شێخ جەعفەر مستەفا: دەبێ فەرمانەکانی بارزانی جێبەجێ بکەین
سەرەتا شێخ جەعفەر باسی لە ورەی ھێزەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: “ورەی پێشمەرگە ورەیەکی پۆڵایین و بەرزە، بەم ورە بەرزەیەوە، پێشمەرگە توانیویەتی داعش تێک بشکێنێت و ڕووبەرێکی زۆری خاکی کوردستانیش لەژێر دەستی داعش ڕزگار بکا”.
فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی دوایین شەڕەکانی پێشمەرگە لە دژی داعش لە سنووری باشووری کەرکوک دەڵێ: “لەم چەند شەڕەی دواییدا لە سنووری باشووری کەرکووک، پێشمەرگە توانیویەتی بە سەدان کیلۆمەتری چوارگۆشە خاک لەژێر دەستی داعش ڕزگار بکا و ئێستا لەو شوێنانە پێشمەرگە دەسەڵاتدارە و کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەی کردووە و ھەڕەشەی لەسەر ناوچەکانی کاکەیی و تاڵەبانی و داودە و خوارووی کەرکووک دوور خستووەتەوە”.
ئێستا لە ھەندێک ناوچەدا، بە تایبەت لە خوارووی کەرکووک، ھێزی پێشمەرگە خەندەق لێ دەدات، ئەو فەرماندەیەی پێشمەگە پێیوایە ئەو خەندەقە بۆ توندوتۆڵکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە و گوتیشی: “لە شەڕدا کە بەرامبەر ھێزێکی سەربازی دوژمن دەوەستیت، دەبێت خۆت قایم بکەیت و سەنگەرسازی بکەیت و خۆت بۆ ھەموو ئەگەرەکان ئامادە بکەیت، پێشمەرگەش بۆ شەوێک، یان مانگێک بچێتە ناوچەیەک، سەنگەری خۆی قایم دەکا و ھەرچی لە توانایدا بێت بۆ سەنگەرەکانی دەیکات”.
شێخ جەعفەر ڕەتی دەکاتەوە ئەو سەنگەر لێدانە بۆ دیاریکردنی سنووری کوردستان بێت و دەشڵێت: ” ئەو خەندەقەی لێ دەدرێت بۆ بەرگری و بەرنگاربوونەوەی داعشە، ھەموو ئەو دەنگۆیانەش دوورن لە ڕاستی کە دەڵێن ئەو خەندەقە بۆ دیاریکردنی سنووری ھەرێمی کوردستانە، چونکە سنووری ھەرێمی کوردستان چیای حەمرینە، بەدەر لەوە، ھیچ سنوورێکی تری کوردستان لەلایەن پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، تاکو ئێمە خەندەقی بۆ لێ بدەین و دیاری بکەین. بۆیە ئەو خەندەقەی ئێستا لێی دەدەین، ئەو خەندەقە تەنیا بۆ بەرگرییە لە بەرامبەر ھێرشی دوژمن”.
فەرماندەی یەکەی ٧٠ ی پێشمەرگە گوتیشی: “بە درێژایی بەرەکانی شەڕ، پێشمەرگە خەندەق لێ دەدا، لە شەنگالەوە تا دەگاتە کوباشی و جەلەولا، لە ھەر شوێنێک دوژمن بەرامبەرمان بێت، خەندەق لێ دەدەین و سەنگەرسازی دەکەین، ھەر کاتێکیش فەرمان ھەبوو بچینە پێشەوە، ئەوا لە شوێنی تر خەندەقی تازە لێ دەدەینەوە”.
شێخ جەعفەر مستەفا ھێما بۆ ھێرشکردنە سەر حەویجە دەکات و دەڵێت: “ئێستا ھیچ بەرنامەیەک نییە بۆ ھێرشکردنە سەر حەویجە، ھەر کاتێکیش بەرنامە ھەبوو، ئەوا بە دڵنیایی ئەوکات قسەی لێ دەکەین. موسڵ و حەویجە یەکێکن لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر کەرکووک و ھەولێر و دھۆک دروست کردووە، لەبەرئەوە پێیوستە پێشمەرگە بەشداریی شەڕی حەویجە و موسڵ بکات، بەڵام بە مەرجی ڕێککەوتن و دابینکردنی پێداویستییەکانی بێت، نەک بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی”.
