"خۆپێشاندەرانی بهردهم كۆبوونهوهی پێنجقۆڵی زۆرینهی ههڵسووڕاوی گۆڕان بوون؛ دەیانویست خۆپێشاندەران بجووڵێنن"
(حەیات مەجید پەرخی) ئەندامی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خۆپێشاندان مافێكی سەرەتایی هاووڵاتیانە بەرانبەر بە ناڕازیبوونیان لە هەر شتێك بە تایبەتیش سیستەمی حوكمڕانیی وڵات و دەتوانن بێتە سەر شەقام و ڕای خۆیان دەربڕن، بەڵام هەموو لایەك ئاگادارین كە هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی خراپی داراییدایە و قەیرانی دارایی نزیكەی دوو ساڵە هەموو كوردستانی گرووەتەوە و تەنها ناوچەیەك یاخود كۆمەڵە كەسێكی دیاریكراوی نەگرتووەتەوە, قەیرانەكەش تەنها مووچەخۆرانی نەگرتووەتەوە و هەر لە دووكاندارێكەوە تاكو بەڵیندەریشی گرتووەتەوە."
(پەرخی) ڕوونیشی كردەوە كە: "پێویست ناكات هەندێك كەس خۆیان فڕیو بدهن و بڵێن ئەم قەیرانە بەهۆی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمەوەیە، تاكە هاوبەشی لەنێوان پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و قەیرانی داراییدا ئەوەیە كە هەردووكیان لە هەرێمی كوردستان ڕوویان داوە. ئێمە جگە لە قەیرانی دارایی لە دۆخێكی دژواری ئەمنیدا دەژیین كە سوپاس بۆخوا بە هیمەتی هێزی پیشمەرگە و سەرجەم بەرپرسانی سەربازی تا ڕادەیەك دۆخەكە هێوركراوەتەوە."
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی زەرد ئاماژەیشی دا كە: "هاتنەسەرشەقامی خەڵك زۆر مزیڕ (ناتەندروست)ـە؛ ئەگەر ئەم دەستانەی ئێستای لە پشتەوە بێت، ئەم خۆپێشاندانەی ئەمڕۆی بەردەم هۆڵی كۆبوونەوەی پێنجقوڵیدا كرا زۆرینەیان هەڵسووڕاوی گۆڕان بوون و دەیانەویست خۆپێشاندەران بجووڵێنن, خۆ خەڵك ئەم دەموچاوانە باش دەناسێتەوە كە هەڵسووڕاوی گۆڕان بوون و لەوێ بوون، لەكاتێكدا گۆڕان خۆیان بەشداری حكوومەتن و لەم قەیرانانەدا بەشدارن و كایەكانی وەكو (وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی دارایی و دەستەی وەبەرهێنانیان) لە بەر دەستدایە، بەڵام خۆیان هەر بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە دەیانەوێت خەڵك بێننە سەرشەقام و خۆپێشاندانی خەڵك بەلاڕێدا ببەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی پێ كۆ بكەنەوە. بە داخەوە خۆپێشاندانەكان دەستی سیاسییان لە پشتەوەیە و دەیانەوێت بەو ئاقارەی بەرن كە ئەمڕۆ لە سلێمانیدا بینیمان."
گوتیشی: "كاری هەندێك پەرلەمانتاری گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو لەناو پەرلەمانیشدا كردەنی نەبووە، هەوڵیان نەداوە كارێك بكەن كە لە چوارچێوەی یاسادا بێت. بەڵكو تەنیا لەسەر ڕاگەیاندنەكان كاریان كردووە و زۆر مەسەلەی سیاسی هەیە لە ڕاگەیاندنەكاندا گەورەیان كردووەتەوە و تەنیا مزایەدەی حزبیی خۆیانی پێوە كردووە. پەكکەوتنی لیژنەكانی پەرلەمانیش بە دەرەجە یەك بۆ مزایەدەی سیاسیی حزبەكان و بە تایبەت گۆڕان دەگەڕێتەوە. بەڵام خەڵكی كوردستان زۆر لەمە هۆشیارترە بەم وشە بریقەدارانەیان هەڵبخەڵەتێت."
