روونكردنەوەیەك لە یەكێتی لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكانی گۆڕان

روونكردنەوەیەك لە یەكێتی لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكانی گۆڕان
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی رایدەگەیێنێ، ئەوان نە پۆستی وەزارەتی دارایی، نە هیچ وەزارەتێكی دیكەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت وەرناگرن. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەگەر وەزیرێك دەستی لەكار كێشایەوە، یاخود مرد یان دوورخرایەوە، دەبێ شوێنەکەی لەلایەن وەزیرێكی کابینەكەوە پڕبکرێتەوە و نابێت كەسێك لەدەرەوەی حكومەت پۆستەكە وەربگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15 ی تشرینی یەكەمی 2015، لە میدیا لۆكاڵییەكان هەواڵی ئەوە لەسەر زاری پەرلەمانتارانی كوردستان بڵاوكرایەوە، كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری دارایی بەوەكالەت بەڕێوەدەبات و دەكردنی رێباز حەملان كاریگەری لەسەر كاروبارەكان و دابەشكردنی مووچە نابێت، بەڵام ئەو هەواڵە لەلایەن یەكێتی رەتدەكرێتەوە.

بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بڕیاربەدەستە لەنێو حیزبەكەی، گوتی كە نە قوباد تاڵەبانی و نە هیچ وەزیرێكی دیكەی یەكێتی لە حكومەت، وەزارەتەكانی گۆڕان وەرناگرن و ناچنە كێشەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانەوە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی كە لەبەر پۆستەكەی نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بۆ رووداو گوتیشی " ئێمە تەنها هەوڵی هێمنكردنەوەی بارودۆخەكە دەدەین و دەمانەوێت كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەشداری سەرجەم لایەنەكان تاوەكو كۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان بەردەوامبێت". پێشتر مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندبوو، كە ئەوان هیچ پۆستێكی گۆڕان لە حكومەت وەرناگرن.

سەبارەت بە بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی، ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتی " پۆستەكە لەلایەن خودی نێچیرڤان بارزانی یان كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ بەڕێوەدەبرێت، چونكە ئەوان شیاوترین كەسن بۆ ئەو پۆستە، بەهۆی ئەوەی ئاگاداری مەلەفی نەوتن و كارەكەشیان نزیكە لە وەزارەتی دارایی".




























رووداو
Top