راگەیەندراوێک لە فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتییەوە: رێگە نادەین تاقمێكی گێرەشێوێن، هەڵبكوتنە سەر بارەگای حزبەكان

 راگەیەندراوێک لە فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتییەوە: رێگە نادەین تاقمێكی گێرەشێوێن، هەڵبكوتنە سەر بارەگای حزبەكان
دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیاندنی هاوبەشی هێزی پێشمەرگەو پێشمەرگە دێرینەكان‌و

پێشمەرگە كەمئەندامبووەكان‌و كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكان


گەلی خۆڕاگری كوردستان!

كەسوكاری شەهیدان!

پێشمەرگە قارەمانەكان!

مەدەنیخوازان!


لەكاتێكدا؛ دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا دێت زیاتر دەئاڵۆزێ‌‌و مەترسی جۆراوجۆر لەسەر گەلان‌و دیموكراسی‌و ئازادی هەیە.


لەكاتێكدا پێشمەرگە بەدرێژایی زیاتر لەهەزار كیلۆمەتر، بەرامبەر داعش، شەڕی قارەمانانەی پاراستنی كوردستان‌و ئەزمونە دیموكراسییەكەو سەروماڵی خەڵك دەكات.


لەكاتێكدا؛ پۆل پۆل شەهید لەگۆڕستانەكانی كوردستاندا، كێلی نەمریان بۆ بەرز دەكرێتەوە.. بەداخەوە، چەندین كێشەی نەخوازراو، روی لەگەلەكەمان‌و حكومەت‌و فەرمانبەران كردووە.


لەلایەكەوە، گفتوگۆی لایەنەكان، لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم درێژەی هەیەو هێشتا پرسە یاساییەكان‌و رێككەوتنی سیاسی‌و سازان، وەكو ئامانجی ئەم قۆناغە، نەكراوەتە مژدە بۆ گەلەكەمان، بەڵام ئومێدمان پتەوە، كە هەموو لایەك، بەهەستی بەرزی بەرپرسیارێتی، ئەركە یاساییەكان بگەیەننە دوا ئەنجام ‌و بەسازانیش لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم، كۆتایی پێبهێنن.


هەر لەم كاتەدا، جێگەی داخە، حكومەتی هەرێم، لەلایەكەوە بەهۆی قەیرانی گشتییەوە كە عیراق ‌و كوردستانی گرتۆتەوە، لەلایەكی تریشەوە، بەهۆی كەموكوڕی سیاسەتی ئابورییەوە، دووچاری قەیرانی دارایی بۆتەوەو ئەمەش كاریگەری كردۆتە سەر ژیانی خەڵك‌و بازاڕو كاسبی. بەم هۆیەشەوە، فەرمانبەرو مامۆستایان لەڕێگەی خۆپیشاندانی مەدەنییەوە، داوای مافی پیشەیی خۆیان دەكەن، ئێمەش پشتیوانیانین‌و داوا دەكەین دوا توانای حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچەی خەڵك، بخرێتەكار.


بەڵام.. جێگەی داخە، لەم هەلومەرجەدا، لەشارو شارۆچكەكاندا، هەندێك خەڵكی گێرەشێوێن، لەپەنای خەباتی مەدەنی‌و پەرۆشی ئارام راگرتنی دۆخەكە لەلایەن پۆلیس‌و ئاسایشەوە، رۆژی (8/10/2015) كاتێك كۆبوونەوە (5) قۆڵییەكە لەناو ئوتێلی (گراند میلینیوم-شاری جوان) دەكرا، تاقمێكی گێرەشێوێن، كە هەندێكیان بۆ تاڵانی لەدەرەوەی سلێمانیشەوە هاتبون، بەناوی خۆپیشاندانی سیاسیەوە، بەبێ‌ مۆڵەت، ئاژاوەیەكی خراپیان نایەوە، ئەم رەفتارە پێچەوانەی رەوشتی كوردەواریی‌و دیموكراسییە، كە لەقەڵادزێ‌‌و گەرمیان‌و سەید سادق‌و شارۆچكەی تریش، هەروەها لەناو سلێمانیش، رویداوە.


