پێشمەرگە چەند چەکدارێکی داعش دەستگیردەکات

پێشمەرگە چەند چەکدارێکی داعش دەستگیردەکات
هێزی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووک چەند چەکدارێکی داعش دەستگیردەکەن، بەرپرسی میحوەرەکەش دەڵێت " لەنێو سەدان خێزانی عەرەبدا خۆیان حەشاردابوو".

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند " ئەمڕۆ پێنجشەممە نزیکەی 300 خانەوادەی عەرەبی نیشتەجێی شارۆچکەی حەویجە و دەوروبەری خۆیان رادەستی هێزی پێشمەرگە کرد، دوای ناونووسکردنیان 4 چەکداری داعش لەنێویاندا دەستگیرکران، کە لەلایەن پێشمەرگەوە ناسراونەتەوە".

سەبارەت بە دەنگۆی دەستگیرکردنی چەند پێشمەرگەیەک لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی گوتی " هیچ پێشمەرگەیەک لەلایەن داعشەوە دەستگیرنەکراوە، تەنها سێ پێشمەرگە لە مەنسوورییە گەمارۆدرابوون، دواتر بە هەوڵی خۆیان و هاوڕێکانیان دەربازبوون".

رۆژی چوارشەممە 30 ی ئەیلوولی 2015، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك، هێرشێكی بەفراوانیان بۆسەر داعش ئەنجامدا و 17 گوند كۆنترۆڵكرانەوە. دوای دەستپێكردنی هێرشەكەش، ئەكاونتەكانی داعش لە تویتەر هاواریان لێبەرزبووەوە و داوای هاوكارییان لە چەكدارانی گرووپەكەیان كرد لە ناوچەكانی دیكە.





















رووداو
Top