د. عەلی تەتەر: گۆڕان هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی دەدات..سهبرو تهحهمولیش سنووری خۆی ههیه
(د. عەلی تەتەر) بەرپرسی لقی 10ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەو هەواڵانەی حزبەکەی نۆشێروان مستەفا و کەناڵە درۆزنەکەی کەیئێنئێن و ئێنئاڕتی بڵاویان کردەوە، گوایە لە سۆران مەکۆی گۆڕان تاڵان کراوە، هیچ شتێک بۆی نەبووە و یەک پەڕەکاغەز تاڵان نەکراوە، پاش ئەوەی درۆکەیان ئاشکرا بوو، بەرپرسی مەکۆکەی سۆرانیان رایگەیاند، بارەگای ئێمە تاڵان نەکراوە بەس شکۆمان تاڵان کراوە، سوپاسی دەزگاکانی ئەمنی لە ناوچەکە کرد، ڕایانگەیاند بەس شکۆی ئێمە شکاوە، ئەوان کوا شکۆ و سەروەرییان هەبووە، چ شەهیدێکیان هەبووە، چ دەورێکیان هەبووە و لەو شەڕانەی کراوە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان، جگە لە تێکدان، ئەوان دەیانەوێت فتنە و ئاژاوە لەم وڵاتە بڵاو بکەنەوە، هەق وایە ئەمجارە خەڵكی هەرێمی کوردستان لێیانی قەبووڵ نەکا ئەوەندە درۆ بکەن، بۆ ئەوەی چیدیکە ئاژاوە و فیتنە نەنێنەوە لە هەرێمی کوردستان."
گوتیشی: "ڕاستە خەڵکی سۆران ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە حەوزی سۆران زۆر تەنگاو بوونە، کە تەماشا دەکەن لە ناوچەکانی دیکە بارەگاکانی ئەوان دەسووتێنرێن، ناوچە و ڕێکخراوەکانی پارتی چ گوناحێکیان هەیە، ئەوان چ دەورێکیان هەیە! ئەگەر کەرب و کینە نەبێت لە پارتی، لەبەر ئەوەیش کۆنترۆڵکردنی ئەندام و لایەنگرانی پارتی سنووری خۆی هەیە، ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین و ئەوە ئەخلاق و پڕەنسیبی ئێمە نیە، ئەندامانی ئێمە شتێک بکەن، حزبی نهوشیروان و ئەندام و لایەنگرانی و هەندێک لایەنی دیکە تەڵەیان داناوەتەوە و نابێت ئەندامانی ئێمە بەو تەلەوە ببن، لەو باوەڕەداین هیچ ئاژاوەیەک دروست نابێت و ڕێگە لە هەر کەسێک دەگیرن کە ئاژاوە بنێتەوە، داوا و راسپاردەی ئێمە لە خەڵکی ناوچەکە ئەوەیە ئارام ببن و دان بەخۆدا بگرن و داوایش لە لایەنەکانی دیکە دەکەین کە بزانن پارتی خاوەن گەورەترین جەماوەرە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بێگومان سەبر و تەحەمولیش سنووری خۆی هەیە."
