عێراق میراتی سیاسەتی حوكمڕانە ديكتاتۆرەكانەو هەر لایەنێكی سیاسی دەیەوێت خواستی خەڵك بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنێت

عێراق میراتی سیاسەتی حوكمڕانە ديكتاتۆرەكانەو هەر لایەنێكی سیاسی دەیەوێت خواستی خەڵك بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان فازل سامر سەرۆكی یەكێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق گوتی: عێراق میراتێكی بۆماوەیی دێرین و لە مێژینەی سیاسەتی ئەو حوكم و دیكتاتۆرانەیە كە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتبووە دەست، یەكەمیان سیاسەتی چەوتی سەدام حوسێن، دووەمیان سیاسەتی داگیركاریی، سێیەمیشیان سروشتی پێكهاتەی سیستەمی سیاسیی وڵات كە دوای رووخانی سەدام و رۆیشتنی هێزی داگیركەر هاتە ئاراوە، ئەو پێكهاتە تایفەگەرییەی كە لەسەر بنەمای پشكایەتی بنیادنرا، كە دەرئەنجام كۆمەڵێك سیاسەتوان پەیدابوون و حوكمڕانیی عێراقیان گرتە دەست كە بە حەڵاڵ و بە حەرام و لەسەر حیسابی هاووڵاتیان خۆیان دەوڵەمەند كرد، ئەم كردارە بووە هۆی ناسەنگیی لە هاوكێشەكان و پەكخستنی چالاكی و پڕۆسەی پەرەپێدانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری لە وڵاتدا، ئەمە وێڕای ئەوەی كە كاریگەریی راستەوخۆی هەبوو بۆ سەر شێواندن و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی دیموكراسی كە دەستوور بۆ بنیادنانی عێراقێكی نوێ دەست نیشانی كردبوو، دواتر بووە هۆی هێنانەكایەی رەوشێكی نەخوازراو بە ئاراستەی ململانێ لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندیی تایبەتی، ئێمە لە ئێستادا رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەتەوە، قەیرانی دارایی و سیاسی و ئەمنی و رۆشنبیری كە وا دەخوازن چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.


فازل سامر هەروەها گوتی: ئێمە بینیمان لە بەهاری عەرەبیدا، جەماوەر رادەپەڕێت و داوای مافەكانی خۆی دەكات، كەچی دەبینین هێزە سیاسییەكانیش بە ئۆپۆزسیۆنەوەش هەر یەكەیان لە هەوڵێی ئەوەدایە پارچەیەك لەو كێكە ئامادەیەی بەربكەوێت، بۆ نموونە لە تونس ئەمە روویدا كاتێ ئیسلامییەكان گەیشتنە دەسەڵات، هاوكات لە میسریش ئەمە هاتە ئاراوە، بۆیە من بەدووری نازانم كە رەنگە مافیاكان و عەشیرەتەكانیش بێنە نێو پڕۆسەكەو دواتر كارەساتی بەدوادابێت، ئێمە داوای جێبەجێكردنی داخوازییە راستەقینەكانی خەڵك دەكەین، بۆ نموونە لەم چەند ساڵەی رابردوودا بینیمان چۆن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان ململانێی زۆر ئەنجامدرا لە نێوان هێزو حزبە سیاسییەكان بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر و پۆست و سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردنی كاروباری ئەو پارێزگایانە، دیارە مەبەستی سەرەكیش لەمەدا خزمەتكردنی خەڵكەكە نەبوو بە قەدەر ئەوەی هەوڵدان بوو بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت و سوودی ماددی و سیاسی، بۆیە من پێموایە سەركەوتنی ئەم جۆرە پڕۆسانە تەنیا لە دانان و هەڵبژاردنی كەسانی شیاوو بەتواناو شارەزا سەردەگرێت، لەو خۆپیشاندانەدا زۆر شتی نەرێنی و نەخوازراومان بینی كە مەبەست تەنیا بەلاڕێدابردن و چەواشەكاری بوو تاكو ئامانجەكانیان نەپێكن، لەوانە تەشقەڵەكردن بە خۆپیشاندەران و گوشارخستنە سەریان تەنانەت رفاندنی كەسانی بەتوانا كە پێشەنگی ئەو خۆپیشاندانانە بوون.

