ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سێ لایەنەكە
لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسییە، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆكانمان بەچڕ و پڕی كرد و لە ئەنجامدا هەر سێ لایەنمان لەسەر ئەم خاڵاتە رێككەوتووین:
1-چارەسەرکردنی قەیرانەکان تاوەکو خولی ئێستای پەرلەمان تەواو دەبێت.
2- پشتیوانی مافی مانگرتنی پیشەیی ، مەدەنی بۆ مافەڕەواکانیان دەکەین و دژی هەموو جۆرە گێرەشێوێنییەکیشین.
3- راگەیاندنەکان بەتایبەتی راگەیاندنی پارتی و گۆڕان دەبێ هاوکاری هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان بن.
4- بە لێبڕاوی دژی دوو ئیدارەیین لە کوردستاندا.
5- پەکخستنی رۆڵی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان پێچەوانەی یاسا و رێسای ئیداری و رێککەوتنی سیاسییە.
6- دەستێوەردانی هەرلایەک راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن هەرلایەنێکی ئیقلیمی و هێزی سیاسییەوە بێت دژی ئیرادەی دیموکراسی و یاسایی باشووری کوردستانە.
لەوەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنوسان سەبارەت بە پەیامیان بۆ پارتی لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی مەلا بەختیار گوتی، ئەم ئێوارەیە دەرەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ پارتی باس دەکەین و ئەگەر پارتی قسەیەکی دوو قۆڵیشی لەگەڵ یەکێتی هەبێت لەچوارچێوەی پرۆژە هاوبەشەکەی چوار لایەنەکە و لەچوارچێوەی ئەم پەیامە سیاسیەی ئەم سێ لایەنە گفتوگۆ دەکەین لەگەڵیان و شتەکان رووندەکەینەوە.
لای خۆیەوە محەممەد حەکیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، ئاساییە کە پارتی ئەم رێککەوتنەی لەگەڵ ئێمە کردووەیەتی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵام رێگرتن و چارەسەری گرفتەکانی لەگەڵ ئێمە بەو شێوەیەی لەگەڵ گۆران کردوویەتی شتێکی ناڕەوایە و بەباشی نازانین، پێمانوایە خزمەت بە پارتیش ناکات و خزمەت بە کوردستانیش ناکات و قەیران لەدوای قەیران بۆ کوردستان زیاد دەکات.
خەلیل ئیبراهیم ئەندامی شاندی یەکگرتووش گوتی، مەترسییەکان بۆ ئێمە زۆرن دەبێ ئەو حکومەتە بنکە فراوانە وەک خۆی بمێنێت و هەموومان بەرپرسیارەتی بگرینە ئەستۆ، ئەوەی ئێستا کراوە چارەسەر نییە.
