ئەمریکا لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە چەک بە رۆژئاوای کوردستان دەدا

ئەمریکا لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە چەک بە رۆژئاوای کوردستان دەدا
ئەمریکا دەیەوێ پشت لە عێراق بکات و ڕاستەوخۆ چەک بە پێشمەرگە بدات، بەڵام ڕووسیا لە ڕێگای خۆنزیککردنەوە لە PYD، کار بۆ لێکترازانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکا، تاکو مانەوەی سووریا بە یەکپارچەیی مسۆگەر بکات.

دوای ئەندامیەتیی عێراق لە ھاوپەیمانیی روسیا، چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن ئەمریکا ڕاستەوخۆ چەک بە ھێزەکانی پێشمەرگە بدات و لێرەشەوە چەک و پێداویستی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێ، بەڵام خۆنزیککردنەوەی روسیا لە پارتی یەکێتیی دیموکراتی PYD، پێدەچێ ڕیسەکەی ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوا بکاتەوە بە خووری.

میخایل بۆگدانۆڤ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی روسیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا لەگەڵ ساڵح موسلم، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (PYD) لە ڕۆژی ھەینیی ڕابردوو (٩/١٠/٢٠١٥) لە پاریس کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر ھاوکاریی سەربازیی یەکتری کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ھاوکات جەختیان لەسەر یەکپارچەیی سووریا کردووەتەوە.

بەو شێوەیەش ئەگەر دەسەڵاتی رۆژئاوا بڕواتە چوارچێوەی ھاوپەیمانییە ڕووسییەکەوە، ئەوا ڕووسەکان دەیانەوێ سووریا بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەش کاربەدەستانی ئەمریکا کار لەسەر ئەوە دەکەن، کە بە تەواوی لە سووریا پشت بە ھێزە کوردییەکان ببەستن و لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانیشەوە چەک بە یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG بدەن. چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە ھەردوو ئەجێندا سیاسییەکە کار بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و دەبێ کوردەکان بە زیرەکانە و یەکگرتوویی، بڕیار لەسەر داھاتووی خۆیان بدەن.

ئەجێندا ڕووسییەکە

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، بۆگدانۆڤ و ساڵح موسلم گفتوگۆیان لەسەر دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سووریا کردووە، جەختیان لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریاش کردووەتەوە، کە سووریایەکی یەکگرتوو و عەلمانی بێت.

لەم بارەیەوە ئیلھام ئەحمەد، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی تەڤگەرا جڤاکا دیموکراتیک (تەڤدەم) بە ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاندووە، کە ئەوان چاویان لە بەدەستھێنانی مافەکانیانە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، نەک وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە دەیەوێت سەربەخۆیی ڕابگەێنێت.

ئەجێندا ئەمریکییەکە

لەلایەکی دیکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی ھاوپەیمانیی ٦٠ وڵات دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارەکانی داعش، بڕیاری داوە کە بە مەشق پێکردن بە ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا بچێتەوە و ئەمجارە پشت بە کورد ببەستێ.

بن رۆدس، جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بۆ پەیوەندییەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە، کە پێداچوونەوە بە مەشقکردن بە ئۆپۆزیسیۆن “گەڕانەوە نییە، بەڵکو ھەموارکردنی بەرنامەیەکیانە”.

ھاوکات بەپێی ھەواڵێکی (شەرقولئەوسەت)، چەند بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ڕایان گەیاندووە، کە ئەمریکا پرۆگرامی مەشقکردن بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەوەستێنێت و ڕوو دەکاتە کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان و کەلوپەلی بنەڕەتیی سەربازییان بۆ دەنێرێت.

پێشتریش ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی بڵاوی کردبووەوە، کە باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پڕۆژە بڕیاری نوێی جۆزێف سانفۆردی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەمریکای واژۆ کردووە، کە بە مەبەستی کاریگەرترکردنی ڕووبەڕووبوونەوەکان لە دژی داعش ئامادە کراوە.

