د. كه‌مال كه‌ركووكی: هێزه‌كانی پێشمه‌رگه داعشیان تووشی هیستریا كردووه
(د. كه‌مال كه‌ركووكی) به‌رپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "غه‌ره شوێنێكی ستراتیژی و به‌رزه و، تیرۆریستانی داعش زۆر هه‌وڵیان دا و هێزیان بۆ كۆ كردبووه‌وه كه بیپارێزن و، له‌وێوه‌وه هێرش بکەنە سەر شوێنەکانی دیکەی پارێزگای کەرکووك، به‌ڵام پێشمه‌رگه سه‌ربه‌رزه‌كانی كوردستان له‌سنووری میحوه‌ری ڕۆژئاوای كه‌ركووك هه‌ریه‌ك له لیوای (108) به‌سه‌ر په‌رشتی برای خۆشه‌ویست (مام غه‌فوور و كوره‌كانی و لیوا نه‌سروڵڵا ) له‌گه‌ڵ برازاكه‌ی و لیوای (10) به‌سه‌رپه‌رشتی برای به‌رێز (سه‌عدی عه‌لی بڕنۆ) و (عەمید حەسەن سەعید عەلی) مامۆستا عەمید خالید و یەکە یەکەی بەرپرس و پێشمەرگەکان لە لیوای (١٠) و لیوای (١٠٨) كه ڕۆلێكی زۆر گرنگیان هه‌بوو و، ئه‌و به‌رزاییانه‌یان له تیرۆریستانی داعش پاك كرده‌وه."
به‌رپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك ده‌یشڵێ: "له 30/9وە ئا ئه‌مڕۆ تیرۆریستانی داعش (١٣١) مووشه‌كیان له غه‌ره داوه، به‌ڵام پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان زۆر مه‌ردانه به‌رگرییان كردووه؛ ئه‌مڕۆیش گورزێكی وایان له داعش دا به هاوكاری فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان كه هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش هه‌بوو له ڕێگه‌ی هه‌واڵگرییه‌وه كه ئیدی بێوه‌ری بن و نه‌توانن جارێكی دی بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و شوێنانه."
له ئاكامی ئه‌و گورزه‌ی پێشمه‌رگه له داعشی وه‌شاند، وێڕای كوشتە بریندراێكی زۆر له دوژمن، به‌ره‌ودوا ڕایان‌كرد و تۆپهكانیشیان سووتا و، باره‌گاكانیشیان لێ خاپوور كرا؛ بۆیه تیرۆریستان ئێستا تووشی هیستریا بوونه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن غه‌ره داگیر بکەنەوە، به‌ڵام پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان هه‌موویان ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان بۆ مێژوو تۆمار كردووه كه هه‌رگیز له‌بیر ناكرێ.
(د. كه‌مال كه‌ركووكی) باسی له‌وه‌ش كرد كه:" ناوچه‌ی سهیدخهلهف و ئه‌و سنووره ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی و سه‌خته؛ له‌وێ ئۆتۆمبێلێکی زۆر مینڕێژ ده‌كرا؛ (كاكه مهد) بەرپرسی بەرگری و فریاکەوتن و هەردوو ئامرلیواکەی هێزەکە، ڕه‌مه‌زان و عومەر و، یەکە یەکەی پێشمەرگە سەربەرزەکان لە بەرگری و فریاکەوتن ڕۆڵێكی به‌رزیان بینی و، توانییان ههڵیانبتەكێنن و له بنه‌وه نه‌یانهێڵن بۆ ئه‌وه‌ی تیرۆریستان نه‌توانن جارێکی دی سوودی لێ وه‌ربگرن."
(كه‌ركووكی) باسی له ڕۆڵی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانیش كرد و گوتی: "هێزه‌كانی پشتیوانیی یه‌ك و دوو ڕێزدار (سیهاد بارزانی و لیوا ڕوكن مه‌ریوان محه‌مه‌دئه‌مین) ڕۆڵێكی زۆر باشیان بینی و، شایه‌نی سوپاس و ده‌ستخۆشین كه به‌رده‌وام تیمه‌كانیان لە کاردانە و، زۆرجاریش ڕووبه‌روو ده‌بنه‌وه له‌گه‌ڵ مین و شه‌هید و بریندار ده‌بن؛ تۆپخانه‌كانیان زۆر كاران، پێشتر و ئه‌مڕۆ و دوێنێ و ئه‌م ئێواره‌یه پشتیوانیی یه‌ك له غه‌ره و مه‌نسووریه ڕۆڵی زۆر گرنگیان بینی و، پشتیوانیی دوویش له ناوچه‌ی سهیدخهلهف و گونده‌كانی كوازكورد و کوازعارەب و سه‌ده و محهمهدخهلیل و خهڕەتئدریس و، ده‌ورێكی گه‌وره‌یان بینی، كه ده‌بێ مێژوو به جوانی بۆ ئەم دوو هێزە تۆماری بكات. لە گوبێبەیشدا هێزی پارتیی ئازادی كوردستان ده‌ورێكی باڵایان هه‌یه، لیوای ١١ و لیوای (٥) و لیوای (١٢٦) و فه‌رمانده‌یی كه‌ركووك له‌م ناوچانه پشتی تیرۆریستانی داعشیان شکاندووە و، بێئومێدیان کردوونە. لێرەوەیش دوبارە ڕێز و حورمەتی بێ‌سنوور بۆ گیانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانی پێشمەرگە دلێرەکانی کوردستان."
