لە میسر هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەستی پێکرد بەبێ بەشداریی ئیخوان موسلیمین

لە میسر هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەستی پێکرد بەبێ بەشداریی ئیخوان موسلیمین
ژمارەیەک هاووڵاتی میسر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان بەبێ بەشداریی ئیخوان موسلیمین، روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.

بەپێی هەواڵی میدیا میسرییەکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی میسر ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2015 لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد و بڕیارە تاوەکو ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەردەوم بێت.

ئەم هەڵبژاردنە، یەەم هەڵبژاردەنە دوای ئەوەی حکوومەتی میسری، رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی ئەو وڵاتەی خستە لیستی تیرۆرەوە و بەمشێوەیەش، هەڵبژاردنەکە، بەبێ بەشداریی ئیخوان موسلیمین بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی لە میسر بە دووقۆناغ ئەنجام بدرێت و قۆناغی یەکەم لە 14 پارێزگا ئەنجامدەدرێت، کە پارێزگاکانی جیزە و ئەسکەندەرییەی کەناراوای لەخۆ دەگرن.

لە قۆناغی دووەمیشدا، کە رۆژانی 21 و 22ـی تشرینی دووەم لە دەرەوە و رۆژانی 22 و 23ـی ئەم مانگە لە ناوخۆی ئەم وڵاتە ئەنجام دەدرێت، هاووڵاتییانی 13 پارێزگا، لەوانە، قاهیرە، سوێس، شەرقییە، باکوور و باشووری سینا دەنگ بۆ پەرلەمانێکی نوێ لە وڵاتەکەیان دەدەن.










باسنیووز
Top