یەکێک لە خاڵەکانی ئەو پڕۆژەیە، پێدانی چەکە بە ھێزە کوردییەکان لە باکووری سووریا، لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە، چەکەکەش بەو ھێزانە دەدرێت کە ئێستا لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان ناوچەیەکی فراوانیان بەدەستە. چاوەڕوانیش دەکرێت ئەو چەکانە ڕاستەوخۆ بگەنە باشووری کوردستان و لە ڕێگای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە، بەشی ڕۆژئاوا ڕەوانە بکرێت.

لەم بارەیەوە موئەیەد تەیب، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا بۆ (باس) ڕای گەیاند، خۆ دانە پاڵی عێراق بە ھاوپەیمانیەتیی روسیا، ھەڵوێستی ئەمریکییەکان دەگۆڕێ و گوتی: “بۆ ئەمریکییەکان دەرکەوت تاکە گەلی ناوچەکە، کە بە تەواوی شیاوی پشت پێ بەستنە، کوردەکانن”.

ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەمریکا لە ٢٠٠٣ەوە تاکە ھێزی سەرەکی بووە کە پشتگیریی لە عێراق دەکرد، ھەر ئەمریکا بووە سەدامی ڕووخاندووە و ڕێککەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ عێراقدا ھەیە و گوتیشی: “لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا ھاتووە، کە ئەمریکا لە عێراق ڕۆڵی سەرەکیی دەبێ بۆ پاراستنی ئەمنی و دیپلۆماسی لەو وڵاتە”.

ئەو چاودێرە ڕای گەیاند، عێراق کاتێک ڕۆیشتووە بەبێ ئاگاداری ئەمریکا ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕووسەکان کردووە، ئەوە خەرقێکی گەورەی ڕێککەوتنەکەی کردووە، بەو شێوەیەش، ئەگەری زۆر ھەیە گۆڕانکاری لە ھەڵوێستەکانی ئەمریکا سەبارەت بە عێراق ڕوو بدات و پشت لە عێراق بکات و ڕاستەوخۆ چەک بۆ پێشمەرگە ڕەوانە بکات و دەڵێ: “ئەمریکییەکان خۆیان شایەدی ئەوە دەدەن، کە نزیکترین دۆستیان ئێستا لەو ناوچەیە بۆ شەڕی تیرۆر، کوردەکانن، تەنانەت ئەوروپییەکانی ناو ھاوپەیمانییەکەش وا دەڵێن. لەبەرئەوە پێشبینی دەکرێ لەمەودوا ئەمریکا ڕاستەوخۆ بۆ کوردەکان بێتە سەر خەت و یارمەتییەکانی پێ بدەن، لە بەرامبەر بەوەش، پشت لە عێراق بکەن”.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ڕاستە ھەردوو ئەجێندا جیھانییەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کار دەکەن، بەڵام بۆ کورد باشە زیرەکانە و یەکگرتووانە خۆی لەو ھاوپەیمانییە جیھانییانەدا بدۆزێتەوە.

بەڵام د.مەحمود عوسمان، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا، ئەو بڕوا ناکات ھەڵوێستی ئەمریکییەکان گۆڕانی بەسەردا بێت و گوتی: “ئیدارەی ئۆباما دژی ئەو ھاوپەیمانییە ڕووسییە نییە و لەوە ناچێت بۆ عێراق لە ھاوکارییەکانی کەمتەرخەمی بکات”.

ڕاشی گەیاند، ئەجێندای روسیا و ئەمریکا تەنیا لە مانەوەی ئەسەد جیاوازیی ھەیە، نەک لە پرسەکانی دیکە.

لای خۆیشیەوە جەبار یاوەر، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان ، تا ئێستا چەک ڕاستەوخۆ لە ئەمریکاوە بۆ پێشمەرگە نەھاتووە، ئەوەی ھاتووە لە عێراقەوە بووە و گوتی: “ھیچ ڕێککەوتنێکیش نەکراوە، کە لە ھەرێمی کوردستانەوە چەک بۆ ھێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا ڕەوانە بکرێ”.





باسنيوز
Top