پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیازی کردووە یەکێتی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت
پارتی نایشارێتەوە بۆ هەنگاوی دووەم، وەك لە پەیامەكەی سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانیدا هاتبوو، زیاتر چاوەڕێی هەڵوێست و بڕیاری یەكێتی دەكەن. هەنگاوی یەكەمیش، وەك دەركەوت، دوورخستنەوەی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان بوو. رۆژی 14/10/2015 هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لە هەولێر كۆبوونەوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو دیسان هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆببنەوە. سەرچاوەیەكی باڵای نێو پارتی گوتی: یەكێتی لە حكومەت دەرناچێ، ئەگەر گۆڕانیش نەیەتەوە. لەمە دڵنیاین و حكومەتەكەش دەتوانێ بەبێ گۆڕان بەڕێوەبچێت. چونكە یەكێتی لەدەست سیاسەتی گۆڕان رزگاری بووە".
ئەو سەرچاوەیەی نێو پارتی ئەوەشیگوت "پارتی ئامادەیە لەگەڵ یەكێتی رێككەوتن بكات و سەرۆكی نوێی پەرلەمان بدرێتە یەكێتی. یەكێتیش ئێستا لەنێوخۆیاندا لەسەر ئەم مەسەلەیە لە گفتوگۆدان".
پارتی بەئاشكرا هەڵوێستی خۆی بۆ هاوپەیمانەكەی روونكردەوە و داوای لە یەكێتی كرد پێكەوە نەخشەیەكی نوێی سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان دابڕێژن. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی هەنگاوی یەكەمی نزیكبوونەوەی حیزبەكەی و پارتی دەكات: "یەكێتی و پارتی پێش هەموو شتێك پێویستیان بە هێوركردنەوەی پەیوەندیی نێوانیانە".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی گوتیشی: "دەبێ كار بۆ حكومەتێك بكرێ، هەر لایەنێك خۆی یەكلایی بكاتەوە كە كێ لەنێو حكومەتدا دەبێ و بەرگری لەو حكومەتە دەكات. كێش دەیەوێ ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. چونكە ناكرێ شەریك بیت لە حكومەتدا و لەهەمانكاتدا ئۆپۆزیسیۆنیش بیت".
سەبارەت بەوەی كە ئەگەر گۆڕان خۆی یەكلایی كردەوە و بووەوە بە ئۆپۆزیسیۆن، یەكێتی چ بڕیارێك دەدات، بەشدار دەبێ لە حكومەتدا یان ئەویش دەكشێتەوە؟ مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت "بەلاغی مەكتەبی سیاسی روون بوو كە لە حكومەت و پەرلەماندا دەمێنینەوە".
مستەفا چاوڕەش، كە هاوكات فەرماندەیەكی سەربازیی باڵای یەكێتییە، رەتیدەكاتەوە یەكێتی خۆی بە گۆڕانەوە ببەستێتەوە "بڕیاری كۆتایی یەكێتی هێشتا ماوە و بەستراوەتەوە بە نێوخۆی یەكێتییەوە كە چۆن وەكو یەكێتییەكان بڕیار دەدەن. یەكێتی بڕیاری نەداوە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و لە حكومەتیش ناكشێتەوە و یەكێتی تەرەف نییە".
چونكە بە بڕوای مستەفا چاوڕەش "مەترسیی زۆر لەسەر كورد هەیە، هەر چوار دەوری كورد ئاگرە، ناكرێ یەكێتی خۆی لەو بەرپرسیارێتییە دوور بگرێ". ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی قسەیەكی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی یەكێتی لەسەر پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی دەخاتەڕوو "رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی هەڵنەوەشاوەتەوە، چونكە مام جەلال بەردەوام بە ئێمەی دەگوت، لەگەڵ كام لایەن تێكبچێ چارەسەر دەبێ، بەڵام هەركاتێ نێوانی یەكێتی و پارتی تێكچوو، وڵات تێكدەچێ".
پارتی و یەكێتی لە 27-7-2007 رێككەوتنی ستراتیژییان ئیمزاكرد كە پێكەوە حوكمڕانی هاوبەشی باشووری كوردستان بكەن. كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت "سەرەتای پێكهێنانی كابینەی هەشتەم خەتای یەكێتی بوو، ئەگەر هاتبایە پێش، حكومەتێكی بەهێز دروست دەبوو. گۆڕانیش ئەوكات بەو قورساییەوە نەدەهات".
رووداو
