نێچیرڤان بارزانی: ئەو سەرۆکەی لەنێو خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ دەبێ دەستەڵاتی زیاتربێ، چونكه‌ شه‌رعیه‌تی میلله‌تی هه‌یه‌

نێچیرڤان بارزانی: ئەو سەرۆکەی لەنێو خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ دەبێ دەستەڵاتی زیاتربێ، چونكه‌ شه‌رعیه‌تی میلله‌تی هه‌یه‌
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی بژارده‌كانی لایه‌نه‌كانه‌وه‌ دەڵێ" بژاردەکان تۆزێک سەیرن، دەڵێن ئەگەر سه‌رۆك لەنێو خەڵک هەڵبژێردرێ دەستەڵاتی کەمتر دەبێ و ئەگەر لەنێو پەرلەمان هەڵبژێردرێ دەستەڵاتی زیاتری دەبێ، ئەمە دەبێ پێچەوانە بێ، ئەو سەرۆکەی لەنێو خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ دەبێ دەسەڵاتی زیاتر بێ، چونکە میللەت راستەوخۆ شەرعیەتی پێ دەدات.
(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مەڕاسیمی دەستبەکاربوونی پاتریارک گورگیسی سێیەم سڵێوی بۆ مێدیاكان رایگەیاند:" گەڕانەوەی کەنیسەی رۆژهەڵاتی دوای نزیکەی 80 ساڵ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ هەولێر بەلای ئێمەوە وەک هەرێمی کوردستان مانایەکی گەورەی هەیە و لەراستییدا بە هەموو پێوانەیەک ئەمڕۆ بەلای هەرێمی کوردستان و کەنیسەی رۆژهەڵاتی و ئەوانەی پەیڕەوی ئەو کەنیسەیەن، رۆژێکی مێژووییە. ئەوە هۆکاری ئەو سەقامگیریی و پێکەوە ژیان و ئەو تابلۆ جوانەیە کە لەهەرێمی کوردستان هەبووە پێشتر و ئێمە تەمەننا دەکەین بەردەوام بێت.
(نێچیرڤان بارزانی) ده‌یشڵێت، ئەم گەڕانەوەیە نیشانەیەکە لەوەی کە کوردستان شوێنێکە کە دەکرێ پێکەوە ژیانی تێدا بێ، چونکە لەدوای 80 ساڵ کە لە عێراق چوونە دەرەوە ئەمە بۆ جاری یەکەمە بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و بە دیاریکراوی بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هەولێر.
ئەمە سەرەتاییەکی گرینگە بە نیسبەت پەیڕەوانی ئەو کەنیسەیە و بۆ ئێمەیش جێی شانازییە وەک هەرێمی کوردستان و ئەو خەڵکەی لەم هەرێمەدا دەژین کە ئەوەندە باوەڕ دروستبووە لە بەینی ئەو پێکهاتانەدا کە دەتوانن کوردستان وەک شوێنێک ببینن کە دەتوانن لەم وڵاتەدا بە ئاسوودەیی و خۆشی بژین.
سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان گوتیشی، بە گشتی نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار ئاوارەو پەنابەرمان لایە ئەوانەی لە شوێنەکانی دیکەی عێراق و لە سووریا هاتوون.
بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دارایی زۆر سەختدا تێدەپەرێت، ئیمکانیاتی ئێمە سنووردارە و زۆریش سنووردارە وەک هەرێمی کوردستان، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئێمە پێمانبکرێ بۆ ئەم ئاوارانە و ئەوەی لەدەسەڵاتماندا هەبێ بۆ ئەوانەی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە لە رابردوودا کردوومانە و لە داهاتوویشدا دەیکەین.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌یشی دا، بۆڕی نه‌وت تەنیا رێگەیێکە کە هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی دەرەوە دەکات، کاتێک کە ئەم بۆرییە دەتەقێتەوە یان هەوڵدەدرێت لەناو تورکیا نەوتی لێدەربهێندرێ، ئەوە زیانێکی گەورە بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێ ، ئەمانە زیاتر لەناو تورکیا دەکرێ، ئێمە هیوادارین ئەو لایەنانەی بەم کارە هەڵدەستن لەوە تێبگەن کە ئەمە شادەماری بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە.
