ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستان روودەدات فیتنە و گێرەشێوێنیە و تەنیا خزمەت بە دوژمن و تیرۆریستانی داعش و دەستێوەردانی دەرەكی دەكات

ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستان روودەدات فیتنە و گێرەشێوێنیە و تەنیا خزمەت بە دوژمن و تیرۆریستانی داعش و دەستێوەردانی دەرەكی دەكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دڵشاد چاوشلی سەرۆكی پارتی دیموكراتی توركمانی كوردستان گوتى: كوردستان لە دژوارترین بارودۆخەكانیدایە و پێشمەرگە لە شەڕێكی قورسدایە دژ بە دڕەندەترین تیرۆریستانی داعش شەڕ دەكات، لەم پێناوەشدا هەزاران شەهید و برینداری لێكەوتۆتەوە، هاوكات بەغدا بۆ زیاتر لە ساڵێكە گەمارۆیەكی سەختی لەسەر كوردستان سەپاندووە. لە دەوروبەریشماندا دۆخەكە ئاڵۆز بووە، دوای ئەوەی هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان و ململانێی زلهێزەكانی جیهان تێكەڵ بە شەڕی سووریا و عێراق بووە. وەكو دەبینین وڵاتێكی زلهێزی وەكو رووسیا بە هەموو هێزی ئاسمانی و دەریایی و زەمینی و چەك و جبەخانەوە هاتۆتە سووریا و لە دەریای قەزوینەوە بارەگاكانی هێزەكانی دژ بە بەشار ئەسەد مووشەكباران دەكات، ئەمەش كاریگەری لە سەر كوردستانیش دەبێت. لەم دۆخەدا ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان و پێكهاتەیەكی رەسەن و سەرەكی لە كوردستان پێمان خۆشە هێمنی و ئاسایش لە كوردستان هەبێت، چونكە نەتەوەكانی دەوروبەرمان كەوتوونەتە ناو ئاگرێكی گەورە، ئێمەش نامانەوێت خەڵكی سڤیل لە كوردستان دووچاری ئەو داماوی و نەهامەتییە ببن، كەچی لە بەرامبەردا بەداخەوە زۆر لە حزبەكانی كوردستان ئاستەنگیان لە بەردەم وتارێكی یەكگرتووی سیاسی داناوە.


دڵشاد چاوشلى هەروەها گوتی: ئێمە وەكو حزب و لایەنە توركمانییە كوردستانییەكان بە پێویستی دەزانین لە هەموو ئەو كۆبوونەوە و دانوستاندنانە بەشدار بین كە لە نێوان پێنج حزبەكە ئەنجام دەدرێت، نەك تەنیا وەكو چاودێرێك بین و رۆڵمان پێ نەدرێت. جێگەی داخە ئەو لایەنە سیاسی و حزبە كوردستانییانەی تا دوێنێ بوو باسیان لە دیموكراتی و بەشداریكردنی زۆرینە لە حوكمڕانی دەكرد، ئەمڕۆ بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوت دەكەن. ئەو چوار حزبەی كوردستان (گۆڕان و یەكیتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو) بەهەموو شێوەیەك دژ بە نەتەوەی ئێمە رادەوەستن و دەیانەوێت توركمان تەنیا بە یەك ئەندام بەشدار بێت لە كۆبوونەوەكاندا، كە ئەمە لای توركمانەكان قابیلی قبووڵكردن نییە. ئێمە بەپێی یاسا و رێنماییەكان مۆڵەتی حزبیمان هەیە و لە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشدار بووین ودەنگمان هێناوە و پێكهاتەی حكومەت و ژمارەی كورسییەكانمان بە تەوافق و رێككەوتن بەدەست هێناوە و تەنانەت داوای پۆستی سیادیشمان نەكردووە، ناشبێت چەند حزبێك بە ناوی گەلی كورد پێشێلكاری ماف و ئیستحقاقاتی نەتەوەی دووەم بكەن. ئەمە زیانی بۆ ئەو كەلتوورەی پێكەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە جیهانی پێشكەوتوو دەبێت كە لەسەر ئەو بنەمایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لە حكومەتەكانیان هەیە پاڵپشتی و پارێزگاری لەكوردستان بكەن.


