لێدوانەکانی عێززەت سابیر، بێبنەمان و خەیاڵێکی پەتین.. سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ داتا وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌

لێدوانەکانی عێززەت سابیر، بێبنەمان و خەیاڵێکی پەتین.. سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ داتا وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان له‌ وه‌ڵامی (عێززەت سابیر) سەرۆکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستاندا ڕایده‌گه‌یێنێ، لێدوانەکانی ئەم پەرلەمانتارە بێبنەمان و خەیاڵێکی پەتین و زیان دەگەیەنن بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. هه‌روه‌ها ده‌لێ، بەپێی رێکارە یاساییەکان بەڕێزیان دەبوایە داوای زانیاری لە وەزارەتمان بکردایە پێش ئەوەی لێدوانی چەواشەکارانە بڵاو بکاتەوە.
ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌ی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:
''وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تەواوی بانگەشە و وتەکانی (د. عێززەت سابیر) سەرۆکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان رەت دەکاتەوە، کە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری ''میللەت پرێس'' لە بەرواری 10/4 دا وتبووی کە گوایا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە مەبەستی سیاسی، 3 ملیار دۆلاری لە ناو بانکێکدا هەڵگرتووە و نایدات بە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی مووچە.
بێگومان لێدوانەکانی ئەم پەرلەمانتارە بەڕێزە بێ بنەمان و خەیاڵێکی پەتین و زیان دەگەیەنن بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. بەپێی رێکارە یاساییەکان بەڕێزیان دەبوایە داوای زانیاری لە وەزارەتمان بکردایە پێش ئەوەی لێدوانی چەواشەکارانە بڵاو بکاتەوە.
هەر بڕەپارەیەک کە وەرگیراوە و گەیشتووەتە بانکی نێودەوڵەتیی کوردستانی، کە لە خشتەی هاوپێچ بە ووردی روون کراوەتەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە و، هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان هەردوو وەزارەتەکەدا بۆ رێکخستن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، داوا لە بەڕێز (د. عێززەت سابیر) دەکەین کە دەستبەجێ داوای لێبووردن بکات یاخود دەبێت بەڵگەی پێوست بخاتە روو لەسەر ئەو ژمارە هەڵەیەی کە بڵاوی کردووەتەوە.
ئەگەر ئەمانەی نەکرد، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دوو دڵ نابێت لە تۆمارکردنی داوای یاسایی دژی ئەو پەرلەمانتارە.
هاوپێچ کورتەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانە بۆ مانگەکانی (حوزەیران تا ئەیلوول)ی 2015 و هەروەها خشتەی بڕەپارەکانە کە وەرگیراوە لە هەناردەی نەوت لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، و دەری دەخات کە بەڕێز (د. عێززەت سابیر) بەمەبەست ژمارەی هەڵەی بڵاو کردووەتەوە تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
بۆ بینینی وردەکاریی پارەی وەرگیراو لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بڕەکانی هەناردەی نەوت، ئه‌م لینكه‌ بکره‌وە:
http://mnr.krg.org/images/pdfs/Response%20to%20MP%20Sabir%20Kurdish.pdf
Top