هێمن هەورامی: یوسف محەممەد پەرلەمانی ئیفلیج کرد
ھێمن ھەورامی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەنادۆڵی راگەیاندووە، کە یوسف محەممەد پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەکاردەهێنا بۆ پەکخستنی پەرلەمان و سازانی لایەنەکان و رایدەگەیەنێت، کە بزووتنەوەی گۆڕان پێشێلی رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی کرد، “رێککەوتنەکەمان هەڵوەشاندەوە“ و یوسف محەممەدیش ئیدی سەرۆکی پەرلەمان نییە.
هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەکردووە، کە گۆڕان ئاراستەی سیاسی لە کوردستاندا ”بەلاڕێدا بردووە“، و دەڵێت، پێویستە وەک پارتی بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، “ناکرێت بزووتنەوەی گۆڕان لەناو حکوومەتدا بن، بەڵام لە بارەگاکانیانەوە پلان دابڕێژن و خۆیان وەکو ئۆپۆزیسیۆنێکیش بەرانبەر بە حکوومەت پێشان بدەن”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، گۆڕان و بەتایبەت یوسف محەممەد بەوە تاوانبار دەکات، کە ”دەیەوێت ئەو توندوتیژانەی سلێمانی بێنێتە ھەولێر و پارتی تووشی کاردانەوە بکات و دۆخی کوردستان تێک بچێت“، تا بە هەموو لایەک بڵێت، ”پارتی دۆخی کوردستانی تێکدا“.
هەورامی باسی لەوەشکردووە، کە ھەموو ئەو وڵاتانەی کۆنسوڵگەریان لە ھەولێر ھەیە دووپاتیان کردووەتەوە، کە ”پشتیوانی خەڵک و سەقامگیریی کوردستانن“ و ئامۆژگاری ھەموو لایەنە سیاسییەکانیان کردووە، کە ”توندوتیژی بەرانبەر بە یەک بەکارنەھێنن و بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ“، چونکە بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی پارتی، ئەو وڵاتانە ”ھەرێمی کوردستان بە ھاوپەیمانی تەواو لە شەڕی دژی داعش دەزانن و پێیان خۆشە کە ھاوپەیمانەکەیان بەھێز بێت نەک بەھۆی ئەمەوە لاواز بێت”.
بزووتنەوەی گۆڕان ”دونیابینییەکی تایبەتی سیاسی ھەیە“، هێمن هەورامی وادەڵێت، لە هەمانکاتدا پێیوایە نەوشیروان مستەفا ”لەسەر بنەمای رق“ مامەڵە لەگەڵ پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان دەکات دەڵێت، ”ساڵی 2005یش, کە لە یەکێتی جیابوویەوە ”لەسەر رێککەوتنی ستراتیجی یەکێتیی بوو لەگەڵ پارتی و لەسەر پرسی رێکخستنی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بوو بەدیاری کراوی”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی هەروەها باس لەوە دەکات، کە دوای دوورخستنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتی، کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی 2013 بوو، ”هەڵبژاردنی پێشوەختە“ و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکوومەت و دروستکردنی حکوومەتی کاربەڕێکەر، لە سیناریۆکانن بۆ ”راستکردنەوەی“ پرۆسەی سیاسی، وێڕای ئاماژەدان بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2013 و پێکهێنانەوەی حکوومەت لەسەر ئەنجامەکانی.
باسنیوز