شایانی باسە چاوشلى هەروەها گوتی: دەزانن بۆچی جیهانی پێشكەوتوو رێگەی نەدا كوردستان داگیر بكرێت، یاخود وڵاتانی دەوروبەر هێرش بكەنە سەرمان، ئەمە بۆ ئەو كەلتوورەی پێكەوەژیان و لێبووردەییە دەگەڕێتەوە كە گەلی كوردستان پێی ناسراوە و مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بە بەردەوامی لە هەوڵی پاراستن و دەوڵەمەندكردنی بووە. هەر ئەمەشە وایكردووە ئێمە لە بیروبۆچوون و ستراتیژییەتی بەڕێز مسعود بارزانی نزیك بین. كێ پاڵپشتی و پشتگیری مافەكانی نەتەوەی توركمان بكات، ئێمەش دەبێت پاڵپشتی بكەین. لە هەموو پرسە ناوخۆیی و نیشتمانییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری بە ئێمە كرددوە، چ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی كێشە و قەیرانەكان، چ بۆ داكۆكیكردن لەسەر كێشە نەتەوەییەكان، هەر جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو كە وایكرد زۆرترین مافەكانمان لە ناو دەستووری عێراقدا جێگیر بكرێت، لە كوردستانیش مافەكانمان جێگیر بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین مومارەسەی كار و مافە نەتەوەییەكانمان بكەین. ئێمە پێمانوایە ئەم كەلتوورەی پێكەوەژیان و لێبووردەییە بەرهەمی فیكری مستەفا بارزانی -یە كە هەموو پێكهاتەكان بە توركمانیشەوە لە دەوری ئەو سەركردەیە كۆبوونەوە و گەورەترین شۆڕشیان هەڵگیرساند.


دڵشاد لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: زۆربەی حزبەكان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارن. ناكرێت ئەو چوار حزبەی ئێستا كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانوستاندان، خۆیان بە بەرپرسیار لە قەیران و كێشەكانی خەڵكی كوردستان نەزانن. ئەوان دەستیان كردووە بە موزایەدەی سیاسی و هەیبەت و شكۆی پەرلەمانیان شكاند، لە كاتێكدا هەمووان دەزانن پەرلەمان شوێنی موزایەدە و راگەیاندنی چەواشەكاری نییە، بەڵكو شوێنی دانانی یاسا و تەشریعات و چاكسازی و چاودێریكردنی ئەدای حكومەتە. ئەو حكومەتە ئەوانیش تێیدا بەشدارن و لێی بەرپرسیارن. ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان روودەدات، فیتنە و گێرەشێوێنییە و بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە خەڵكی كوردستان ناكات و تەنیا خزمەت بە دوژمن و تیرۆرستانی داعش و دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێمان دەكات. ئەگەر ئەو حزبانە دۆخەكە هێور نەكەنەوە و لەسەر ماكینەی شەڕی راگەیاندن بەردەوام بن، زیان بە ئەزموونەكەمان دەگەیەنن. تۆ سەیری ئەو دوو دیمەنە جیاوازە بكە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو سەنگەرە دژ بە تیرۆرستانی داعش، كەچی لەلای ئەو حزبانە هێرشی راگەیاندن بەرامبەر ئەو سەركردەیە دەكرێت و خزمەت بە مەرامی هەواڵگری ئەو وڵاتانە دەكەن كە دژی بەدەوڵەتبوونی كوردستانن، بگرە بە روونی دیارە كەسایەتی وا هەیە بە ئاشكرا دەستی لەناو دەستی دوژمنانی كوردە، ئەگەر ئەو دەست و پیلانانە نەبڕدرێت، بە تەئكید دۆخی سەقامگیری و ئاسایش تێك دەچێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1045)
Top