فارس نه‌وڕۆڵێ: داگرتنی ئاڵای گۆڕان له‌ باره‌گاكان سیناریۆ و ده‌نگۆیه‌ و، ته‌نیا باره‌گاكانی پارتی کراونەتە ئامانج

 فارس نه‌وڕۆڵێ: داگرتنی ئاڵای گۆڕان له‌ باره‌گاكان سیناریۆ و ده‌نگۆیه‌ و، ته‌نیا باره‌گاكانی پارتی کراونەتە ئامانج
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت، بزووتنەوەی گۆڕان منداڵکاران ھان دەدات ھێرش بکەنە سەر بارەگاکانی پارتی؛ ئەمڕۆش ھەوڵ درا ھێرش بکرێتە سەر لقی پارتیی لە سلێمانی و ھەڵه‌بجە، بەڵام رێگریان لێکرا.
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی (فارس نەوڕۆڵی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە شەقامی مەولەوی ھەوڵ درا کە ھێرش بکرێتە سەر بارەگای لقی چواری پارتی لە سلێمانی، بەڵام ڕێگەیان لێ گیرا و، نەیانتوانی ھێرش بکەن؛ ئەمڕۆ ھەوڵیش درا ھێرش بکرێتە سەر بارەگای لقی ١٢ی پارتی لە ھەڵەبجە و، کۆمەڵێک منداڵ کۆ کرابوونەوە و ھان دەدران، بەڵام لەوێش ڕێگەیان لێ گیرا."
(فارس نەوڕۆڵی) گوتیشی، بزووتنەوەی گۆڕان ھانی منداڵان دەدات بۆ ئەوەی ھێرش بکەنە سەر بارەگاکانی پارتی، ئەمڕۆ لە ھەڵه‌بجە منداڵکاری دە دوازدە ساڵانیان تێدا بووە.
ڕوونیشی کردەوە، ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەکات لە ھەندێک شوێن ئاڵای گۆڕانیش داگیراوە، ئەمە سیناریۆیە دروست کراوە و، ھیچی دیکە نییە و، تەنیا بارەگای پارتی دەکرێتە ئامانج و كراوه‌ته‌ ئامانج.
Top