێویستە پێکەوە دابنیشن و ئەگەر لەسەر ئاستی سەران (لووتکە)دا بێت باشترە و دۆخەکە ھێور بکەنەوە سەرەتا دواتر ئەوانەی دەتوانن پێکەوە لە حکوومەتدا بن، بەشداری بکەن و، ئەوانەی دیکەش ئۆپۆزسیۆن بن، جا ئەمە باشترین چارەیه‌.
(د. مەحموود عوسمان) ڕوونیشی کردەوە، ڕەخنەگرتن لە حکوومەت ئاساییە، بەڵام ئەمە ڕەخنە نییە و، ھێرشکردنە و، یەکتری بە دزی تۆمەتبار دەکەن و، دژایەتی یەکتر دەکەن ئەمە ڕەخنە نییە، چونکە لە ھەموو دنیا ئۆپۆزسیۆن ھەیە ڕەخنە دەگرن، بەڵام یەکتری بریندار ناکەن.
گوتیشی، لای ئێمە حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن لێیان بووەتە دژمنایەتی؛ ئۆپۆزسیۆن لە ناو حکوومەتدانە و دژی حکوومەتیشن! کە وەزیرەکەی قسە ناکات حزبەکەی قسە دەکات، بۆیە ئەو حکوومەتەی بنکەفراوان سەرکەوتوو نەبووە.
Top