ئه‌فسه‌ران و سه‌ربازانى كورد سوپاى عێراق جێ ده‌هێڵن و ده‌بنه پێشمه‌رگه
سوپای عێراق، له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس (9ی نیسان / ئه‌پریلی 2003)، به به‌شداریی سه‌ره‌كیی كورد، دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى دامه‌زرایه‌وه. به گوێره‌ی ده‌ستوور، 8%ى ئه‌و سوپایه ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌كانى كورد بوون، به‌ڵام به هۆى جێهێشتنى ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه كورده‌كان، ئێستا ڕێژه‌ى كورد له‌و سوپایه‌دا زۆر كه‌می كردووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منیى باڵا له سوپاى عێراق ئاشكراى كرد، کەوا ڕێژه‌ی كورد له سوپای عێراقدا به ته‌واوى به‌ره‌و كۆتاییه و تا دێش ڕێژه‌كه زیاتر كه‌م ده‌بێته‌وه. تا ئەو ئاستەی به‌رپرسانى كورد له‌و سوپایه‌دا به ته‌واوى په‌راوێز خراون، دوو پۆستى گه‌وره‌ى سیادییش كه شوێنه‌كانیان به‌تاڵ بووه، كه یه‌كیان سوپاسالارى عێراق و ئه‌وه‌ى دیكه‌ش بریكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆیه و پشکی کورد بوونە، نادرێنه‌وه به كورد، هاوکات له هه‌ر لیوا و فه‌وجێكى ئه‌و سوپایه‌ش، به‌رپرسێكى كورد هه‌بێت، له سه‌رووى ئه‌وه‌وه به‌رپرسێكى عه‌ره‌ب داده‌نرێت، ئه‌وه‌ش وای كردووه ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه كورده‌كان به ژماره‌یه‌كى زۆر، سوپاى عێراق جێ بهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمى كوردستان.
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه ڕاشی گه‌یاند، به‌رزكردنه‌وه‌ى پله بۆ ئه‌فسه‌ر و به‌رپرسه كورده‌كان به‌ته‌واوى له‌و سوپایه‌دا ڕاگیراوه، به‌وه‌ش ئه‌و ئه‌فسه‌ر و پله‌دارانه‌ى عه‌ره‌ب، كه پێش ئێستا له‌ژێر فه‌رمانى به‌رپرسه كورده‌كان بوون، ئێستا ئه‌وان پله‌كانیان به‌رزتره، بە جۆرێک خه‌ریكه كۆتایی به به‌رپرسانى كورد دێت له‌و سوپایه‌دا.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكراشى كرد، سوپاى عێراق پێش ڕووداوەکەى كه‌وتنى موسڵ 14 فیرقه‌ى هه‌بووه و به‌رپرسه كورده‌كان له چه‌ند فیرقه‌یه‌ك باڵاده‌ست بوون، به‌ڵام ئێستا ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر هیچ فیرقه‌یه‌كدا نه‌ماوه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ئه‌منى له په‌رله‌مانى عێراق گوتی: ئێستا كورد و به‌رپرسه‌كانى له سوپاى عێراق به ته‌واوى په‌راوێز خراون و ژماره‌یه‌كى زۆریش ڕیزه‌كانى ئه‌و سوپایه‌یان جێ هێشتووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌رێمى كوردستان و گوتى: «چاوه‌ڕوانیى كورد بۆ ئه‌وه‌ى له به‌غدا مافه‌كانى وه‌ربگرێت، ته‌نیا كات كوشتنه و هه‌ریه‌ك له حكوومه‌تى مالیكى و عه‌بادى وه‌كو یه‌كن و هه‌وڵى په‌راوێزخستنى كورد ده‌ده‌ن».
هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، چه‌ندین پۆستى ئه‌منى و سیادى له عێراق كه به‌شى كورد بوونه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له‌وانه وه‌كیلى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق و سوپاسالارى عێراق و گوتیشى: « كۆمه‌ڵێك پۆستى دیكه‌ش هه‌ن له خوار ئه‌وانه‌وه كه سیادى و ئه‌منى بوون، به‌ڵام تا ئێستا نه‌دراونه‌ته‌وه به كورد، كه ئیستحقاقى نه‌ته‌وه‌یی بوونه و له ده‌ستووردا یه‌كلا بوونه‌ته‌وه».
لاى خۆیشیەوە فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌میندار و وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، كه ژماره‌یه‌كى زۆر له ئه‌فسه‌ر و پله‌دار و سه‌ربازى سوپاى عێراقى هه‌ر له دواى كه‌وتنى موسڵ و تا ئێستاش، به به‌رده‌وامى په‌یوه‌ندییان به وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه كردووه و ئه‌وانیش وه‌ریانگرتوون و گوتى: «هیچ كه‌سێكمان ڕه‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه و هه‌موویانمان وه‌رگرتووه، هه‌ر ئه‌فسه‌ر و په‌له‌دارێكى ئه‌و سوپایه‌ش په‌یوه‌ندى به وه‌زاره‌ته‌وه بكات، وه‌رى ده‌گرین».
