لە رێگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمەریکا چەک دەداتە ھێزە کوردییەکانی رۆژئاوا
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پرۆژە بڕیاری نوێی جۆزێف سانفۆردی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەمریکای واژۆکرد، کە بەمەبەستی کاریگەرترکردنی رووبەڕووبوونەوەکان لە دژی داعش ئامادەکراوە.
یەکێک لە خاڵەکانی ئەو پرۆژەیە، پێدانی چەکە بە ھێزە کوردی و عەرەبییەکان لە باکووری سووریا، لە رێگەی وشکانییەوە لە عێراقەوە بۆ سووریا، چەکەکەش بەو ھێزانە دەدرێت کە ئێستا لە ناوچەکانی باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) ناوچەیەکی فراوانیان بەدەستە. چاوەڕوانیش دەکرێت ئەو چەکانە لە رێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، رەوانەی رۆژئاوای کوردستان بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت، ھێزە کوردییەکان لە ماوەی داھاتوو پێشڕەوییەکانیان بەرەو رەقەی پایتەختی داعش بەردەوام بکەن و بەرەو پێشەوە بچن.
لە کۆتایی مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بە بەشداریی شاندێکی باڵای ئەمنی و سیاسیی ئەمریکا ئەنجامدراو.
سەرچاوە ھەواڵییەکان باسیان لەوە دەکرد، کە ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەنجامدانی ھەماھەنگیی زیاتری نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازی پەیەدە و پێشمەرگەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە، بۆ ئەوەی ھێرشی زیاتر بکرێتە سەر داعش.
ساڵح موسلیم ھەفتەی رابردوو لە کۆبانێوە رایگەیاند، کە ئەوان کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ زیاترکردنی ھەماھەنگییەکەیان لەگەڵ پێشمەرگە.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و چەندین ھێزی دیکەی چەکداریی وەک سۆڕۆتۆ و ھێزی جەوھەری لە رۆژئاوای کوردستان ھەن، کە ھەموویان سەر بە پەیەدە و تەڤگەری جڤاکا دیموکراتیک (تەڤدەم)ن.
ھێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوای کوردستانیش، ئەو گەنجە پەنابەرانەی رۆژئاوای کوردستانن، کە روویان لە باشووری کوردستان کردووە و لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راھێنانیان پێکراوە و بە گوتەی بەرپرسانیش، ژمارەیان زیاتر لە شەش ھەزار پێشمەرگەیە. لەماوەی رابردووش بەردەوام یەکێک لە سەردێری میدیاکان، گەڕانەوەی ئەو پێشمەرگانەبووە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
باسنیوز
