بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ و شكستهێنان بە دوژمنێكی دڕندەی وەكو داعش جێگەی شانازییە و مێژوو ئەو رۆڵەی لەبیر ناكات
مەلا محەمەدی ئێنەیى هەروەها گوتی: شەڕەكانی سەلاحەددینی ئەیووبی كە لە ژێر ئاڵای پیرۆزی ئیسلام بۆ رزگاركردنی بەیتولمەقدیس ئەنجام درا، شاهیدی ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەی ئازایەتی گەلی كوردە كە بۆ خزمەتكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی كردووە، ئەو نەبەردییە ئەو كات و ئێستاش بە هیچ سەركردەیەكی عەرەبی نەكراوە. نەتەوەكانی دەوروبەرمان لە عەرەب و تورك و فارس باش دەزانن كە گەلی موسڵمانی كورد بە درێژایی مێژوو لەگەڵ ئاییندا بوون و چ رۆڵێكی گەورەیان لە مێژووی ئیسلامدا گێڕاوە. لە رووی زانایان و كەسایەتییە بەناوبانگەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بە سەدان زانا و مامۆستای گەورەی ئایینیمان هەبووە وەكو سەلاحەددینی شارەزووری و ئیبنوحازم و مەولانا خالید، چەند ساڵێكیش پێش ئێستا مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس لە بیارەمان هەبوو كە لە بەغدا دادەنیشت و ببووە سەرۆكی زانایانی هەموو عێراق و تەنانەت لەبەر گەورەیی و شارەزایی ئەم زانا كوردە موسڵمانە بڕیار وابوو ببێتە سەرۆكی زانایانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم نموونە و بەڵگانە هەموویان ئەو راستییە دەسەلمێنن كە ئەوانەی بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە هێرش دەكەنە سەر كورد، جگە لە رق و كینێكی شۆڤێنی هیچی تریان نییە.
شايانى باسه محەمەدی ئێنەیى هەروەها گوتی: لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) دواتریش لە سەردەمی خەلیفەكانی راشیدین، هەموو كات پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵانی خۆیان پێشڕەو بوون و بەشداری شەڕیان دەكرد و لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بوون. خالیدی كوڕی وەلید و ئەبو عوبەیدەی جەڕاح و سەدان سەركردەی دیاری موسڵمانان سەركردەی فتووحاتی ئیسلام بوون و لە پێشەوەی سوپاكانیاندا بوون. بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو تەمەنەی بە درێژایی هەفتە و مانگ لە بەرەكانی شەڕ ماوەتەوە، بەمەش توانی پێشڕەویی پێشمەرگە بكات و شكست بە دڕندەترین دوژمن بهێنێ. بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ و شكستهێنان بە دوژمنێكی دڕندەی وەكو داعش جێگەی فەخر و شانازییە و مێژوو ئەو رۆڵەی لەبیر ناكات.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئێنەیى هەروەها گوتی: شوێنێكی وەكو هەولێر كە ئەو هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەكی تێدایە، بێ ئەوەی هیچ گرفت و كێشەیەكی مەزهەبی و نەتەوەیی و ئایینی تێدا بێت، جوانترین پەیامە بۆ جیهانی ئیسلام و مرۆڤایەتی، كە بزانن كورد خاوەنی كەلتوورێكی بەرزن و ئاشتی و برایەتی بۆ هەموو نەتەوە و ئایینزاكان دەوێت، ئەمەش وایكردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان هەموویان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، ئەمە جێگای شانازییە و بەڵگەیە بۆ سینگفراوانی نەتەوەی كورد كە رێزی لە تەواوی نەتەوەكان و ئایین و ئایینزاكان گرتووە، لەلایەكی دیكەوە ئەو هەموو ئاوارە عەرەبەی لە بارودۆخێكی دژوار و ناڕەحەتییەكی گەورەدا روویان لە كوردستان كردووە، بێ ئەوەی كەس سووكایەتیان پێ بكات، بگرە بە پێچەوانەوە رێزگرتن و پێشوازیكردن لێیان بووەتە هەوێنی پێكەوەژیان، پاراستنی ئەم لێبووردەیی و پێكەوەژیانە بۆ رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردەكانی دیكە دەگەڕێتەوە كە وایكردووە بە عەقڵانی و مرۆڤایەتی بڕواننە ئایین و ئایینزاكانی كوردستان، بگرە پێشوازی لە لێقەوماوانی شەڕی تائیفی لە عێراق و ناوچەكەش بكەن. نەبوونی دەوڵەتی كوردیش بۆ ئەو ستەمە مێژوویی و زوڵمە دەگەڕێتەوە كە دەرهەق بە گەلی كورد كراوە، پێش هەموو شتێك دەبێت، پەنا بۆ خودا بەرین و دواتر ئەو ئاشتەوایی و پێكەوەژیان و یەكڕیزییەی كورد بكەینە پەیامی بە دەوڵەت بوون و بیگەیەنینە جیهانی پێشكەوتووی مرۆڤایەتی .
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1044)
