حەشدی شەعبی هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووک دەکات

حەشدی شەعبی هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووک دەکات
میلیشیا شیعەکان هەڕەشە لە کورد دەکەن، بەوەی بە چەک رووبەڕوویان دەبنەوە لە شاری کەرکووک.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، حەشدی شەعبی بە نیازە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە باشووری کوردستان بقۆزێتەوە و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاندووە، بۆ هەر کارێکی سەربازی لە دژی کورد لە کەرکووک.

حەشدی شەعبی داوای لە سەرۆک وەزیران کردووە، کۆتایی بە دەسەڵاتی کورد لە کەرکووک بهێنێت و بە ”داردەستی ئیسرائیل“ ناوی کورد دەبات.

ئەو میلیشیایە، لە لاپەڕەی تایبەتیی حەشد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە کاتێکی ”زۆر نزیکدا“، کەرکووک لە ”داگیرکاریی“ کوردەکان رزگار دەکەن و هەڕەشەش لە کورد دەکات، کە بە ”سزای دادگەریی“ خۆیان دەگەن.

ئەو هەڕەشانەی میلیشیا شیعەکان، دوای رێگریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دێت لە چەکدارەکانی، کە بە نیازبوون بچنە نێو شاری کەرکووک و هاوکاتە لەگەڵ ناکۆکی نێوان پێنج لایەنەکە لە کوردستان.

دوای هێرش و داگیرکاریی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ سەر چەند پارێزگایەکی عێراق و هەڵاتنی سەرباز و ئەفسەرانی سوپای عێراقی لە کەرکووک، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان پاراستنی ئەوشارەیان لە ئەستۆ گرت و دواتریش مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە کەرکووک گەڕاوەتەوە سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان و بە هیچ شێوەیەک پێشمەرگە لەو ناوچانەی کوردستان ناکشێتەوە، کە کەوتبوونە ماددەی 140ـی دەستووری عێراق.














باسنیوز
Top