له وتارێكی هه‌به‌ر توركدا: ئه‌و هه‌رێمه‌ی بارزانی دروستی كردووه، ئارامترین ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته
(موحسین) پێی وایه، ئه‌و سێ كه‌سایه‌تیییه، هیچ لێكچوونێكیان له نێواندا نییه، یه‌كێكیان سه‌رۆككۆماری توركیایه و (بارزانی)یش سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه، (ئۆجه‌لان)یش ماوه‌ی 30 ساڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیادا ده‌جه‌نگێت.
ئه‌و له نووسینه‌كه‌یدا تیشكی خستووه‌ته سه‌ر كه‌سایه‌تیی ئه‌و سێ سه‌رۆكه و قسه‌ی له‌سه‌ریان كردووه. سه‌ره‌تا له‌باره‌ی (ئه‌ردۆگان)ه‌وه‌ی نووسیوه و پاشان دێته سه‌ر (بارزانی) و ده‌ڵێت: ئه‌و سه‌رۆكه له‌ناو شه‌ڕدا گه‌وره بووه، له بنه‌ماڵه‌یه‌كی دینداریش په‌روه‌رده بووه و سه‌رۆكێكی زۆر خاكیشه. هه‌روه‌كو چۆن (ئه‌ردۆگان)یش له بنه‌ماڵه‌یه‌كی دینداردا گه‌وره بووه و سه‌رۆكێكی زۆر خاكییه.
به‌ڵام نووسه‌ر، پێچه‌وانه‌ی (بارزانی) و (ئه‌ردۆگان)، ده‌رباره‌ی (ئۆجه‌لان) ده‌ڵێت، كه كه‌سایه‌تیێكی دینداریی نییه و هه‌ر له منداڵییه‌وه كاریگه‌ریی سۆسیالیزمی به‌سه‌ره‌وه بووه.
(موحسین كزلكایه)، ئاماژه ده‌دات به‌وه‌ی كه، باوكی (مه‌سعوود بارزانی) كه مه‌به‌ستی (مسته‌فا بارزانی)ـیه، حه‌زی ئه‌وه‌ی هه‌بووه كه كوڕه‌كه‌ی گه‌وره بێت و به‌شی یاسا بخوێنێت، به‌ڵام كاتێك (بارزانی) چاوی كردووه‌ته‌وه خۆی له‌ناو پۆلێك پێشمه‌رگه‌دا بینییه‌وه و، ته‌مه‌نی زۆر بچووك بووه كه چه‌كی كردووه‌ته شان و، رێگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵبژاردووه. ئه‌و هه‌رگیز له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا نه‌بووه و هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ توندڕۆییشدا نه‌بووه. (بارزانی) ئه‌وكاتانه‌ی له شه‌ڕدا بووه، له هه‌ر كاتێكدا هه‌لێكی بۆ بڕه‌خسابوایه، زوو به‌ڕماڵه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنا و نوێژی ده‌كرد.
نووسه‌ر هه‌روه‌ها باس له میهره‌بانیی (سه‌رۆك بارزانی) ده‌كات به‌وه‌ی، هه‌موو كاتێك به چاوی یه‌كسانییه‌وه ته‌ماشای هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌ی كردووه كه موسوڵمان نه‌بوون و له كوردستان ژیاون. ده‌شڵێت (بارزانی) ئاماده‌یه خۆی بخاته ناو ئاگره‌وه، ته‌نیا میلله‌ته‌كه‌ی له ئاگر به دوور بێت.
ئه‌و نووسه‌ره توركه له به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا دێته سه‌ر (ئۆجه‌لان) و ده‌ڵێت، سه‌ره‌تا وه‌كو سه‌رۆكێكی توندوتیژ ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ی له لایه‌ن حكوومه‌تی توركیاوه ده‌ستگیر كرا، گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ناكرێت كێشه‌ی كورد به چه‌ك چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵكو پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مێزی گفتوگۆ. بۆیه پێی وایه، ئێستا (ئۆجه‌لان)یش له‌گه‌ڵ ئاشتیدایه و له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا نییه.
مه‌به‌ستی نووسه‌ر له‌م نووسینه ئه‌وه‌یه، كه له توركیادا هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا (ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان) له سه‌رۆكایه‌تیی بخه‌ن و، سووكایه‌تی به‌و پۆسته بكه‌ن، له كاتێكدا ئه‌و به ده‌نگی خه‌ڵك بووه‌ته سه‌رۆك و شه‌رعییه‌تی خۆی هه‌یه. بۆیه ره‌خنه له (ده‌میرتاش) ده‌گرێت به‌وه‌ی به‌ر له هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یران له‌ناو په‌رله‌مانی توركیادا گوتی: (ناتكه‌ین به سه‌رۆككۆمار و ناتكه‌ین به سه‌رۆككۆمار). ئه‌و پێی وایه كه، (ئه‌ردۆگان) بوو وای كرد كورد له توركیا هه‌ست بكات كورده و ئازادی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌و بووه وای كردووه له توركیا به كورد بڵێن كورد و به عه‌له‌وی بڵێن عه‌له‌وی، چونكه به درێژاییی 80 ساڵی رابردووی ده‌وڵه‌تی توركیا كوردی له هه‌موو مافێك بێبه‌ش كردبوو، بۆیه ناحه‌قییه‌كی زۆر به‌رامبه‌ر (ئه‌ردۆگان) ده‌كرێت و ره‌خنه‌ی زۆر بێبنه‌مای لێ ده‌گیرێت كه شایه‌نی ئه‌و ره‌خانه نییه.
(كزلكایه) ئاماژه‌یشی داوه كه، ئه‌گه‌رچی زۆرێك ده‌یانگوت: (مه‌سعوود بارزانی) ده‌وڵه‌تی عه‌شیره‌تگه‌رایی له باشوور دروست كردووه و ره‌خنه‌یان لێ ده‌گرت كه ئه‌و ناتوانێت ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی دروست بكات، كه‌چی (بارزانی) ئه‌و هه‌رێمه‌ی كه له باشوور دروستی كردووه، ئارامترین ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، ئایه له ده‌وڵه‌تی عه‌شیره‌تگه‌راییدا شتی وا روو ده‌دات؟ هه‌ر (بارزانی) بوو وای كرد له هه‌رێمی كوردستاندا به ئێزدی بگوترێت ئێزدی و به توركمانیش بگوترێت توركمان، ئه‌و هه‌رگیز وه‌كو سه‌رۆكێكی كورد هه‌وڵی نه‌داوه بۆ سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی كوردستان.
نووسه‌ر ئاماژه ده‌دات كه به داخه‌وه ئه‌وه‌ی هه‌ده‌په به‌رامبه‌ر به (ئه‌ردۆگان) كردی به‌وه‌ی گوتی ناتكه‌ین به سه‌رۆككۆمار، هه‌مان سیناریۆیان بۆ هه‌رێمی كوردستان گوازته‌وه و له‌وێ به (بارزانی)یان گوت ناتكه‌ین به سه‌رۆك. ئه‌و پێی وایه، ئه‌گه‌ر (ئۆجه‌لان)یش له زیندان ئازاد بكرێت و له شوێنێك خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژێرێت، به‌ویش ده‌ڵێن ناتكه‌ین به سه‌رۆك.