لەو کارە ناشیرینە کە دوورە لە هەموو پرەنسیپێک وازبێنن و هاوکاربن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم شتانە دووبارە نەبێتەوە، هەوڵەکانی ئێمەیش لەگەڵ حکومەتی تورکیا بەردەوامەو داوامانکردووە کە زیاتر گرینگی بدرێت بە پاراستنی ئەو بۆرییە لەناو خاکی تورکیا.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتیشی، پەیامی جەنابی سەرۆک زۆر روون و ئاشکرایە ئێمە لەڕۆژی یەکەمەوە و ئێستایش هەوڵمانداوە وەکو لایەنێک کە بگەین بە رێککەوتن. هەوڵەکانی ئێمەیش بەردەوام دەبێت و بە دڵنیاییەوە پێمانخۆشە رێککەوتن بکرێت، 6-10 کۆبوونەوە دەکرێت و ئێمە هیوادارین لە 6-ی مانگ یان دوای ئەوەش بگەینە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت.
سه‌رۆكوه‌زیران له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا ده‌یشڵێ، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی شەهرستانی کۆبووینەوە، بەڵام ئەگەر بڵێی پەیامێکی لە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە هێنابێ ، نەخێر هیچ پەیامێکی نەهێناوە، زۆر ئاساییە هاتووچۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا، شەهرستانی وەک نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتبوو بۆ ئەو مەراسیمە.
له‌باره‌ی پرۆسه‌ی چاكسازییشه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان ئاماژه‌ی دا كه‌، ئێمە لە کابینەی هەشتەم و لەیەکەم رۆژی دەسپێکی کابینەکەدا هەوڵمانداوە بە هەندێ بەرنامەوە دەست بەکاری چاکسازی بکەین، بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە کە بەرنامەیەکمان هەبێت و رایبگەیێنین نەخێر شتی وا نییە. وەزارەتەکان یەک بەیەک خەریکی کاری چاکسازین، لەماوەیەکی نزیکدا وەزارەتی دارایی بەرنامەیەکی توکمەی خۆی رادەگەیێنێت، وەزارەتی کار پێشتر بەرنامەی خۆی راگەیاندووە، ئەم جۆرە چاکسازیانە لە هەرێمی کوردستان پرۆسەیێکە و پێویستە و دەبێ بکرێت و دەبێ بەردەوام بێت.
هه‌روه‌ك ده‌یشڵێت، كه‌ بەپێی عورف و یاسا ئەو وەزیرانەی لەناو کابینەی حکومەتدا کاردەکەن، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو لایەنەیە کەدەبێ ئەو بڕیارە بدات کە ئایا ئەمانە بڕۆن بۆ پەرلەمان یان نەڕۆن، ئێمە بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە هەیە سەیر دەکەین وە لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری خۆمان دەدەین کە بڕۆن یا نەڕۆن، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێ رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیان پێبێت لەکاتی چوونیان بۆ پەرلەمان.
پێوه‌ست به‌ مووسڵ ئاشكرای كرد كه‌، بۆ ئێمە مووسڵ گرینگە و پەیوەندی بە ئەمنییەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا پلانێکی جیددی نییە بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ، زیاتر بیر لەوە دەکرێتەوە کە پلان دابڕێژرێ، بە دڵنیاییەوە ئەو رۆژەی ئێمە پلانەکەمان بینی قسەی خۆمان دەبێ وەک هەرێمی کوردستان.
سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی پێنجقۆڵیشه‌وه‌ ده‌ڵێ، بژاردەکان تۆزێک سەیرن، دەڵێن ئەگەر لەناو خەڵک هەڵبژێردرێ دەستەڵاتی کەمتر دەبێ و ئەگەر لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێ دەستەڵاتی زیاتری دەبێ، ئەمە دەبێ پێچەوانە بێ، ئەو سەرۆکەی لەناو خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێ دەبوایە دەسەڵاتی زیاتر بێ، چونکە میللەت راستەوخۆ شەرعیەتی پێ دەدات.
پرسەکە هیچ پەیوەندی بە جەنابی کاک مەسعودەوە نییە و ئەو خۆیشی لە پەیامەکەی خۆیدا ئەمەی زۆر بەروونی ئاشکرا کردووە و باسی لێکردووە، ئێمە هیوادارین بەشێوەیەکی واقعبینانەتر بیر لەم پرسە بکرێتەوە، ئەو واقعبینانە بەو شێوەیە بێت کە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان ئێستا چییە ئەوە بکرێت، ئێمە پێمانوانییە ئەم پرۆژانە تاوەکو ئێستا دەکرێن بەو شێوەیە بێت کە بۆ چارەسەر بێت و پێمانوایە بۆ چارەسەر نییە، بەڵام پێمانباشە گفتوگۆ بکرێت و رێگە چارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ دەرچوون لەم کێشانە.
ئەوەی کە پارتی کام بژاردەی پێباش بێت دامانناوە بۆ کۆبوونەوەکە و لەوێ قسەی لێدەکەین، پشووەکانی جەژنیش هۆکار بووە بۆ ئەوەی تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لێنەدراوەو بەمزوانە بڕیاری لێدەدرێ.
Top