حکومەت 7 رۆژی بۆ كوردانی ئێزدی کردە پشوو

حکومەت 7 رۆژی بۆ كوردانی ئێزدی کردە پشوو
بەهۆی هاتنی جەژنی جەمای کوردانی ئێزدی، حكومەتی هەرێمی كوردستان 7 رۆژی كردە پشووی فەرمی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی كوردانی ئێزدی لەسەرتاسەری کوردستان.
سەردار قوربانی، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " بەهۆی هاتنی جەژنی جەمای کوردانی ئێزدییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان حەوت رۆژی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی کوردانی ئێزدی، لە رۆژی چوارشەممە 07-ی تشرینی یەکەمی 2015 تاوەکو رۆژی سێشممەی داهاتوو 13-ی تشرینی یەکەمی 2015 دیاریکرد".
سەبارەت بەوەرگرتنی ئەو پشووە سەردار قوربانی گوتی " بەپێی بڕیاری ژمارە 16-ی ساڵی 2010 ی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ساڵێك بە بۆنەی جەژنی جەماوە پشووی فەرمی دەبێت بۆسەرجەم فەرمانبەرانی ئێزدی لە دامودەزگا فەرمییەکانی حكومەتی هەریمی كوردستان".
هەموو ساڵێک کوردانی ئێزدی، یادی جەژنەکەیان دەکەنەوە کە بە جەژنی "جەما" ناسراوە و تێیدا کوردانی ئێزدی دەچنە پەرستگای لالش و رێوڕەسمە ئاینییەکانیان دەگێڕن.
ئەم جەژنە لەكاتێكدا كە بەشی زۆری كوردانی ئێزدی بەهۆی هێرشی داعش لە نێوەڕاستی ساڵی 2014 ەوە بۆسەر شنگال و دەوروبەری، ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە و لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان ئاوارەن، تاوەكو ئێستاش شنگال كۆنترۆڵ نەكراوەتەوە.
ساڵی رابردوو 2014، كوردانی ئێزدی بەهۆی هێرشەکانی داعش لە شنگال و ناوچەکانی دیکە كە ژمارەیەک هاونیشتمانیان لێ کوژراو ژمارەیەکی دیکەشیان کەوتنە دەست داعش، جەژنی جەمایان نەگێڕا. پەرستگای لالش كە شوێنی گێڕانی جەژنی جەمایە و پیرۆزترین شوێنی كوردانی ئێزدییە، ببوە پەناگەی كوردانی ئێزدی.
Top