پەرلەمانتارێک باسی قۆناغەکانی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەکات
قادر ڕەزگەیی، پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بە باسنیوزی راگەیاند، جگە لەو 14 لیوایەی، کە پێشتر یەکخراون، ھیچ ھەنگاوێکی دیکە بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە نەنراوە ، “وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیان بە ئێمە گوتووە، کە لەبەر ھەستیاریی دۆخەکە و سەرقاڵیی ھێزەکانی پێشمەرگە بە شەری تیرۆرەوە ، نەتوانراوە کار بۆ یەکخستنەوەیان بکرێت”.
ئەو پەرلەمنتارەی یەکێتی پێیوایە، لە یەکەم هەنگاوی یەکخستنەوەیان، دەبێ ئەو حزبانەی پێشمەرگەیان هەیە، “نیەتی ئەوەیان ھەبێت کە ھێزەکانیان بخرێتەسەر وەزارەت”.
قادر رەزگەیی پێیوایە لەمکاتەدا ئەنجامدانی کارێکی لەو جۆرە ئەستەمە، “ھەم بودجە نییە ھەمیش ھەستیاریی دۆخە رێگەنادا جارێ کار بۆ ئەم یەکگرتنەوەیە بکرێت”.
ژمارەیەک لە حزبە کوردییەکانی باشووری کوردستان لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ھێزی تایبەت بە خۆیانن ، کە ھەرلەیەکە لە ھێزەکانی 70 و 80ـی یەکێتی و پارتی زۆرترین ژمارەی پێشمەرگەیان هەیە.
لەسەرەتای دروستبوونی شەری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ـەوە ، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بڕیارێکیدا داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد، کە لە ماوەی شەش مانگدا کۆتایی بە کارەکانی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بهێنن، بەڵام دوای تەواوبونی ئەو ماوەیە، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، کە لەبەر سەرقاڵیی ھێزەکانی پێشمەرگە بە شەری تیرۆرەوە، نەتوانراوە ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی ھێزەکان کۆتایی پێ بھێنرێت.
باسنیوز
