پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان
(سه‌رۆك بارزانی) له‌ په‌یامێكدا ساڵیادی ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستانی پیرۆز كرد و له‌په‌یامه‌كه‌دا رایگه‌یاند: " ئێزگەی دەنگی كوردستان یەكەم دەنگی شۆڕش و پێشمەرگە و كوردایەتی بوو كە كاریگەرییەكی بەرچاوی لە هۆشیاركردنەوەی جەماوەر و گەیاندنی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و پەیامی شۆڕش بە خەڵك بوو."
ده‌قی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان:
بەڕێزان بەڕێوەبەر و كارمەندانی ئێزگەی دەنگی كوردستان
بەبۆنەی پەنجاودووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و هەموو میدیاكارانی كوردستان دەكەم. ئێزگەی دەنگی كوردستان یەكەم دەنگی دلێری شۆڕشی گەلی كوردستان بوو بۆ گەیاندنی پەیامی مەزلوومیەت و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان بۆ هەموو جیهان، لە ڕۆژە سەختەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا.
ئێزگەی دەنگی كوردستان یەكەم دەنگی شۆڕش و پێشمەرگە و كوردایەتی بوو كە كاریگەرییەكی بەرچاوی لە هۆشیاركردنەوەی جەماوەر و گەیاندنی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و پەیامی شۆڕش بە خەڵك بوو. ڕۆڵی ئێزگەی دەنگی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول و گولان و ڕاپەڕین و هەتا ئەمڕۆ ڕۆڵێكی نیشیتیمانپەروەرانە و ڕاستگۆیانە بووە و جێگەی دەستی لە گشت قۆناغەكانی ژیانی گەلەكەمان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا دیارە.
لە پەنجاودوو ساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستاندا هەر ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی خۆشەویست هەیە كە هەر وەك قۆناغەكانی پێشوو و بە گڕوتینێكی زیاترەوە لە ئەركە پیرۆزەكەتان بەردەوام بن كە هۆشیاركردنەوەی خەڵك و بڵاوكردنەوەی هزری نیشتیمانپەروەری و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و سەربەخۆیی كوردستانە.
هیوای سەركەوتنان بۆ دەخوازم
Top