سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكان كۆبۆوە
لەم كۆبوونەوەیەدا كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد كە خەمخۆری پێشمەرگە دیلەكان بووە و هەموو هەوڵێكی بۆ پاراستنی كوردستان و تێكشكاندنی دوژمنانی كوردستان تەرخان كردووە و خۆیشی لە بەرەكانی جەنگ ئامادە بووە و سەركردایەتیی شەڕەكان كردووە. كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكان ڕایانگەیاند كە هاتوونە قسەی دڵی خۆیان لەبارەی ئازیزەكانیان لە لای سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن و باسیان لەو دەنگۆ و هەڕەشانە كرد كە لەبارەی پێشمەرگە دیلەكان بڵاو كراوەتەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكان نیشاندا و ڕایگەیاند كە زۆر بە قووڵی لە ئێش و ئازارەكانیان دەگات و، ئەوان كوڕ و برا و ئازیزی منن و ئەوەی لەدەستی بێت بۆ گەڕاندنەوە و ئازادبوونیان دەیكات و كەسوكاری پێشمەرگەكان چ ڕێگەیەك پێشنیار دەكەن و بە چ شتێك قەناعەتیان بێت ئەوەیان بۆ دەكەین كە بە گەڕانەوەی ئازیزەكانیان شاد ببنەوە.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكان ڕاگەیاند كە لەبەرانبەر شەڕی دەروونی و پڕۆپاكەندەی دوژمن بەهێز بن و پێشمەرگە دیلەكانیش قارەمانن و لە ڕێگەی بەرگری لە خاك و نیشتیمان بوونەتە ئەسیری دوژمن. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە گەلی كوردستان دەست بە بەها بەرزەكانی بگرێت، ئەو بەها بەرزانەی كە پێگە و ناوبانگێكی زۆر باشی بۆ كوردستان لە ئاستی جیهانیدا دروست كردووە. گەلی كوردستان مەردانە تۆڵە لە دوژمن دەكاتەوە و سزای تیرۆریستان و تاوانباران و دوژمنانی مرۆڤایەتی دەدات و ئەوەی لەگەڵ داعش بێت و هاوكاریی داعشی كردبێت و بەشداری تاوانەكانی بووبێت، چارەنووسی داعشی دەبێت.
