"نانهوهی پشێوی كارێكی نانیشتمانی و ئاینییه..خزمهت به دوژمنانی كورد دهگهیهنێ"
دهقی ڕاگهیێندراوهكه:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
وتعاونوا علی البر والتقوی، ولاتعاونوا علی الاثم والعدوان
مامۆستایانی ئایینی بەڕێز
هاووڵاتیانی خۆشەویست
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە دەرەنجامی خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە چەند دەڤەرێکی هەرێمی کوردستان پشێوییەك دروست بووە، کە بە داخەوە ئەنجامی نەخوازراوی لێ کەوتەوە.
ئێمە وەك یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەر لە سەرەتاوە لە ڕێگەی لقەکانمان لەم سنوورانەوە هەوڵی تەواومان دەدا بۆ ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی تەندروستی خۆیان بڕۆن، بەڵام بە داخەوە بەرەو ئاقارێکی نەخوازراو بردردان، تا گەیشتە خوێنڕشتن و بەردباران و بارەگاسووتاندن، ئەمەش وێڕای لێکترازانی زیاتری ڕەوشی سیاسی، کاریگەری ناڕاستەوخۆشی بەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە.
بۆیە لێرەوە دەستخۆشی لەو مامۆستا ئایینیانە دەکەین کە لە وتارەکانی ڕۆژی هەینی و لە کاتی ڕووداوەکانیش ڕۆڵی هێورکردنەوە و گێڕانەوەی ئارامیان دەدیت، بە پێچەوانەوە هەر وتار و قسەیەك لە هەر چین و توێژێکەوە دەرچووبێت کە بۆنی لایەنگیری و خۆشکردنی ئاگری پشێوییەکانی لێ بێت کارێکی نامەسئوولانە و ناڕەوا و نانیشتمانیانە و دوورە لە هەموو بەها ئەخلاقیەکانە و، ئەنجامدەرانی دەکەونە بەر لێپرسینەوەی خوایی.
چونکە ئەمڕۆ کوردستان لە حاڵێکدایە کە چواردەوری دەکوڵێت و، پێشمەرگە قارەمانەکانمان بەرەوڕووی دڕندەترین دژمن وەستاونەتەوە، بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئایینی و، هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕاگەیاندنەکان هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی ڕەوشەکە هێور بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان و بریندارکردنی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە و سووتاندن و بەردبارانکردنی بارەگاکان سیمای مەدەنیانەی گەلی کورد دەشێوینێت، دەرەنجامی پشێوی و ئاڵۆزییەکانیش تەنها لە بەرژەوەندی دوژمنانی کورد و کوردستانە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