لێرە و لەوێ ھەندێک دەنگی ناڕەزایی ھەیە سەبارەت بە قوربانیدانی پێشمەرگە بۆ ھەندێک ناوچە، کە گوندی عەرەبین و کوردی نین. ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە وەڵامی ئەو ناڕەزایەتیانە دەداتەوە و دەڵێ: “پرسەکە ناوچەی عەرەبی نییە کە پێشمەرگە تیادا شەھید و بریندار دەبێت، بەڵکو پرسەکە بوونی دوژمنێکە بەرامبەرمان، ئەو دوژمنە لە ھەر جێگایەک بێت، ناوچەکە عەرەبی بێت، یان کوردی، دەبێ ئێمە شەڕی ئەو دوژمنە بکەین و ھەوڵ بدەین ئەم ھەڕەشەیە نەھێڵین، چونکە تاکو ئێستا ئێمە ھەڕەشەمان دوور خستووەتەوە. ئەو ناوچانەی پێشمەرگە بۆی چووە، خاکی کوردستانە و ئێستا بە سەدان کیلۆمەتر ماوە کە بە خاکی کوردستان ئەژمار دەکرێت و لەژێر دەستی داعشدایە”.
لەگەڵ ئەوەی ململانێی سیاسی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان زۆر ھەڵکشاوە و زۆر توند بووە، بەڵام فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە گوتی: “ئەو ململانێیانە بە ھیچ جۆرێک کاریگەریان لەسەر بەرەکانی ھێزی پێشمەرگە نەبووە لە شەڕی داعشدا، ئەو شەڕانەی دواییش سەلماندیان کە ھێزی پێشمەرگە ھێزی کوردستانە، ھەموو ھێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەی ٧٠ و ٨٠، ھێزی پشتیوانی ١ و ٢، زێرەڤانی و ھێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن لە یەک سەنگەر بوون و لە یەک سەنگەردا خوێنیان ڕژاوە و ھێرشیان کردووە و داعشیان تێک و پێک شکاندووە”.
پێشووتر لە بەرەکانی شەڕدا و لەنێو ھێزەکانی پێشمەرگە بە ئاشکرا ھێمای حزبی ھەبوون و دەبینران، کە ئێستا زۆر کەم بووەتەوە. لەبارەی نەمانی ئەو دیاردەیەوە، شێخ جەعفەر دەڵێ: “پێشمەرگە خۆی بچووک ناکاتەوە و خۆی بکاتە پێشمەرگەی حزبێک. ڕاستە پێشمەرگەکان زۆربەیان ئەندامی حزبەکانن، بەڵام پێشمەرگە پێشمەرگەی کوردستان و میلەتەکەیە بە گشتی. بۆیە ئەوانەی لە سەنگەرەکان مۆرکی حزبی دەدەنە خۆیان، ئەوانە خەڵکی بێ توانا و بێ شەخسیەتن، دەیانەوێت بەم مۆرکانە عەیب و عارەکانی خۆیان داپۆشن”.
شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەکەی٧٠ ی پێشمەرگە، کە لە ھەمان کاتدا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە، ڕوونی دەکاتەوە کە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان زانیوە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بکەن، ڕێک بکەون و کۆتایی بە ململانێکانیان بھێنن و گوتیشی: “ئەمڕۆ میلەتەکەمان پێویستی بە یەکێتی و یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی ھەیە، بۆ ئەوەی ھەم بتوانین دوژمنەکانمان بشکێنین، ھەمیش سەربەخۆیی کوردستان بەدەست بھێنین”.
لە بەشێکی قسەکانیدا، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی ڕۆڵی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە شەڕەکاندا گوتی: “ئەمڕۆ ھەر کارێک، یان ھەر چالاکی و کردەیەک کە لە کوردستان دەکرێت، یان ھەر بەرنامەیەک کە جێبەجێ بکرێت، دەبێ ڕەزامەندیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی لەسەر بێت. بەبێ ڕەزامەندیی مەسعود بارزانی، تەنانەت ھێزەکانی ھاوپەیمانان ڕازی نین فڕۆکەیەکیشمان بۆ ھەڵسێنن، ھەروەھا ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەبێ ڕەزامەندیی بارزانی، ھیچ ھاوکارییەکی ھێزی پێشمەرگە ناکەن. بۆیە منیش ھەموو فەرمانەکانی مەسعود بارزانی جێبەجێ دەکەم و ئەگەر بمانەومێت بەرگری لە خاکی کوردستان بکەین و پارێزگاری لەم ھەرێمە بکەین، دەبێ فەرمانەکانی بارزانی جێبەجێ بکەین”.
باسنیوز
