جه‌له‌ولا..پێشمه‌رگه‌ له‌و شوێنانه‌دا هه‌ن..گەڕاندنەوەی ئاواره‌كان بووه‌ بە کارێکی حزبی و شەخسی!

جه‌له‌ولا..پێشمه‌رگه‌ له‌و شوێنانه‌دا هه‌ن..گەڕاندنەوەی ئاواره‌كان بووه‌ بە کارێکی حزبی و شەخسی!
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی لە جەلەولا دەڵێ ئێستا هێزی پێشمەرگە لە جەلەولا، گەیشتووەتە ئاخر شوێن؛ ئیتر بۆ كوێ پێش كەوێ؟ خۆ ئەو شوێنەی پێشمەرگەی لێیە زۆر ستراتیژیە و هیچ پێشڕەویەك نەكراوە.
میدیاكان لە زاری بەرپرسێكی سەربازییەوە بڵاویان كردووه‌تەوە كە گوایە "پێشمەرگە ناو ناحیەی جەلەولا چۆڵ دەكات و لە ڕەبیەكانی نێوان جەلەولا و سەعدیە جێگیر دەكرێن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەكاریەكاندا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان."
(عامر ڕەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە پەیوەندیی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە، بەڵام خۆ ئێستا هێزی پێشمەرگە لە جەلەولا لە دوا خاڵدایە و گەڕەكی (تەجنید)یش بەدەستی هێزی پێشمەرگەوەیە، سەنگەریش لە پشت (تەجنید)ەوە لێ دراوە بەدرێژایی بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات بۆ (وادحۆسج)، ئەمەیە دوا خاڵی پێشمەرگە. لە پاش ئەم سەنگەرەیش هێزە شیعەکەی خوراسان نزیكەی پێنج سەد مەتر دوورە لە پێشمەرگەوە."
(رەفعەت) ڕوونیشی كردەوە كە "لەلای خۆرئاواش هەمدیسان پیشمەرگە زاڵە و هێزیكی باشیشی لێیە تا دەڕواتە (قەرەتەپە و ڕووباری بوعەیرە)، ئینجایش بازگەی (كۆباشی)ـش بە دەستی پێشمەرگەوەیە. ئیتر هێزی پیشمەرگە بۆ كوێ پیشكەوێ؟ خۆ ئەو شوێنەی پێشمەرگەی لێیە زۆر ستراتیژیە و هیچ پێشڕەویەك نەكراوە."
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی لە جەلەولا گوتیشی: "گەڕانەوەی ئاوارەكانی جەلەولا پەیوەندیی بە بڕیاری سیاسییەوە هەیە، كاری گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بووە بە حزبی و پاشانیش شەخسی. بۆیە پێویستە ئەم لایەنە سیاسییەش پێداچوونەوە بە بڕیارەكانیدا بکات، چونكە خەڵكی ئاوارە لە ڕەوشێكی زۆر خراپدا ده‌ژین."
Top