ئێمەی پێشمەرگەی هێزەكانی (70)، كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی، كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان، كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندامانی سەنگەرو كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكان، وەكو ئەركی نەتەوەیی‌و دیموكراسی‌و یاسایی سەرشانمان، بەم بەیاننامە هاوبەشە رایدەگەیەنین، كەوا:


یەكەم: پشتیوانی خەباتی مەدەنی‌و داخوازی پیشەیی‌و دیموكراسی رەوای مامۆستاو فەرمانبەرو جەماوەرین.


دووەم: ئاژاوەگێڕی، دژی سەروەری یاساو بەدیهێنانی مەدەنیانەی مافی خەڵكە؛ بۆیە، رایدەگەیەنین كە بەهیچ شێوەیەك رێگەنادەین تاقمێكی گێرەشێوێن، هەڵبكوتنە سەر بارەگای حزبەكان، یان داوو دەزگاكان، یا وەكو ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكبدەن. ئەم جۆرە رەفتارانە، دژی دیموكراسییە. دژی ناو‌وناوبانگی گەلەكەمانە لەجیهاندا.. هەروەها، زیانێكی گەورەش لەیەكڕیزی گەلەكەمان بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لەسەنگەرەكانی بەرگری دەدات.. بۆیە، داوامان وایە، دەست لەئاژاوەگێڕی هەڵبگیرێ‌. لەوە زیاتر زیان بەخەڵك‌و حزبەكان‌و خەباتی مەدەنی نەگەیەندرێ‌. ئەگەر بێتودەست لەم ئاژاوە گێڕییە، هەڵنەگیرێ‌، بێگومان پێچەوانەی ویستی خۆشمان بێ‌، كاردانەوەمان بۆ پاراستنی ئارامی خەڵك‌و داو‌و دەزگاكان‌و بارەگای حزبەكان دەبێ‌.. هەرگیز رێگەنادەین، لەسایەی دیموكراسی‌و خەباتی مەدەنیدا، یاسا پێشێل بكرێ‌. سەروسامانی خەڵك بكەوێتە بەر هەڵچونی ئاژاوەگێڕان.. ئومێدەواریشین، هەموو لایەك لەپەیامی دڵسۆزیمان تێبگات‌و پەیڕەویشی بكات، ئۆباڵیش لەئەستۆی ئەوانەی سەركێشی دەكەن‌و ملكەچی یاسا نابن.


بۆ پێشەوە بەرەو


*سەركەوتنی پێشمەرگە بەسەر داعشە دڕندەكان


*سڵاو لەشەهیدان.


*بەرقەراربێ‌ ئارامی‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی.


