پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە بەرەنگاری داعش دەبوونەوە و لە قەڵادزێ و سەیدسادق و كەلار بە فیتی گۆڕان كەسوكاریان شەهید و بریندار دەكران

پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە بەرەنگاری داعش دەبوونەوە و  لە قەڵادزێ و سەیدسادق و كەلار بە فیتی گۆڕان كەسوكاریان شەهید و بریندار دەكران
عارف تەیفور بەرپرسی میحوەری خازری هێزی پێشمەرگەی كوردستان گوتى: هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك پشتێنەیەكی بەرگری لە رۆژئاواوە بایەخێكی زۆر گرنگی بۆ پاراستنی هەولێری پایتەخت هەیە، بەڵام ئەم میحوەرە كە بە درێژی 38 كیلۆمەترە، پشتێنەی بەرگریشە بۆ ئاكرێ و خەبات و باشیك، لەمەش زیاتر ئەم میحوەرە كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر بارودۆخی موسڵ، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە بەرزاییەكانی حەسەن شام و زەرتك بچینە خوارەوە، دەچینە ئەو ناوچانەی كە ناوچەی كوردانی شەبەك و كریستیانەكانە، ئەم ناوچانە بەهۆی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعشەوە چۆڵكراون و خەڵكەكەی ئاوارەكراون، بۆیە ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەكرێت هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكاتەوە و ئەو خەڵكانە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. دوورترین خاڵی ئەم بەرەیەی پێشمەرگە 28 كیلۆمەتر لە موسڵ دوورە لە هەندێك شوێن تەنیا 18 كیلۆمەتر لە ناو شاری موسڵ دوورە، لەلایەكی دیكەوە ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لەم بەرەیەوە شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەكەن، خەڵكی هەموو شارەكانی كوردستانن و بەشی زۆریان پێشمەرگەكانی هێزی رزگاری پێشوون كە خەڵكی سلێمانی و گەرمیان و كەلار و هەڵەبجە و قەڵادزێن، بەشێكی دیكەیان پێشمەرگە قارەمانەكانی فەرماندەیی هەولێرن، هەموو پێكەوە بەرگرییەكی قارەمانانە لەم میحوەرە دەكەن.

عارف تەیفور هەروەها گوتی: بەشێكی زۆری پێشمەرگەی ئەم میحوەرە، پێشمەرگەكانی هێزی رزگاری پێشوون، ئەو پێشمەرگانەش خەڵكی كەركووك و گەرمیان و هەڵەبجە و قەلادزێ و سلێمانین، بۆیە كاتێك ئەو ئاژاوەیە دروستكرا و گرووپێك لە خەڵكانی تێكدەر بە دەست لە پشدانی لایەنێك، هەڵیانكوتایە سەر بارەگاكانی ناوچەكانی پارتی لە قەڵادزێ و چەمچەماڵ و سەیدسادق، هەروەها هەڵكوتانیان بۆ سەر لقی كەلاری پارتی، پێشمەرگەكانی ئەم میحوەرە زۆر زۆر لەوە نیگەران بوون، كە لە یەك كاتدا تیرۆریستانی داعش هێرشیان دەكەنە سەر و لە هەمانكاتدا بە پیلان و دەست لەپشتدانی لایەنیكی سیاسی هاوپەیمان و بەشدار لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێرش دەكرێتە سەر بارەگاكانی پارتی و هێرش دەكرێتە سەر كەسوكاریان و بە هەمان نەفەسی تیرۆریستانەی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن و لەناو بارەگاكانی خۆیان شەهید و برینداریان دەكەن.

شايانى باسه تەیفور هەروەها گوتی: ئەمە لە زانست و مێژووی سەربازی و شەڕدا، ناوی لێنراوە تابوری پێنجەم، بۆیە هەرچۆنێك سەیری بكەیت، ئەوجا بە ئەنقەست كرابێت، یان بە بەرنامە، ئەو ئاژاوەگێڕییە رۆڵی تابوری پێنجەمی گێڕاوە، من نازانم هەماهەنگییەك لە نێوان تیرۆریستانی داعش و ئەو لایەنە هەبووە كە بووە هۆكاری ئەو ئاژاوەگێڕییە بوون، یان نا، بەڵام ئاكامی ئەو رەفتارە تێكدەرانە و ئاژاوەگێڕییانە، بەوجۆرە شكاوەتەوە و وەك ئەوە وایە تیرۆریستانی داعش ئەو خەڵكانەیان هاندابێت لە ناوەوە ئاژاوە دروست بكەن و بارەگاكانی پارتی بسووتێنن، بۆ ئەوەی ئەم هێزە سەرەكییە بشڵەژێت و ئەوانیش هێرشی خۆیان بكەن و سەربكەون، بێگومان داعش هەر واشی كرد، لەو كاتەی هێرش دەكرایە سەر بارەگاكانی پارتی لە ناوچەكانی سلێمانی و گەرمیان، لە هەمانكات هێرشیان كردە سەر میحوەری گوێڕ و مەخموور و لەو میحوەرانە پێشمەرگە توانی تیرۆریستان تێكبشكێنن، بەڵام شەهید و برینداریشمان هەبوو، لە میحوەری خازر بە كاتیوشا و تۆپ و هاون بۆمبارانیان دەكردین، لە میحوەری كەركووك هێرشیان هێنا و تێكشكێندران. دیارە تیرۆریستانی داعش زۆر مەبەستیانە پارتی بشڵەژێت، لەبەر ئەوەی ئێستا لە بەرەی دژی تیرۆریستانی داعش، فراوانترین بەرەی دژی تیرۆریستان بەدەستی پارتییەوەیە.

لە كۆتایی قسەكانیدا عارف هەروەها گوتی: ئەو ئاژاوەگێڕییانە لە دژی پارتی، نەك هەر تەنیا دەستی لایەنێكی دەرەكی، بەڵكو دەستی چەند لایەنێكی دەرەكی تێدابوو، پێش هەر لایەنێك دەستی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی بەغدای لە پشت بوو، هەروەها شاراوە نییە ئێرانیش مەبەستێتی هەرێمی كوردستان ببێتە ناوچەی نفووزی خۆی و كۆنتڕۆلی تەواوی بەسەریدا هەبێت. ئێستا هەرێمی كوردستان لە چەند روویەكەوە بۆ ئێران گرنگە، بەتایبەتی لە بەرامبەر توركیا، بۆ گەیشتن بە سووریا بە شێوەیەكی راستەوخۆ، هەروەها بۆ ئەوەی هەموو عێراق بكەوێتە ژێر نفووزی خۆی، ئێرانیش ئەم كارە لە رێگەی ئەو لایەنە ناوخۆییانەی كوردستانەوە دەكات، كە دەتوانێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاریان بهێنێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەت لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1046)
Top