فڕاکسیۆنی زەرد: یووسف محەممەد دەتوانێت ئەندامێكی فراكسیۆنەکەی بێت
(ئومێد خۆشناو) سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كە باس لە شەرعییەتی پەرلەمان دەكرێت، ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنین، بەشێكین لە شەرعییەتی پەرلەمان و شەرعیەتی پەلەرمانیش بەشێكە لە ئێمە، لە پێناو پاراستن و دروستبوونی ئەو شەرعییەتەیش خوێنمان بەخشیوە و، ئێستایش بە هەمان شێوە پارێزگاری لە شەرعییەتی پەرلەمان دەكەین".
(خۆشناو) گوتیشی: "رێككەوتنێك لە نێوان ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە لە دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، ئەو رێككەوتنە سیاسییەیش كۆتایی هاتووە و كەسێك نەماوە بە ناوی (یووسف محەممەد) سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بێت، بەڵام (یووسف محەممەد) ئەندامی فراكسیۆنێكە كە پێی دەگوترێ فراكسیۆنی گۆڕان، ئەو فراكسیۆنەیش لەناو پەرلەمانی كوردستاندا بوونی هەیە، بەڵام پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان نەماوە، ئەوەیش بە كۆمەڵێك هۆكار، یەكێك لەوانە ڕووداوەكانی 23ـی حوزەیران و پێش ئەو كاتە و، دوای ئەویش لایەنگیری دەستی پێكرد و بێلایەن نەبوو لە بابەتەكاندا و، وەكو هەڵسووڕاوێكی گۆڕان كاری كرد، ئێستایش وەكو هەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت ئەندامێكی ئەو فراكسیۆنە بێت، بەڵام لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نەماوە و ئەو رێككەوتنەی نێوان پارتی و گۆڕانیش كۆتایی هاتووە".
