شارهزایان: گۆڕان شهرعیهتی یووسفی نههێشت.. ئەوان كارێكیان كردووە دڵی مالیكی و داعشیان خۆش كردووە
دكتۆر (ئاراس عەبدولكەریم) نووسەر و ڕۆژنامەنووس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان نەك هەر تەوافوقی تێك دا، بەڵكو پێچەوانەی پێوەری تەوافوق كاری كردووە، لە هەر شوێنێكدا بەرژەوەندیی هەبووبێت بە تەواوی هاوكێشەكەی ئاوەژوو كردووە؛ بە تەواوی بە پێچەوانەی پرەنسیپی تەوافوقەوە كاری كردووە. لەكاتێكدا تەوافوق یەكێك بوو لە خواستە سەرەكییەكانی گۆڕان و، هەموو لەبیرمانە پاش ڕووداوەكانی 17ی شوبات، گۆڕان پێداگرییەكی زۆری دەكرد بۆ ئەوەی پێوەری تەوافوق پرەنسیپی سەرەكی بێت بۆ ئەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتمانی هەڵدەگرن، ئەوە بوو بە یاسا لە پەرلەمانیشدا ڕێك خرا. بۆیە بە مانای وشە گۆڕان یاساشكێنییشی كردووە، یاسایەك كە داخوازیی خۆیان بووە، ئەوەتا بە پێچەوانەی پێوەری خۆیشیان ڕەفتاریان كردووە."
(ئاراس عەبدولكەریم) گوتیشی "گۆڕان خۆی شەرعیەتی (یووسف محەممەدی) شكاندووە. (یووسف محەممەد) كەی سەرۆكی پەرلەمان بووە بۆ ئەوەی بڵێن شەرعیەتی لە دەست داوە، خۆ هەروەكو پەیامنێرێك كاری كردووە و، نوینەرێكی (نەوشیروان مستەفا) بووە. خۆی سەرۆكی پەرلەمان دەبێتە چەتر، بەڵام ئەم سەركردایەتیی تەرەفێكی دیاریكراوی دەكرد دژی پارتیێكی تر، هەچ كەسێكی تریش وهها كار بكات، نابێ سەرۆكی پەرلەمان وا بێت. بۆیە بڕوام وایە (یووسف محەممەد) هەرگیز ئەركی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی جێبەجێ نەکردووە و، هەرگیز سەرۆكی پەرلەمان نەبووە، تا ئەمڕۆ ئەم پۆستەی لە دەست دابێت."
ئهو نووسهر و ڕۆژنامهنووسه گوتیشی: "بەیاننامەکەی دوێنیی گۆڕان، بە واتای وشە تەعبیر لە قەناعەت و قەبارە و مەنتیق و لۆژیكی گۆڕان دەكات، گۆڕان بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە وەکو حزبێک بێتە سەنگەری نیشتمانی و نهتەوەوە؛ گۆڕان لە رێی میدیا حزبی و سێبەرەكانییەوە هەمیشە خەنجەری ژەهراوییان لە پشتەوە لە سەنگەرەكانی ڕیزی پێشەوەی هێزی پێشمەرگە داوە. بیریشمان نەچێت ئەوە داعش بوو دەستخۆشیی لە ئاژاوە و تەنگەژە دروستكردنكەی گۆڕان كرد! ئەمەش بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگری ترە كە گۆڕان لە بەرەی كوردایەتیدا نییە؛ ئەوەتا ئەوان كارێكیان كردووە دڵی داعشیان خۆش كردووە. بە داخەوە لەوكاتەوەی گۆڕان هاتووەتە ناو حكوومەت هەمیشە بەو ئاراستەیەدا كاری كردووە كە ئاشتەوایی و یەکڕیزیی سیاسی و كۆمەڵایەتی تێك بدات. بۆیە زۆر چاوەڕوانكراوە داعش دەستخۆشی لە وەها بزووتنەوەیەك بكات."
هاوكات (دكتۆر چواس حەسەن) مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، لهسهر ئهو باوهرهیه كه: "ئەم كارەی كە پارتی بە گۆڕانی کرد، كاردانەوە بوو، چونكە گۆڕان خۆی بەڵێنی ئەوەی دابوو كە چوار ساڵی ئارام لە حكوومەتدا بەڕێ بكات، هەر لەبەر ئەوەیش پارتی هەموو شتێكی كرد بۆ ئەوەی ئەم چوار ساڵە ئارام بێت و، بڕوبیانوو نەداتە دەست گۆڕانەوە، تا بڵێت ناتوانین بەرنامەكانی خۆمان لە حكوومەتدا جێبەجێ بكەین. هەموومان بینیمان كە گۆڕان لە ناوچەی سلێمانی ئەم ئارامییەی نەپاراست، ئەم پۆستانەی بە دەستیانەوە بوو دەیانویست لە دژی پارتی بەكاری بێنن، وەكو پێگەی سەرۆكی پەرلەمان؛ خۆ پارتی پۆستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی لە دژ بەكار دەهێنرا و دەسەڵاتە فراوانەكەی سەرۆكی پەرلەمانیان كردبووە هۆكارێك بۆ ئەوەی هەڕەشە لە پارتی و تەوافوق و سازان بكەن. خۆ لە هەر شوێنێك كۆبوونەوە و سازانێك هەبا، سەرۆكی پەرلەمان خۆی دەخزاندە بابەتەكەوە و دەیگوت، ئەگەر بە دڵمان نەبن ئێمە چیمان بوێ دەیكەین و هەڕەشەیەكی زۆری دەكرد. دەبوو یەکێک جڵەوی گۆڕان ڕابکێشێت، ئاخر ئەگەر وا ڕۆیشتبا كوردستانیان بەرەو هەڵدێرێکی زۆر خراپ دەبرد."
(چواس حەسەن) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ههروهها گوتی: "لە سەرجەم قۆناغەكاندا گۆڕان خۆی بە دوور گرتووە لەو مەترسیانەی هەڕەشەن لەسەر هەرێمی كوردستان؛ جا چ لەلایەن داعشەوە بووبێت یان حكوومەتی عێراق. خۆ بەر لە شەڕی داعش حكوومەتی عێراق دەیویست لە ڕێگای پرۆسەی دیجلەوە هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، خۆ نەمانبیست لەلایەن سەركردایەتیی گۆڕانەوە تەركیز بخرێتە سەر ئەم هەڕەشە دەرەكیانە. ئەگەر سەیری فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بكەین بە شێوەیەكی سەربەخۆ، خۆ دەستكەوتێكی كەسێنی نییە، بەڵكو دەستكەوتێكی زۆر گرینگی نەتەوەیی و میژووییە، بەڵام گۆڕان دژایەتیی ئەم هەنگاوەشیان كرد و لەمپەریان بۆ دروست دەكرد لە ناوخۆدا. هەموو دوژمنانی كورد دەستخۆشی لەو كەس و گرووپ و حزبانە دەكەن، كە ناوماڵی كوردی بشێوێنێت و پشێوی دروست بكات، لە 17ی شوباتیشدا (مالیكی) دەستخۆشیی لە پیلانگێرەکانی ئەو كات كرد، داعشیش هەروا دەستخۆشیی لە گۆڕان دەكات كە پشێوی لە هەرێم ناوەتەوە."
