مسعود بارزانی بۆتە سیمبولێكی نیشتمانیی پێویست و هەتا شەڕی داعش كۆتایی دێت، دەبێت هەر ئەو سەرۆك بێت و سەركردایەتی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بكات
ئەمازیا بارام هەروەها گوتی: بەغدا زۆر بێمێشكە لەم بارەیەوە. ئەگەر ئێستا ئێوە نەوتی كەركووك و هەرێمی كوردستان سەربەخۆیانە لە ڕێی توركیاوە بفرۆشن، كە هیوادارم توركیاش تاسەر ئەم كارەتان لەگەڵ بكات، ئەوا لە پێگەیەكی باشدان، لەبەر ئەوەی تەنیا نەوت نییە بەڵكو كەركووكیشە. بەغدا ناچارتان دەكات كە بەهێزتر بن و بە شێوەیەكی زۆر سەیر لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بن، بۆیە دەبێت سەیری لایەنە ڕوناكەكە بكەن و پێشموایە كورد لایەنی ڕووناكی هەیە. ئەمە یەكەم. سەبارەت بە خاڵی دووەم، ئەوەی من بزانم كێشەی گەورەتان ئێستا ئەوەیە كە هێشتا لە سەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كێبڕكێیەكی بەهێز هەیە لە نێوان یەكێتی و گۆڕان و پارتی، پێویستە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن. وەك دەزانن من لە كوردستان نیم و پڕۆفیسۆری مێژووی عێراقم و پاڵپشتی هیچ لایەنێك ناكەم لە كوردستان و بەگشتی پاڵپشتی هەموو كوردم، حەزیش دەكەم كوردستان بە بەهێزی ببینم، بۆیە لایەنداری هیچ لایەنێك ناكەم و تەنیا ئەوە دەڵێم كە ئامۆژگاری من ئەوەیە كە ئێوە لە ئێستادا ڕوبەڕووی داعش دەبنەوە و شەڕەكە هێشتا تەواو نەبووە، هەرچەندە باشتان هێناوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە مەترسیدان و هێشتا داعش بەهێزە و هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانانیش بە تەواوی كاریگەر نین و ئەمریكا و رووسیاش هێزی سەربازی نانێرن تا لەداعش بتانپارێزێ، بۆیە لە حاڵەتی نائاساییدان، یەكێتی و گۆڕان پێویستە ئامادەبن وەك حاڵەتێكی ئیستسنایی، ماوەی سەرۆكایەتی مسعود بارزانی درێژ بكەنەوە، هەرچەندە دەزانم ئەمە بۆ ئەوان ئاسان نییە، بەڵام ئەمە ڕێگەی چارەسەرە و دوای چارەسەری ئەم پرسە دەتوانن بڵێن دەمانەوێت گۆڕانكاری زیاتر بكەین.
شايانى باسه بارام هەروەها گوتی: لە ئێستادا سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی-یە و جێگرەكەشی قوباد تاڵەبانی -یە، لەم حاڵەتە پارتی و یەكێتی دەتوانن دەسەڵاتی زیاتر بدەن بە گۆڕان و دەشكرێت دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆك وەزیران، بە جۆرێك بەرز بكرێتەوە، هاوتای دەسەڵاتەكانی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆك وەزیران بێت، یان بە لانی كەمەوە بڕیاڕدانیان یەكسان بێت، ئەمەش بەو مانایەی پێویستە بیرۆكەی سەرەكی ئەوە بێت كە پۆستەكان هاوسەنگ بن، بەڵام لە ئێستادا پێویستە هەموو شتێك وەك خۆی بێت. دەتوانن لە داهاتوودا سەرلە نوێ هاوسەنگی لە پەرلەمان و حكومەتدا دروست بكەنەوە، لەبەر ئەوەی ئێستا لە مەترسیدان و نابێت هیچ گۆڕانكارییەك بكەن، بەڵام دەتوانن قسە لەسەر داهاتوو بكەن و دەستوورەكەتان تەواو بكەن و هەموو سیستەمەكە بۆ داهاتووتان دەستنیشان بكەن. پێموایە لە ئێستادا بۆ كورد یەكڕیزی گرنگترە لە وەرگرتنی پارەی نەوت، لەبەر ئەوەی هەموو كەسێك دەتوانێت بۆ ماوەی سێ چوارمانگ خۆڕاگر بێت، بەڵام ئەگەر ڕێگەیەك نەدۆزنەوە بۆ یەكگرتوویی، ئەو خۆڕاگرییەی خەڵكیش نامێنێت، كەواتە دەبێت چارەسەرێكی درێژخایەن بدۆزنەوە و لە دەستووردا هەر لایەنێك مەعقوولانە كۆمپرۆمایز بكات، ئەمەش واتە دڵخۆش نەبێت پێی، بەڵام لەگەڵیدا بێت، ئەمە لە زۆر كێشە ڕزگارتان دەكات و دەبێتە یەكەم هەنگاو كە بەرەو سەربەخۆیی سیاسیتان دەبات. بێگومان بەبێ یەكێتی نەتەوەیی (national unity)، بەڕاستی ناتوانن سەربەخۆ بن، نموونەیەكت لە سەر ئیسڕائیل دەدەمێ.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەمازیا گوتی: پێویستە ئەو كارەساتانەی بەسەر كوردا هاتوون، بۆ نموونە لە هەڵەبجە، بەبیر خەڵكی بێننەوە، لەبەر ئەوەی گەنجان ئەوەیان نەدیوە، لەوانەیە لەڕووی تیۆرییەوە بیزانن، بەڵام بەڕاستی نازانن چی ڕوویداوە، ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێی چاوپێكەوتن لەگەڵ ڕزگاربووانی ئەو كارەساتانەدا بكرێت، یان ئەوانەی كە بیریانە چۆن لەگەڵ سەدام حوسەین شەڕ كراوە، یان ساڵانی حەفتاكان بە بیر خەڵك بێننەوە كە چیتان بەسەر هاتووە. شەڕی ناوخۆی نەوەدەكان بە بیری خەڵكی خۆتان بێننەوە كە لە نێوان پارتی و یەكێتی رووی دا، خەڵكی دەبێت ئەمانە بزانن كە تا چەند كاولكاری دروستكرد، ئەمانە ڕوویانداوە و ئێستا گەنجەكان نایزانن. دەبێت خەڵك بزانێت كە كوردستان چ ڕێگەیەكی درێژی لە پێشە و دەبێت كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئەگەر چارەسەری نەكەن، ئەوا دەكەونە ژێر هەڕەشەوە. هێشتا دوژمنی زۆرتان وەك داعش هەیە، عەبادی -یش هاوڕێتان نییە. ئامۆژگاریم ئەوەیە، كەسانێك بدۆزنەوە فیلمی دۆكیومێنتاری بكەن كە دۆخی كوردستان لەكاتی جەنگی عێڕاق و كیمیاباران و ئەنفال لەساڵانی هەشتاكان و كۆڕەوەكەی ١٩٩١ و جەنگی ناوخۆیی لە ساڵانی نەوەدەكان پیشان بدات، پێویستە لەسەر ئەمانە فیلم بەرهەم بێنن، بۆ ئەوەی نەوەی نوێتان ئاگادار بكەنەوە. ئیسڕائیلییەكان بەردەوام كار لەسەر ئەم فیلمانە دەكەن لەبەرئەوەی یەكێتی نەتەوەیی زۆر گرنگە و گەنجان دەبێت بایەخی پێبدەن. ئێمە لە ئیسڕائیل و ئێوەی كورد لە كوردستان لە ناوچەیەكی زۆر خراپداین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1046)
