ھێرشێکی داعش لەمیحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک تێکشکێندرا

ھێرشێکی داعش لەمیحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک تێکشکێندرا
فەرماندەی ھێزەکانی ئازادی کوردستان ئاشکرای کرد، لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکدا داعش بە ئۆتۆمبێل لە چەند قۆڵێکەوە ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ھێرشەکەیان تێک شکا و زیانیشیان پێ گەیێندرا.

فەرماندەی ھێزەکانی ئازادی کوردستان (حوسێن یەزدانپەنا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "سه‌عات ٢:٣٠ خولەک تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆڵێکەوە بە ئۆتۆمبێلەوە هێرشیان هێنا به‌جۆرێك کە لەھەر قۆڵێکدا چەند ئۆتۆمبێلێک بوون؛ لە گوندی عەتشانە لە نزیک گوبەیبە لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکدا ده‌ستیان کردەوە به‌ هێرش، بەڵام پێشمەرگە بوێرانە ڕووبەڕوویان بوونەوە و بە چڕی بۆردوومانیان کردن و ڕێگەیان نەدان پێشڕەوی بکەن و تێک شکێندران و ئوتۆمبێلێکیشیان به‌ داعشەکانی ناویه‌وه‌ سووتاند."

(حوسێن یەزدانپەنا) گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ ١٥ کەسی عەرەب خۆیان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە کرد و، ئێمەیش بە شێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵەمان لەگەڵ کردن، بەڵام بە داخەوە خێزانێکی شەش کەسی بە ئۆتۆمبێلێک بۆ ئێمە دەھات مینێکیان پێدا تەقیەوە و بەو ھۆیەوە منداڵکیان گیانی لەدەست دا و یەکێکی دیکەیشیان بریندار بوو.

گوتیشی، تیرۆریستانی داعش دوای ئەوەی تێک شکان بەنیازن کاری خۆکوژی بکەن، بەڵام ئێمە له‌ئاماده‌باشییەکی ته‌واوداین.
Top