شايانى باسه سامر هەروەها گوتی: من لەگەڵ ئەو كەسانەدا نیم كە وا دەزانن كەسایەتیی تاكی عێراقی بەگشتی تا رادەیەك حەز لە ململانێ و توندو تیژی یان دابەشكاریی تایفەگەریی دەكات، رەنگە لە ناهۆشیاریی هەندێ كەسەوە بێت، بەڵام لە راستیدا تاكی عێراقی حەز لە مەدەنییەت دەكات، سەرەڕای ئەو هەموو شەپۆلە ئازارو مەینەتییانەی دووچاری بوونە، بەڵام هەر حەز بە پێشكەوتن و بنیادان و ژیانی لێبووردەیی دەكات، بۆیە من پێوایە ئەو خۆپیشاندانانە 20%ی ئەو ململانێیە تایفەگەرییەی نەهێشتووە لەبەر ئەو دروشمە هاوبەشانەی كە بەرزكراونەتەوە كە لە كۆتاییدا بۆ سوودو بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكانە، هەروەها من سەردانی شەقامی موتەنەببی دەكەم و خۆپیشاندەرانیش لە گۆڕەپانەكان دەبینم، كە دەموچاوی تازەی گەنجان و ئافرەتان و رۆشنبیرانیان تێدایە كە بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا كردووە،ئەوانە پێشتر دوورخرابوونەوە یان پشتگوێ خرابوون، بۆیە كۆمەڵگەی عێراقی لەو هەموو پێكهاتە سیاسی و كۆمەڵایەتییە پێكدێت، چونكە بەبێ بەشداریی ئەو توێژە جیاجیایانە ناكرێ بەردەوام بین و دواجار زیاتر سوود بە پڕۆسەكە بگەیەنن و ئاییندەیەكی گەش بۆ میللەت بێنینە ئاراوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا فازل گوتی:ئەگەر حكومەتی بەڕێز حەیدەر عەبادی نیازی ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازی راستەقینەی هەبێت، بەڵام كەوتۆتە نێو تەڵەی هەندێ لایەنی سیاسی كە پێیان وایە بەم چاكسازیانە زیانیان بەردەكەوێت، كە ئەمەش تا رادەیەكی زۆر پڕۆسەكە دوادەخات، كێشەیەكی دیكە كە لە ئێستادا رووبەڕووی عێراق بۆتەوە ئەوەیە كە چەندین هێزو دەوڵەت بیر لەوە دەكەنەوە كە وڵات پارچەپارچە ببێت و چاویات بڕیوەتە پڕۆسەكەو ئاستەنگ و لەمپەر دەخەنە بەردەم سەركەوتن و بەئاكام گەیاندنی ئامانجەكانی وەكو ئەمریكا و ئێران و توركیاو دەستێوەردانی دەرەكیی ناوچەكە لە كاروباری عێراق، هەندێ لەو دەوڵەتانە رێز لە سەروەریی خاكی عێراق ناگرن، جگە لەمانەش هێزە عەرەبییەكان و هەندێ دەوڵەتی ناوچەكە راستەوخۆ پشتگیریی لە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە دەكەن و هاوكارییان دەكەن، دیارە ئەم دەستێوەردانەش مەبەستی دابەشكردنی عێراقە، ئێمە دژی بەهەرێمبوون نین، بەڵام پێویستە بە سازان و رێككەوتن ئەم جۆرە پڕۆسانە ئەنجام بدرێن، وەك چۆن هەرێمی كوردستان دامەزراوە، كە رەنگە رۆژێك بێت بەغداش ببێتە هەرێمێكی تەواو سەربەخۆ، تا لەو ململانێ تایفەگەرییانە رزگاری بێت، باشترین رێگە بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە یەكگرتنی هەڵوێست و بیروبۆچوونی هەموو هێزەكانە لەپێناو پاراستنی خاك و میللەت، بە پشتبەستن بە یاساو دەستوور لەمیانی چاوخشاندنەوە بە رێڕەوی پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەت لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1044)
Top