سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: شەهیدکردنی پێشمەرگە دیلەکان پشتڕاست نەكراوەتەوە

 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: شەهیدکردنی پێشمەرگە دیلەکان پشتڕاست نەكراوەتەوە
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە 1 ی تشرینی یەكەمی 2015، راگەیێندراوێكی سەبارەت بە شەهیدکردنی چەند پێشمەرگەیەکی بەدیلگیراو لەلایەن داعشەوە بڵاوكردەوە.

راگەیێندراوەكە ئاماژەی بەوە داوە كە " تا ئێستا راستیی هەواڵەكە پشتڕاستنەكراوەتەوە و بەدواداچوون و لێكۆلینەوە بەردەوامە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی زانیاری دروست لەسەر ئەم بابەتە".

لە راگەیێندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە خەڵکی کوردستان، کە چەکدارانی داعش و ئەوانەی دەستیان لە ئەنجامدانی ئەو کارانە هەیە، بە سزای عادیلانەی گەلی کوردستان دەگەن.

دوێنێ پێنجشەممە 30 ئەیلوولی 2015، گرووپی داعش لە ویلایەتی نەینەوا، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا شەهیدكردنی ژمارەیەك پێشمەرگەی دیلی بە شێوەیەكی دڕندانە و قێزەون راگەیاند.

یەكێك لەو چەكدارانەی پێشمەرگەكان شەهیددەكەن كوردە و بەزمانی كوردی پەیام بۆ خانەوادەی دیلەكان و مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنێرێ، هەروەها هەڕەشەی داگیركردنی هەولێری پایتەخی باشووری كوردستانیش دەكەن.

دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان:

دوێنی لە هەندێك سەرچاوەی راگەیاندن، چەند هەواڵ و گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو كراونەتەوە سەبارەت بە شەهیدكردنی ژمارەیەك پێشمەرگەی بەدیلگیراو لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش .

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا راستیی هەواڵەكە پشتڕاست نەكراوەتەوە و بەدواداچوون و لێكۆلینەوە بەردەوامە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی زانیاری دروست لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام ئەنجامدانی ئەم جۆرە كردەوە نامرۆڤانەیە پێشبینیكراوە لەلایەن تیرۆریستانی داعش، و لە رابردووش نموونەی ئەم تاوانانە هەبووە.

خەلكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە تیرۆریستانی داعش و هەموو ئەوانەی كە دەستیان هەیە لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە دژ بە پێشمەرگە و دیلەكانی كوردستان ، رزگار نابن لە سزای عادیلانەی گەلی كوردستان.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
1/10/2015
Top