1-فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی حەفتا

2-كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

3-كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان

4-كۆمەڵەی پێشمەرگە كەمئەندامەكانی سەنگەر

5-كۆمەڵەی رێكخستنە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


10/10/2015


8ی ئۆکتۆبەر چی فێری گۆڕان کرد؟
ناسک سعید
ئەو تەنگەژە سیاسیەی ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەبیندرێت لە ئەنجامی بەلارێدابردنی بەرنامە و ستراتیژییەتی ئایندەی ئەم میللەتەوەیەو، بەهۆی دروستکردنی چیرۆکی سیاسیانەی بەرژەوەندیخوازانەی هەندێک سەرکردەی سیاسیەوە دروست بووە.
هەروەك چۆن پێشتر لە 17 شوباتدا لەژێر ناوە جیاوازەکاندا، ویستیان دەمامکی خۆیان بشارنەوە و سوود لە هاندانی جەماوەر وەربگرن و ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاراستەی ئاژاوەگێری و دروستبونی نائارامی سلێمانی بەرن. بەهەمان شێوەش لە 8ی ئۆکتۆبەردا هەمان سیناریۆیان دووبارەکردەوە، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر نامەنتیق و ناعەقڵانی، هەروەک دەیانەوێت پرۆژەکەی ئێران تەواو بکەن بۆچی بەم شێوەیە دەیانەوێت گەمەی سیاسی بکەن؟ بزوتنەوەی گۆران باش لەوە تێگەیشتوە کە ناتوانێت لەبەرامبەر سیاسەتی پارتیدا گەمەیەکی براوە بکات، هەربۆیە وەک هەموو گەمەکانی تر بە دۆراوی لێی دەردەچێت، بەڵام بۆ شاردنەوەی شکستەکانی پەنا بۆ جوڵاندنی هەستی جەماوەر دەبات و شەقامی سلێمانی دەشڵەقێنێت، بێگومان لەم کارەشدا بە هاوکاری یەکێتی نیشتیمانی دەیکات هەرچەند هاوپەیمانی زارەکی لەنێوانیاندا هەیە بەڵام لەبەرامبەر پارتیدا دەبنە دۆست هاوپەیمانی لەمێژینەی یەکتر.
بزووتنەوەی گۆران و هاوپەیمانەکانی ئێستا لە سیاسەتی پەلەقاژەکردندان لەبەرامبەر پارتیدا، دەیانەوێت چرکەیەک درەنگتر مەرگی سیاسەتی خۆیان ببین و درەنگتر ئەو هەواڵە بە لایەنگرەکانیان بدەن، زوو لەوە تێگەیشتوون سیاسەتکردن لەبەرامبەر پارتیدا پیاوی مەرد و ژیری دەوێت، بە کەسێک ناکرێت کە ئەجێندا و پرۆگرامی پارتەکەی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا نەبێت.
8ی ئۆکتۆبەر ئەو راستیە تاڵە بوو گۆڕان و هاوپەیمانەکانی توشی شۆک کرد بەجۆرێک پێشبینی ئەوەیان دەکرد پارتی تەسلیمی عەقڵی ئەوان بێت، و هاندان و کۆکردنەوەی جەماوەر لەدژی پارتی دەبنە فاکتەر بۆ ناچارکردنی پارتی کە چۆک لەبەردەم خواست و داواکارییەکانی ئەواندا ببات، بەڵام ئەوەیان لەبیرچوو بوو ئەو جەماوەرە بۆ دەربرینی بێ متمانەیی بە خۆیان لە دەرەوەی سلێمانیەوە هاتوون،و لەبەرامبەریشدا ئەوانیش بە تاقەکردن و سوکایەتی پێکردن بەرێیانکردن.
فەرهەنگی سیاسیانەی گۆڕان، فەرهەنگێكە پڕاوپڕە لە فەوزا و ئاژاوە دروستکردن. هەمیشە لەو کاتانەی توشی قەیرانی ناوخۆی و دەرەکی دەبێت، بابەتێک دروست دەکات بۆ ئەوەی شکست و کەموکورییەکانی خۆی پێ بشارێتەوە. هەوڵ ئەدات بابەتێک بخوڵقێنێت کە نیشانی جەماوەرەکەی بدات هەردەم لە تازەگەریدایە، بۆیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەی پەنا بۆ دروست کردنی فەوزای میدیایی و شەقام دەبات، ئاشکرایە ئەو دوو رەهەندە دەتوانن راستەوخۆ کاریگەری خۆیان دروست بکەن و پێویستی بەکاتی زۆر نابێت، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنە ئەوەیە کە بۆچی یەکێتی نیشتیمانی بە کوێرانە دوای ئەجێندای ئەم پارتە کەوتوە؟ هەرچەندە هەردووکیان یەک ئامانجی هاوبەش کۆی کردوونەتەوە، بەڵام بچوکی یەکێتی وای لە گۆڕان کردووە خۆی بکات بە خاوەن شار و بریاردەر، دەبێت گۆڕان ئەوەشی لا روون بێت کە گەمەکردن لەگەڵ سیاسەتی پارتی نیشانەی سەر لەبەردانیەتی و پەلەقاژەکردنی مەرگیەتی لەناو فەزای سیاسەتکردنیدا.
Top